خەستەخانەی جمهوری (مستشفی الجمهوري)...
(گەلە بابەتێکی تێکەڵاوە)
سستەر دەڵێ من جوانم بە ملیۆنێ هەرزانم!
تێکستێ لە بەندێکی گۆرانی بێژ(جەعفەر سەلیمە)لە حەفتاکان.
خەستەخانەی جمهوری بەستایلێکی مۆدێلی ئەودەمی بینایەی ئینگلیزی لە دوای چواردەی تەموز دروست کراو دەبێ هەر لەبەر ژینگەی خەستەخانەکەش بێ غاباتێکی جوانی پڕ لە داری سنەوبەر و یۆکالیپتۆس و ڕێزێک دارخورما و ئەوەی تریش هەمو ڕێڕەوی کۆنکرێت و باغچەی پڕ گوڵی هەمەجۆر و فریز و حەوزی ئاو بو. سەرتاپای باغەکەش دیوار و پەرژینی ئاسنین و دوو دەرگاشی هەبو.
بینایە سەرەکیەکەی خەستەخانە لەدەرگای سەرەکی ڕێگای شەقڵاوە دوو نهۆمی بە بەردی نەقاری تەربیع کراو بو ئەویش دوو دەرگای سەرەکی پێشەوە و پشتەوەی هەبو لە پشت و پێشەوە بە دوو باغچەی چیمەن (فریز)دەورە درابو. لەلای پێشەوەش زوو حەوزێکی پڕ گوڵاوی هەبو کە توانای سوڕانەوەی ئیسعافەکانی هەبو بۆ گەیاندنی نەخۆش و بریندار.
لای دەستە چەپی پێشەوەی زوو عیادەی خاریجی بو. دواوەی ئینعاش و دواتر موختەبەری خەستەخانە و بەرامبەریشی ئیشاعە و تەنیشتی دەستەڕاستیشی مزگەفتێک و بەرامبەریشیان کابینەی سواق یان شۆفێرەکان بو.
لە دواوەی مزگەفتەکەش مەتبەغی مەرکەزی و کۆگای خواردن بو،
بەرامبەر ئەشیعە بۆ دەرگای سەر شێست مەتری باطینیە بو بەرامبەری بۆ کاتێک وەک قسم داخیلی و دواتر بۆ نەخۆشی نەفسی گۆڕدرا.
لە پشتەوانیش طب عەدلی هەبو.
بەرامبەریشیان بینایەکی گەورەتری ئیدارە و موحاسیب و طەبەلەی بو، بۆ وەختێک خەلیل خورشیدی موحاسیب و دواتر شامیلی موحاسیب و مەهدی شێرەی لێبو.
لە دەستە ڕاستی بینایە سەرەکیەکە موختەبەری مەرکەزی بو لەو بەینە یەک دوو ژووری عەمەلیات صغراش هەبو.
ئەوێ بە دیوارێک جیا کرابۆوە دەرگای تێپەڕینی هەبو. بۆ خەستەخانەی ئەطفال (منداڵان) هەولێر.
لای دەرگای حەوشەش پرسگە و ژوری پۆلیسی و ئەفسەری ئێشکگری لێبو.
دیوی پشتەوەی بینا سەرەکیەکە بەلای گەڕەکی کەناسان دار الاطباء یان خانەی دکتۆرەکان بو.
بەڵام هی ستافە کچ و ژنەکان لە نێزیک ئیدارەکەی بەرامبەر مەتبەغ بو.
هەر هەمو ڕێڕەوەکان جادەی قیڕ و بەینەکان کاشی بو هەر هەموشی ئەو بەر ئەوبەری پر داری یۆکالیپتۆس بو لە زستانانی ساردی ئەو دەمی پڕبارانی هەولێرێ موزەمیدەکان و سایەق و پۆلیسەکان ئەڵا خوایی دارلاستیکیان دەگرتە ناو دارەکان و چەند ڕەشۆڵەیەکیان بەردەدایەوە و دەبوە ژەمە خۆراکێکی گۆشتی برژاوی سەر هیتەرەکان.
