حەمامی ژنان و پیاوان...
حەمام بە گشتی پێداویستیەکی مێژویی گرنگی مرۆڤ بوە. لە شاری پەمپێ ی نزیک ناپۆلی لە ئیتالیا تەواوی حەمامەکانیان ماوە و مێژوەکەی بۆ دوو هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و حەمامی تورکی و دواتر مەغریبی لە حەمامە بە ناو و دەنگەکانی دونیایێن.
لە هەولێر حەمامی عەلیاغەی خانەقا و حەمامی ناو قەیسەری بازاڕی قەسابان لە شوێن بینای حاجی یەحیای و حەمامی عەلمۆدە و حەمامی صەلاحەدینی ناو فیتەرانی شێخەڵا و حەمامی دۆمان لە تەیراوەی و حەمامی تەیراوەی ناو نەجاڕان و حەمامی سێتاقان و حەمامی ئیسکان و حەمامی یازدەی ئازاری حەمۆ ئاغا قەسابی کە لە شەست و هەشت زەلامێک کوژرا و بکوژەکە چەند ڕۆژێک خۆی لە کورخانی حەمامەکە مات کردبو هەتا شورتە و موسەلەحە چون دەریان هێناو لە تەنی وەرهاتبو دەمانچەکەشیان بەدەستەوە گرتبو بەناو خەڵکیان داهێنا بە بەردەم چایخانەی قەرداران.
حەمامەکان زۆربەیان گومبەتێکیان هەبو کڵاو ڕۆژنەی ڕەنگاو ڕەنگی بە جام داپۆشراویان هەبو لۆ ڕۆناکی و بە نەفتی ڕەش گەرم دەکران کورەچیەکان تەنکەریان هەبو.
لە نێوە ڕاست سەکۆی هەبو کوپەی ئاو خواردنەوەی لێ بو چوار دەورەکەشی سەکۆیەکی مەترێک فراوانی بە درێژایی چێوەی هۆڵەکە لێ بو مافوری لێ ڕاخرابو وەختێک تەنیا عەلاگەی هەڵواسینی جلکی دەستکردی نەجارە هەولێریەکانی لێ بو دواتر سندوقی شێوە دۆڵابیان بە دیوارەکە هەڵواسیبو کە کلیل و قوفلێکی بچوکی بە ڕەقەمی لەگەڵ بو بۆ جلک تەقەت کردن.
زستانان شیری گەرمی گامێشەوانەکانی سەیداوە و سایلۆیان هەبو بە کوپ وەختێک بە دەفلوس بو لە دوای خۆ شۆردنی پیاوان داوایان دەکرد.
پەشتەماڵی حەمامێ سێ پارچە بو دووی گەورە بۆ سەرشان و سگ و یەکێکیان لە دامێن بۆ خوارەو و بچوکەکش لە سەر دەپێچرا هەر شاگردەکان بەو ئیشانە هەڵدەستان خاولیەکانیان بۆ دەبەستای بۆ منداڵانیش پارچەیەک یان دوان هەبو کە لەگەل باوکەکان دەچونە حەمام، بۆ چونە شوێنی خۆ شۆردنیش چیتێکی سیرمەیان دەدایێ تایبەت بە حەمام بو دەبوا بە ئەدەبەوە لەخۆتی بپێچی و نەدەبوا عەورەتت بە دیار بکەوێ و لەجیات نەعلیش قاپ قاپەیان هەبو بنی دار و سەروەی قایشێکی ڕەش بو.
پیاوی قۆشمەچی گۆیندە و دەنگ خۆش لە ناو دەنگ دانەوەی سەدای حەمامێ گۆرانی خۆشیان دەچڕی و حاجی کانەبی هاندەری یانەی هەولێرێ لە دوای یاری تۆپانێ حەمامی لۆ یاریکەرەکان ئەو شەوە بە تایبەت دەگرت.
