هونەری گۆرانی وتن لە #سلێمانی#
لە کۆنەوە لەشاری سلێمانییەوە کاروانی بازرگانی بەرەو کەرکووک، موسڵ، بەغدا، ئەرزروم و هەمەدان و #سنە#و تەورێز و تاران لە هاتووچۆدا بوون، ئەم کاروانانە جگەلە کارە سەرەکییەکان ئاڵوگۆری بازرگانی ڕۆڵیان لە ئاڵوگۆری کلتوریشدا هەبووە. هەروەها لەگەڵ دروست کردنی سلێمانیدا گەلێک خەڵکی پیشەوەرو بازرگان خەڵکی جۆراو جۆر ڕوویان لەشارەکە کردووە ئەمەش بووەتە هۆی تێکەڵاوی کلتوری و زۆرێک لەو بەستەو گۆرانیانەی لە ناوچەکانی تری کوردستان هەبوون گەیشتوونەتە شارەکە. بۆیە ئەگەر لەو بەستەو ئاوازانە ورد ببینەوە کە لە شارەکەدا ناسرابوون بە گوێی خەڵکی دەتوانین بڵێن: لە سنەو سابڵاخ و #سەقز# و #سەردەشت# و بانەوە بەستەکان هاتوون بەم دیودا، لە ئێرانەوە هەندێک مەقامی فارسی، لە موسڵ و بەغداوە هەندێک مەقامی عیراقی، لە #هەولێر#ەوە حەیران، لە کەرکووک و دەوروبەرییەوە هەندێک لە ئاوازو مەقامە ڕەسەنە کوردییەکان وەک: ئەڵاوەیسی، قەتار، خاوکەر، خورشیدی و ئای ئای. هەروەک خودی شارەکەش بەتێکەڵ بوونی ئەم هەموو ئاوازە جۆراو جۆرانە بەرهەمی ناوازە و شعری جوانی بەرهەم هێناوە.
یەکێک لەشاعیرانی بابان مستەفا بەگی کوردی، لە هۆنراوەیەکدا ئاماژە بۆ ناوی ئەو مەقام و ئەو هونەرمەندانەش دەکات کە لەسەدەی نۆزدەی سلێمانیدا شارەزا ئەم مەقامانە بوون لەگەڵ ئەو ئامێرە میوزیکانەی بەکارهێنراون دەقی شعرەکەی کوردی:
(خاوکەر)ەی خانمە(قەتار)ەی سۆزو سەوزەی نەسمەجان
(رقسی-سمکە) نازی شەهراشوب و غەمزەی سەروی ناز
(ئاغا زەنوون) لێ بدا(سینەکەمان) فارسی گرفت
(ئەلکە) تەنبور و دەف و (ئەسعەد) بدا دەستی ساز
(مستۆ) ئیبراهیمی، ئەورەحمان(نەوا) فەتحی(حەزین)
(مستەفا) ناری و سێگا, (یونس) بڵێ دەشتی و حیجاز
با(رەسوڵ) هەڵداتە ڕاست و (ساڵح) بڵێ نیوەشەوی
(محێدین) چوارگا و (قەرە) دەنگی بڵند بکا بۆ قەزاز
جار بەجار بەکزیکەوە هەستێ لە (پەردەی-تاهیری)
بارەکەی عاشق کوژە و مەعشووقەیی دوژمن نەواز
بەپێی هەندێک دیکۆمێنت و بەڵگەی مێژووی کە بەداخەوە زۆریش نین ناوی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و گۆرانی بێژانی سلێمانی تۆمارکراوە کە لە سەدەی نوزدەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا ناوبانگی فراوانیان هەبووە لە بەهرەو دەنگ خۆشیدا لەوانە:
حەسەنی ئامێ 1821-1885
ئەم هونەرمەندە گۆرانی بێژو بەیتخوان و مەقام زانێکی شارەزا و بە توانا بووە، لە مەقامەکانی قەتار و خاوکەر و ئایی ئایدا زاناو شارەزا بووە.