لەبەر کولتوری پارێزبەندی ئەودەمی کوردستان سەرەتا هەمو سستەرەکان بەغدایی و زۆریان مەسیحی بون لە بەغدا و یان موسڵ و کەرکووک دەهێنران.
زۆریان لێرە جێگیر بون و نەچونەوە بە عارەبی دەدوان تا هەشتایەکانیش هەندێکیان مابون زۆریان خوێندەواریان نەبو! بەڵام لە ئەوپەڕی مەدەنیەت بون لەدەرەنجامی قەڵەوی و ئیشی زۆری بەردەوام و جدییان زۆریان دەوالیان لە پێچکە ئەستورەکانیان هەبو بەحاڵ تەنیا تەوقیعی وەرگرتنی مەعاشی دەزانی و سەرەتاکانی ژمارە و نوسینی فێرببون. بەس لە ئەنجامی مومارەسە هەمو تەبەڵە و ڕاچێت و کارەکانیان دەزانی و فێرببون.
دواتر مەسیحیە سستەرەکانی عەنکاوە هاتن و دوای وان هی شەقڵاوە و کۆیەش لێرە دامەزران.
ئەو سستەرانە بەو کەمە خوێندەواریە بەڵام هەر زوو توانیان نەوەیەکی خوێندەواری دوای خۆیان لە کچ و کوڕەکانیان پەروەردە بکەن بەو موچە چاکەی ئەودەمی لە غەریب حاڵی خەڵکی عەوام وەریان دەگرت و خانوی گەورەی بە باغچەیان بونیات نا.
ستایلی جل و بەرگیان بۆ کار وک ئێستا بێ سەر و بەر نەبو جبە و لەچک و یان صەدریەی بەفەتحە و!
هەموی مەرکەزی بو زۆریشی دروست کراوی بیانی بو.
وەک کەپە سپیەکەی سەر و پرچیان کە بە تۆقە گیر دەکرا. صەدریەک لە شێوەی عەزیەی موەحەد و کالەیەکی سپی بە گۆریەی(گۆرەوی)سپی فلاتی بێ دەنگ نەک وەک پێڵاوی باژنە بەرزی بەتەقەتەقی نەخۆش بێزارکەر. یان وەک ئێستا دوازدە تاک بازنی مەچەک و ملوانکەی لە مل و پەنجەی پڕ ئەنگوستیلەبێ. تەنیا ئەڵقەکەی دەستیان و ئەویش لە کار کردن لە ملوانکەکانیان دەخست.
جوانی سستەرەکان و لە ستایلی جل و بەرگی ڕاقیان زۆر سەرنج ڕاکێش بو بوە مایەی ئەوەی بکەونە سەر زاری گۆرانی بێژەکانی ئەودەم لە حەفتاکان جەعفەر و لە نیوەی هەشتاکان میدیا حوسێن بە گۆرانی سستەرێ گەوهەرێ دوور لەباڵای تۆ وێران بێ خەستەخانە و هی حەسەن زیرەکیش بێ دکتور دەواو دەرمان.
بیرمە سستەرێکی زۆر ناسکی پرچ نیگرۆی عارەبی کەرکووکی هەبو لە عیادە خاریجی لە نیوەی یەکەمی هەشتایەکان کە ئەودەم بۆ قژبڕین دەچوە ساڵۆن بە تەواوی عەشقی جەلال سەعیدی بو. هەیان بو ببوە ئیسلام و مێردی بە موسڵمانان کرد. ناوەکانیان زۆر خۆش بو بە وێنەی ڤکتۆریا و جانێت و فابیولا و ئیلهام صەبۆ.... بەگشتی زۆریش میهرەبان بون لەگەڵ نەخۆشی بێ جیاوازی خزمەتیان دەکرد. دەورەی پەرستاریان تەواو کردبو.