پیاوی ماقوڵ و خاوێن و بەرپرسی گەورە بەیانیانی زستانێ بە گشتی موشتەری بون و خەڵک جلی خاوێن و سابون و لیفکەی لەگەڵ خۆی دەهێنا لەناو جانتا و تورەگەی دەستکری خۆمانە هەڵدەگیران.
ناتریشی لێ بو بۆ شوشتنی کەسەکان بە پارە زیاتر دەوڵەمەندەکان بون یان بۆ چارەسەری سروشتی شێلان.
پیاوان کە تەواو دەبون لە بەر دەرگای خۆشۆردن بۆ ناو ساڵەی خۆ وشک کردنەوە دەوەستان و دوو چەپڵەی بە دەستیان لێ دەدا واتە تەواو بوین، ئیتر شاگردەکان پەشتەماڵیان بۆ دەبردن و ئەوانی تەرەکانیشیان لێ وەردەگرتن لە ناوەوەش سەکۆی گەرم و هەر شوێنەش کە هەندێک حەمام جیا نەکرابونەوە لە تەنیشت یەک خۆیان دەشۆرد و جار وا هەبو بە تایبەت شەوی جێژنان سڕەی بۆ دەگیرا و جۆنیەکان گڕ دەدرا، هەش بو بە شێوەیەک جیا کرابۆوە، ئاودەست و شوێنی تراشینی بن هەنگڵ و بەری لێ بو، دەرگای ناو حەمامیش بۆ ئەوەی بۆ خۆی دەبخرێتەوە بۆ پاراستنی گەرمی ناوەو بە قایشێکی چوپ دەبەستراوە بۆ ئەوەی خۆی بە جیڕیەکەی دابخرێتەوە و زۆر جارانیش دوای حەمامێ پیاوەکان لە بەیانیە زووەکەی دەچون پاچە(سەر و پێچک)یان دەخوارد.
ئەمە لۆ پیاوان...
(هی ژنان)
ئەمن لە تەمەنی منداڵیم دایکم لەگەڵ خۆی دیبردم، بەتایبەت ڕۆژی جومعان هەندێک جار ژنی ساحێب حەمامەکان کە بۆ ژنان بە ڕێوەیان دەبردن لۆمن دەبونە ڕێگر دەیان گۆتە دایکم گەورەیە نابی بچێتە ژوورێ تەماشای ژنان دەکا، زۆر جاران دایکم بە ڕوویان هەڵدەشاخا و
(دەیگۆت گچکەیە بەس لۆ خۆی درێژە)!
لە حەمامێ دەیگۆت تەماشای ژنان مەکە. هەندێک جاریش ژن کوڕە پارچەلەکانیان لە بن عەبای دەشاردەوە و دەیان بردنە ژووری.
بۆ منداڵ ناخۆش بو چونکە زۆر گەرم و بۆن ناخۆش بو، دواتر دایک نەریت و سونەت بو دەبوا سێ دەستت لە سەری بدات و سابونەکانیش هی کۆرێ (کۆڵێ) و ڕەقی و حەڵەب و لۆکس و عوتور و جەمالەکانیش زۆر تیژ بون و لیفکەکانیش زۆر زور بون.
ئیتر ژن بە گشتی وەک پیاوان نەبون ڕووت و قوت بون زیاتر هەولێری و تورکمان بون... زۆر جوان و سپی و لوس و گۆشتن بون، کە جیا کراوەیەکی ژنی هەولێری ئەلمۆدە و شارستانی بو، دەبێ هۆیەکەی ئەوە بێ خواردن و جێ و ڕێ و حەسانەوەیان لە ژنی کرمانجەتی زیاتر بو!
لە دەمی حەمامی ژنان کە زیاتر دوای نیوەڕۆ لۆ وان بو بەڵام حەمامی عەلیاغا و هی ناو قەیسەری هەر هی پیاوان بون.
