مەعمەل بووز
هەر لەزووەوە دوو مەعمەل بووزی کەونی هەولێرێ هەبوون، هی ماڵی ئەحمەد چەلەبی لەنێزیک قەسرەکەی خۆی لەبەینی باغی گڵکەندی سەعدوناوە و غاباتی مەحەتەی...
ئەویدیش هی ماڵی شێخ ئەحمەدی سێتاقان بوو.
ئەوان ئاشی ئاردو مەعمەل بووزیان لەتەنیش یەک بوو. خەڵک بەوەی بەفریشیان دەگۆت ئاشی بووزی...!
لەساڵی 1968 قنینەی غازی سارکردنەوەکەی تەقی لەگەڵ ڕمبەی دەنگەکەی هەموو خەڵکی گلکەند و سێتاقان هاتبوونە وێ.
بووز لەزمانی تورکمانی هاتیە و لەپێداویستیەکانی هاوینێی خەڵکی بوو لەکەمی یان نەبوونی سەلاجە و موجەمیدە.
بەشەوێ قالبە بووزەکان دەیبەستاو بەیانی پێش مەلابانگدان بەپیکاب دەیانگواستەوە دووکانی بووز فرۆشەکان.
بووزەکان بەکۆنترۆلی دەستی قالبەکانی دەردەهیناو ڕووی دەکرد.
ئیشی بوزی هاوینان خۆش بوو فێنک بوو.
دوو کەس بەمەریانەکەی لاستیقی ئەستوور خۆیان دادەپۆشی و دەستەوانەی لاستیقیان لەدەست بوو هەتا دەستیان نەچی و نەیبەستی.
بە شیشێکی چەنگاڵ لەقالبە بووزەکانیان گیر دەکرد و بەسەر یەکیان دا دەخلیسکاند و بەسەفتە لەسەر تەختە دار یان لەسەر گوشی ڕاخراو لەپێش دووکانێ لەبن کەپری حەسیر یان لەژۆرێ لەبنەبانێ دایان دەنا.
لەچێشتانێوە خەڵک لەگەڵ کڕینی پێداویستی ماڵێ بای دەفلوس و چارێگ و نیو قاڵب دەیانکڕی.
کە بوز فرۆشەکەش بەمشاری بووز هەتا نیوەی دەبڕی دوایێ بەلاشە ئاسنەکەی بەقووەت لە کەلەنەی دەدا شەقی دەکرد.
بەمنداڵی نەدەترساین دەستمان لەبن مشارەکەی دەگرتەوە بەفرە پەڕیوەکەمان دەخوارد و ئەویدیشمان دەخستە سەر پارچە موقەبایەکی یان دەستاو دەستمان پێدەکرد هەتا دەگەیشتینەوە ماڵێ، عەلاگە و مەلاگە هەر لەبنی نەبوو. کرۆشتنی بوزیش ئەوە هەر خۆشیەکی زۆری هەبوو.
لەماڵێ بەچوکوچی یان بەبەردی دەیان شکاندو پارچە پارچەیان دەکرد و ترمزیان لێ پڕ دەکرد.
شووشتنەوەی بوزی خۆش بوو کەدەستت دەچوو بەئاوی سۆندەی یان بەرمیلی گەرم دەبۆوە. هەشبوو چارێگەکی لەناو کوپەی دەکرد لۆ ئاو خواردنەوەی.
ئەوی دەمایەوە لەناو گوشی داغ شین و سۆر هەڵدەگیرا. دیمەنێکی تەڕی ساردی فێنکی هەبوو لەبن هەیوانێ لەهاوینان و بۆنی گوشە تەڕەکەش خۆش بوو.
لۆ سەر نانیش پارچەی گچکە دەکرا دەخرا ناو دۆلکەی نایلۆن یان شووشەی ئەو دەمی عێراقی و کریستاڵی فەرەنسیش هەبوو. هی دەستکردی عارەبی موسڵێش هەبوو هەندێک ڕەسمی ڕەنگاو ڕەنگی هەبوو.
شەربەتی مێوژ فرۆش و پرتەقاڵی نارنجی سەر عارەبانەی بە هووردە بووزی وەک بەفری بەرداخی لێ پڕ دەکرا و دوایێ شەربەتی تێدەکرا، تێکەڵەکە شێوەی ئەزبەری دروست دەکرد زۆر خۆش بوو لەدەمی فڕکردنی بەنەرمی بەفرەکەت دەکرۆشت.
ئەو بەفرەش بەمەکینەی دروست دەکرا کەقاڵبە بووزەکەیان دەخستە ناوی دەیکردە بەفر.
شەربەتی مێوژی کوردستانی مام سەدیقی بەکوبە و کێکی کوبەی ژەمێکی خۆش و هەرزان و پڕ ووزە بوو لەبەیانیانی مەیدانی عەمەلان و پێش مەکتەبان.
هاوینانی گەرمی هەولێرێ بە بووز و ماستی کورکنی سەربەکەفی هەولێرێ پێش کۆکاو بیبسی و تراوبی و کراشی دەهات. بەنانی تیری و فڕنی و تەرۆزی دێمی ناسکی بەخێی(خوێ)ی بیستانەکانی هەولێرێ لەخواردنە زۆر بێ تەکلیف و تەندروستیە بەلەزەتەکان بوو. کەمرۆڤی ئەودەمی وورگن و ناشیرین نەدەکرد.
لەڕەمەزانان هەموو دەمێ دەبووە ئەزمە خەڵک بەدوو سەیارەی بووزی دەکەت و شەڕی لێ پەیدا دەبوو.
کەونە موجەمیدەی بێ ماتۆڕ وەک سندوقیش هەبوو دەرێی دار بوو ناوی بە ئەڵەمنیۆمی ناوپۆش کرابوو لەچایەخانان هەبوو ساردەمەنی کۆکەو بیپسی تێ دەکرا هی بنەوە زۆر سارد بوو. ماستاوی مەڕی دەشتی هەولێرێی ڕەمزی هەموو عێراق. کەللە تەزێن بوو لەهەولێرێ بەپەقرەجی چینکۆی سپی دەگێڕدرا شەحادەی سپی خاوێنی لەسەر بوو بەجامی فافۆن دەفرۆشرا لە قەیسەری و ناوشاری.
لۆگوندانیش بەقالب خەڵک دەیبردەوە.
بۆیەش لۆ دمێک لەخواردنەوەی هەموو کەللەی دەتەزاندی. چونکە لەتوێکاری پزیشکی هەموو(ئەعسابەکانی وەجهی خامس و سادس و سابع) لەدەموو چاوو بوون سڕ سڕ دەبوون.
لەبۆ بردنە بەغدایێش ماست و پەنیری کوردی لەناو مەنجەڵی گەورە دەکران و بە بووزی دەپارێزران لەترش بوونێ.
کەوکەو دۆندرمە فرۆشەکانیش بەفریان دەخستە دەور بەری ئەو شێوە تانکیەی لەداری دروست دەکراو ناوی بەفافۆن و ستیل ناوپۆش دەکرا، بەردەوام بادەدرا هەتا بیبەستی.
هەموو دەمێ خێی درشتیان پێوەردەکرد هەتا بەجیاوازی پەستانی ئۆسماتیکی دوو ناوندی جیای خوێ و بوز بوزەکە زیاتر دەمایەوەو خۆڕادەگرت نەدەتاوایەوە.[1]
یوسف عوسمان عزیز