حەمە شێرە 1894-1940
دەستەبژێری هونەرمەندان و گۆرانبێژانی سەردەمی خۆی بووە، خوێندەوار و شارەزای ئەدەبیاتی فارسی بووە، زۆر لە شعرەکانی حافزی شیرازی و شێخی سەعدی لەبەر بووەو بە مەقامەوە وتوونی. بەستەکانی سەیزادە، خاڵەی ڕێبوار، کوڵەنجە ڕێ ڕێ ، دادەنگ، دەم قەند و لێوقەند هەمیشە لەسەر زار بووە، جگەلە مەقامەکانی غەمەنگێز، دەشت و هومایون.
کاکە ڕەشی ئەحان 1845-1898:
دەنگ خۆشێکی قۆز و خوێندەوار بووە، خاوەنی بەهرەیەکی سروشتی بەرز بووە، لە مەقامە کوردییەکاندا لێزان بووە، بەتایبەت مەقامی ئای ئای.
عەزیزی ئامینە 1850-1915
پیرەمێرد لە باسی ئەم هونەرمەندەدا دەڵێت: شعری مەولەوی بە دەنگی خۆش و هیجرانی عەزیزی ئامینە لەنێو ئێمەدا برەوی پەیدا کرد.عەزیز گۆیندەیەکی (عەزیز) بوو، لە مەجلیسدا (هیجرانی) و لە چیادا (قەتار) هەر لەخۆی دەهات. ئەمەش ڕاستە کە بەیانییەک لە ڕاوە کەودا قەتارێکی خوێندەوە کەوی کۆسارانی هێنایە جونبوش و قاسپە، لە بەهاراندا لەسەر کارێزی وەستا شەریف دەیگوت.
گوڵ جەمین 1870-1924
گوڵەخان کچی عەبدوڵای مەلا سەعیدی حەبە جوانێیە. لە ئەسڵدا خەڵکی دێی مڕانێی سەر بە سیوەیلە. ئەم ژنە هونەرمەندو گۆرانی بێژە، لە مەولود خوێندنەوەدا ئاوازخوانێکی دەنگخۆش بووە، لە زەماوەندو شایدا بەستەبێژێکی بە توانا بووە، لە مەقامەکانی(حەیران، ئای ئای و لاوکدا)شارەزا بووە. داستان و بەیتەکانی کاکەلاس و لەشکری و قەروگوڵەزەرد و مەم و زین)ی بە ئاوازەوە وتووە.
هەندێک جار جلی پیاوانەی لەبەرکردووەو لە سلێمانی و سنەو مهاباد و بانە ئاهەنگی گێراوە.لەشایی و زەماوەندا بەستەبێژێکی بەهرەمەند بووە.سەردەمی گەنجێتی لە سلێمانی بەسەر بردووەو دوای ڕووی کردووەتە بانەو تا کۆچی دوای کردووە لەوێ ماوەتەوە.
مەلا ڕەعنا
ئەم خاتوونە مەولودخوێنێکی بەناوبانگی سەردەمی خۆی بووە، ساڵی 1910-1912 قوتابخانەیەکی بچوکی لەبەرامبەر مزگەوتی شێخ سەلام کردووەتەوە.
صدیقە مەلا
بەپێی وتەی ئەحمەد خواجە ئەم کچە گۆرانبێژە کە کاتی خۆی ناوبانگی زۆری لەعیراقدا هەبووە، کچی خاتوو مەلا ڕەعنا بووە. ئەم خاتوونە بە منداڵی توشی نەخۆشی چاو دەبێت و خەڵکی گەڕەکەیان داوا دەکەین لە دایکی ڕێگەی نەدا بێتە دەرەوە تا منداڵانی تر توش نەبن، ئەم خاتوونە لە سەروەختی شەڕی جیهانی یەکەمدا لە بەچاوان ون دەبێت و تا ساڵی 1941 لەگەڵ دەستەیەک تیاترۆ بە گۆرانی بێژی دێتەوە سلێمانی.