لە بۆ ژنان بە پێچەوانەی هی پیاوان جامی ئاویان دانەدەنا و خاولی و پەشتەماڵیشیان نەبو دەبوا لەگەڵ خۆیان بیانهێنابوایە زیاتر هەر کەسە بوغچەی تایبەتی دەستکردی خۆی دەهێنا بۆ جل تێکردن هێندێک ژنی زۆرزان بوغچەی نەخشێنراوی جوانیان بە دەستەوە بو کە لە پارچە قوماشی خەیاتی دەمایەوە دروستیان دەکرد هەر تیلمەی لە ڕەنگێک بو.
بۆیە جامیان دانەدەنا زۆربەی جاران دەیاندزی و دەیانشاردەوە.
زۆربەی جاران ژن دەیانکردە شەڕە ئاو و زۆر جاران دەبوە شەڕیان و تیتکی یەکیان ڕادەکێشا و پرچیان بەسەری یەکەوە نەدەهێلا و هەبو لەبەر لوسی عاردی حەمامەکە مەترسی هەڵخلیسکان هەبو بە تایبەت بۆ منداڵان.
دایکان زووتر سەری منداڵەکانی دەشوشت و یەکە یەکە دەیهێنانە ناو هۆڵەکە و دەیپێچانەوە و خواردنیان دەبرد زیاتر دۆڵمە و شفتە و نان بو.
منداڵی ساوا دزین بۆ دەمێک هەبو لە بێ ئاگایی دایکەکانیان.
بەگشتی حەمامی ژنان زۆر پیس و پۆخڵ و بێ سەر و بەر بو هەندێکی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە زۆریان چەند منداڵێکی پێ بو یان لە شوێنی خۆ شوشتن نانیان دەخوارد و هەر لە ناو یەک خۆیان خاوێن دەکردەوە، ژنەکان خەنەیان دەگرتەوە و یان سەری بە خەنەیان تێدا دەشوشت. بە گشتی ژنە هەولێریەکان دەرمان حەمامیان بەکار دەهێنا کە لە قەیسەری لە ناو کیسەی نایلۆنی گچکە دەفرۆشرا و لەناو حەمامەکە بۆنێکی ناخۆشی خنکی لێ دەهات و هەبو گڵە سەری دەبردە ژورەوە زیاتر ژنە کرمانجەکان بون.
شێلان هەبو یان وەک چارەسەری ئازاری دوای منداڵ بون ژنێک دەهات بنی پێی بە زێی ژنە نەخۆشەکە وەدەنا و هەردوو دەستی بۆ خۆی ڕادەکێشا ئەو دەمەی هەردووکیان لەسەر پشت دەبون.
----------------
ئەو ڕووداو قسانەی لەسەر حەمامی ژنان هەبو لە هەولێرێ :-
مامۆستا لە پۆڵێ لە دەمی قسە کردنی تەڵەبان دەیگۆت چیە کردیتانە حەمامی ژنان!
وەک نوکتە، سەیدی خاوەن سینەما حەمرا کە قەمبور بو، گوایە تەلیفۆنیان بۆ سینەما کردوە گوتیانە ئێرە حەمامە ئەویش دەڵێ نەخێر، دەڵێن ئەی ئەو بوغچە چیە لە پشتتە.
لە ساڵی 1968 دوو عەشیرەتی هەروتی و سۆفی فورسان بون لە مەلا مستەفای بارزانی هەڵگەڕابونەوە لە لای خانوەکانی کورانی مەحەتەی هەڵیان دابو، عەسرێکیان چەند زەلامێکیان لۆ عەنتیکەیی دەچنە ناو حەمامی ژنانی کورەچیان، بوە قیژە قیژی ژنان و هەر بە ڕووتی بە پاڵ پێوەنان دەریان کردبونە دەرێ.[1]
چمکێ لە یادەوەریەکانم
یوسف عوسمان عەزیز