عامیلە فەنیش هەبو. لەستایلی سستەرەکان جلی شینی موەحەدی مەرکەزیان هەبو دەورەی فێرکردنی بەردەستی سستەر و دکتۆر و فەرمانبەرەکانیان لە بەغدا دەکرد. بەگشتی خوێندەوار بون.
فەڕاشە ژن و پیاوە باجی و حاجیەکان بەروانکە و سەدریەی مۆر یان شینیان لەبەر بو. فێرکرابون چۆن کاشیەکان بسڕنەوە و مەوادەکان دوای بەکار هێنان خاوێن بکەنەوە.
بە گشتی خەستەخانەکان بە بۆنی دیتۆل بەناو بانگ بون بەردەوام تەعقیم دەکران.
موزەمیدەکان دەرچوی دەورەی تەمریض یان هەیان بو دواتر مەدرەسەی تەواو دەکرد و بە گشتی هەمو بە دختۆر دەناسران سەدریەی سپی تایبەتیان لەبەر بو لە گەڕەکەکانیشان ڕۆڵی دختۆرێکیان دەبینی بەو دەرزیە بێ ویژدانیانەی پڕۆکاین کریستلاین کەلە نەخۆشی غەریب حاڵیان دەدا جگە لەو داهاتە زۆرەی بەهاران لە سونەت کردنی منداڵان دەهاتە دەستیان و سەرباری موچەی ئەستور و مافی وەرگرتنی عەرد و سولفەی بانق.
زۆریشیان لەدەمی حەج دەبونە یاوەری حاجیەکان بۆ کاروباری تەندروستی و دواتر ناوی حاجیشیان پێوە دەلکا.
بە وێنەی ئیسماعیل کۆیی و حاجی صەباح و سەعدی عەزیز و مامەندی حەمەد گورێ و قشتۆ و هورمز و معاون طبی و صەیدەلی زۆر کەم بو ئەودەم هەر حەوێز و گەیلان و ڕەشید هەبون. ئەوانە زۆریشیان لە بنەوە هاوکاری پێشمەرگە بون.
سەعدی عەزیز لە پێش نیوەی هەشتاکان ئەودەمەی کۆسرەت ڕەسول بریندار دەبێ و دکتۆر زریان لەوێ دەبێ لە سماقولی لێرەوە ئاگادار بوم کێست تیوبی بردە سماقولی سەر و چاوە و ئیتر ئەوە بو هەناسەی ئاسایی بۆوە.
موختەبەرەکان کادیری کەمیان هەبو بەس زۆر پڕۆفیشنال بون لە ناسینەوەی نەخۆشی و زەرع کردنی بەکتریاو و بەتایبەت بۆ ئەو دەم لە تەشخیس کردنی وەرەمی سیل بە بەڵغەم.
شەریف وەک کارمەندێکی ئەشیعە پێشکەوتنی زۆری بەدەست هینابو لە پسپۆڕیەکەی.
بەگشتی لەگەڵ ئەو هەمو سیستەماتیکیەی ئەودەم. بەڵام تا سەرەتای هەشتایەکانیش فەڕاشەکان کۆمەڵێک شوشەی قەوارە جۆرا و جۆریان لە ناو موقەبایێک لای دەرگای هاتنە ژوورەوە دادنا سەیدەلیەکە دەیگۆتە نەخۆش بڕۆ شوشەیەک بێنە ئەویش بە پێنج فلوس یان دەفلوسی ئەودەم دەیکڕی و هەر بە سۆندەی ئاوی ئەوێ هەندێکی تێوەر دەکرد و دەرمانەکەی وەک شروبی بینیلین تێ دەکرد.
بەراوردی ئەودەم لە دوای حەفتاو پێنج کەخەڵک لە دوای (ئاشبەتاڵ - نسکۆ) لە ئێران گەڕابونەوە دەیان وت سرنجی دسپۆزبڵ هەبو لەدەمی شاهەنشای ئێران کە ئەمە هەر نەمانبیستبو.
