ڕاگەیندراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە زەرە و زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر
دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە 2021.10.30، بەهۆی بارینی شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ لافاو لە بەشێکی شاری هەولێر ڕوویدا، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر لێژنەیەک لە بەرێوەبەرایەتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگا، بەرگری شارستانی هەولێر، دەزگای خێرخوازی بارزانی، لقی هەولێری کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی پێکهێنرا بۆ زانین و دەرخستنی ڕێژەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە بەر هاوڵاتییان کەوتووە، دەرەنجام زەرە و زیانەکان بەمشێوەیەی لای خوارە دیاریکران:-
یەکەم/ 500 خێزان، ناوماڵ و کەلوپەلەکانیان بەتەواوتی لەناوچووە.
دووەم/ 130 ئۆتومبێل بەر لافاو کەوت و لەکار کەوتوون.
سێیەم/ 127 خانوو زیانیان بەرکەوت.
چوارەم/ 2 قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکی دروستکردنی شەقام و تۆڕکانی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆکان زیانیان بەرکەوتووە.
پێنجەم/ سوپاس بۆ خودای گەورە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.[1]
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2021.11.1