ناونیشان: دەشتی #هەریر# کۆگایەکی گەورە لەهەبوونی پاشماوەی شوێنەوار.
شوێنەوار، دیرۆک و شوناسی هەر گەل و نەتەوێکە، لەهەموو وڵاتێکدا شوێنەواری مێژووی و کەلوپەلی کۆن گرینگی وبەهای تایبەتی خۆی هەیە، چونکە هەبونی شوێنەواری مێژووی و کەلوپەلی کۆن ئەڵقەی بەیەکەوە بەستنە لەنێوان ژیانی کۆن و ئێستاماندا.
ڕوونتر بڵێم بەهەبونی کەلوپەل و شوێنی مێژووی ئاسەواری کۆن بەڕوونی لەوە تێدەگەین کە نەوەکانی پێش ئیمە چۆن ژیاون، چۆن ژیانی ڕۆژانەیان تێپەڕاندووە، دەڤەرەکەمان بەدەر نیە لە هەبوونی ئەم شوێنەوارە گرنگ و مێژوویانە.
ناوچەی دەشتی هەریر وەک کۆگایەکی گەورە وایە لەبوونی پاشماوەی شوێنەوار، وەک: پارچە گۆزەی شکاو، چەندین گردی دەستکرد، چەند گۆڕاستانێکی کۆن، قەلاو، ئەشکەوت، شواری گەورە بەدەست دروستکراوە، چەندان پاشماوەی تر.
لەهەبوونی ئەم پاشماوە زۆرانە بۆمان ڕووندەبێتەوە، کەناوچەی دەشتی هەریر بەدرێژی مێژوو ئاوەدانی لێ بووە، لەسەردەمی کۆنەوە تا ئێستا، چونکە ئەم ناوچەیە شوێنکی گونجاو لەبار بووە، بۆ دروست بوونی شارستانیەت و ئاوەدانی، چەند هۆکارێک وایکردوە کە ئاوەدانی دروست بووبێت:
1- دەشتێکی بەپیت بووە بۆ بەرهەمی دانەوێلە و بەخێوکردنی ئاژەلداری..
2-دەشتی هەریر دوورە دراوە بەچیا، کەئەمەش وادەکات ناوچەێکی پارێزراو ئارام بێت لەهێرشی دووژمن.
3- بوونی سەرچاوەی ئاویی باش لەم ناوچەیەدا کە ئەمە هۆکارێکی گرینگە بۆ دروستبوونی ئاوەدانی.
4- ئەم ناوچەیە ڕێگاێکی بازرگانی بووە بۆ گوستنەوە کەل و پەل بەم ناوچەیەدا.
دوای هەبوونی ئەم هەموو پاشماوە شوێنەواریە لەم ناوچەیەدا، ئەمەش وایکردوە ئاوەدانی دروست بووبێت لەم ناوچەیەدا، لەئسێتادا چەند توێژینەوێک کراوە، کەباس لەبوونی چەند شارێک یا هەرێمێک دەکرێت لەسەردەمەکۆنەکاندا، لەم ناوچەیەدا بوونیان هەبووبێت بەپێی سەردەمەکان شارەکان ناوەکانیان گۆڕدراوە.
بەلام ئەوەی گرینگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم، تا ئێستا ساغ نەکراینەوە ئایا ئەو شارانە کەوتوونەتە ناوچەی دەشتی هەریر یا نا؟ یا کەوتۆتە کام شوێنی ناوچەی هەریر؟ واتە گومانیان لەسەرە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کنەو پشکنینی زۆرکەم لەم ناوچەیەدا کراوە، وە نەبوونی هیچ سەرچاوێکی کۆن، وایکردوە گومان دروست بووبێت.
ناوچەی دەشتی هەریر بۆ یەکەم جار لەسالی 1936 ڕووپێوی شوێنەواری لەلایەن حکومەتی عێراق بۆی کرا، دووبارە لەسالی 2017 لەتیمێکی پۆلەندی دووبارە ڕوپێوی کرا نزیکەی 71 پێگەی شوێنەواری لەناوچەی دەشتی دەست نیشانکران.
بەڵام بەداخەوە وردە وردە ئەم شوێنە کۆن و مێژوویانە بەرەو ڕووخان و لەناوچونی تەواو دەچن، بەبێ ئەوەی هیچ کەس ولایەنێک ئاوڕیان لێ بداتەوە.
پێویستە ئاوڕێکی جدی لەم شوێنەوار و پاشماوانە بدرێتەوە لێکۆلینەوەی زیاتر لەسەر دەڤەرەکەمان بکرێت، بۆئەوەی دەڤەرەکەمان دولەمەند بێت وەک ناوچەکانی تر لەلێکۆلینەوە و کتێبە مێژوویەکاندا.
حەمەد ئەمین مستەفا[1]
04-07-2020