بەگشتی لە سەرەتای هەشتایەکان بە نیو دەرهەم کە پارەیەکی کەم بو دوای عیلاج شەش پڕۆکاینی ڕوسی و شەش سرنج و شەش ئاوی موقەتەر و حەب و مقەوی سوری فرسۆلین و زەردی بی وەن یان ئەمپولی بی توێڵڤ و بی کۆمپلێکس لای خەڵک زۆر مەرغوب بو بە وەرید لە مەچەکیان وەریان دەگرت.
لەگەڵ هەمو ئەوانەش طب عەدلی خەستەخانەی جمهوری پڕ سامناک بو، بۆ دەمێک ئەمجەد بەڕێوەی دەبرد.
جارێکیان لە دوای نیوە شەو لەگەڵ دکتۆر وڵات ئیبراهیم یاسین بۆ ڕاپۆرتێک چوینە ئەوێ بینیمان دوو مەیتی لێ بو لەسەر مەستەبەکان خۆی لە نێوانیان بو ووردە ووردە تەقریرەکانی بۆ دەنوسین لە هۆکاری مردنیان.
هەمو ئەوانەی بەعس ڕەمی دەکردن دواتر دەهێنرانە ئەوێ ڕاپۆرتی پزیشکیان بۆ دەکرا. فەڕاشەکان زۆر کورد بون گەلێ جاران ئەگەر چی پر ترسیش بو بەس خەبەری شەهید بونی ڕۆڵەکانیان دەگەیاندەوە باوانیان.
بەگشتی لەبەر دەرگای دەرەوەی خەستەخانەی جمهوری چەند عارەبانەیەکی لێ بو زیاتر کێک و پسکوێتی عیراقی و شەربەتێکی تایبەتی شوشەی پرتەقالیان دەفرۆشت. ئاکار بو دەبوا بۆ موهاجە! سەردانی نەخۆش وەک دەستەو دیاری بۆ نەخۆشیان بردبوا.
بۆ دەمێک دەیان وت کوبەی برنجی کوبە فرۆشەکان هی برنجی خەستەخانەیە یان لۆکەی ناو بەرگی لێف و ناو دۆشەکەکان گوایە لۆکەی نەخۆشی خەستەخانەن!
کەچی باشترین شیری پێخۆری بەیانیان و موڕەبا و سەمون و گۆشت و برنج و نیسک و خواردی فای تایبەت بە هەندێک نەخۆشی وەک زەخت دابەش دەکرا.
شۆفێری ئیسعافەکان بەحوکمی کەمی سەیارەی ئەودەم زۆر زاڵ بون چونکە هەمو دەم لەگەڵ دکتۆرەکان بون و سستەر و موزەمیدەکانیان دەهێناو دەبرد.
شەوێکیان بۆ گاڵتە لە دەمی دۆمینە کردن چەند حەبێکی لازکسی میز پێکردن دەخەنە شیری خواردنەوەی هاوڕێیەکیان ئیتر دوای تۆزێ چەند جار دەچێتە میز کردن دواتر کار دەگاتە ئەوە داخل بکرێ و موغەزی بەپەلەی بۆ هەڵواسن و گەدەی بشۆرنەوە و لێژنەی بەدوا چونی بۆ دەرچو.
بە گشتی شتی تایبەت و نهێنی شەوانی (ڕازگر)ی ئەودەم لە ڕۆمانسیەت هەبو. زۆر شوێنی شەوانەی ژوان هەبو، دەیان چیڕۆکی عەشق و دڵداری و... لە نێوان کارەکتەرەکان دکتۆر و موزەمید و سستەر لە نێوە خۆیان و لەگەڵ خودی نەخۆش و یاوەرەکانیشیان هەبو.[1]
چمکێ لە یادەوەریەکانم
یوسف عوسمان عەزیز