مەلا فەتاح
دەنگخۆش و خوێندەوار بووە، مەقام زان و گەڕۆک بووە، پێش جەنگی جیهانی یەکەم لەسلێمانییەوە چووە بۆ ئێران لەوێ لەسەر ڕەخنەگرتن لە مەراسیمی شین و سنگ کوتان دەکوژرێت.
رەشە شایەر
گۆرانبێژێکی میللی بەناوبانگی سەردەمی خۆی بووە، دەنگی خۆش و لێزان بووە، لەگەڵ (سەعە گنە)ی میوزیک ژەنی میللیدا شایی و ئاهەنگەکانی سلێمانی بەرێوەبردووە، بەجۆرێک بەناوبانگ بووە سەرەی بۆ گیراوەو بەرنەکەوتووە.
عەلی خان
لە ئەسڵدا خەڵکی شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بەڵام ساڵی 1920 هاتووەتە سلێمانی.نابینا بووە، بەڵام تارژەن و دەنگبێژێکی بە تواناو بێ وێنە بووە.پێش ئەوەی ڕادیۆ بێتە سلێمانی ئەم هونەرمەندە شەوانە لە چاخانەکاندا لەگەڵ دوو کەسی تردا بە تەپڵ و دایەرە زەنگ و خۆشی بە تار بەستەی وتووە.
ئەحەی ناسر
لە سلێمانی لەگەڕەکی سەرشەقام لە خێزانێکی هەژار لەدایک بووە.لە تەمەنی 12 ساڵیدا چووەتە بەرخوێندن لای مەلای مزگەوتەکان کتێبەکانی گوڵستان و بۆستان و پەندی عەتاری خوێندووە. بەڵام زوو وازی لە خوێندن هێناوەو ڕووی کردووەتە بواری هونەرو وتنی ئاوازو گۆرانی.
ئەحەی ناسر دەنگێکی یەکجار خۆشی هەبووە، زۆرینەی مەقامە ڕۆژهەڵاتییەکانی زانیوە.جگەلە مەقامە کوردییەکان.دەڵێن مەقامی سەفەر کە تایبەتە بە ناوچەی سلێمانی لەلایەن ئەمەوە لە نەغمەی بەیاتەوە دەریهێناوە، ئێستا بووەتە مەقامێکی کوردی ڕەسەن.
ئەحەی ناسر ناسراوی و دۆستایەتی لەگەڵ کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو ڕۆژگارەی کوردەواریدا هەبووە لەوانە: مەحمود پاشای جاف، سەید ئەحمەدی خانەقا، حەپسەخانی نەقیب، زۆربەی ژیانی لە ئێران لە کرماشان و هەمەدان بەسەر بردووە.
دەگێرنەوە جارێک لە تاران دەروێشێک داوای یارمەتی لێ دەکات، ئەحەی ناسر هیچی پێ نابێت بیداتێ ، بۆیە بەگوزەرو بازارەکەدا دەست دەکات بە گۆرانی وتن و خەڵکەکە زۆریان پێخۆش دەبێت و ئەوەندەی لەدەستیان بووبێتەوە پارەی پێدەدەن و ئەویش دەچێتەوە لای دەروێشەکەو هەمووی پێ دەبەخشێت.
ئەحەی ناسر بەهۆی ڕووداوێکی دوژمندارییەوە لە 30/9/1932 کۆچی دوای دەکات و لە گردی سەیوان بەخاکی دەسپێرن.
شێخ نوری شێخ ساڵح 1895-1958
شێخ نوری هەروەک چۆن شاعیر و نوسەرو ڕۆژنامەوانێکی بەتوانا بووە، لە هەمان کاتدا دەنگخۆش و گۆرانبێژێکی بەتوانا بووەو مەقامەکانی وتووە.
عەبە حەیران(1893-1972)
خەڵکی گوندی مڕانەی شارباژێر بووە، لە چوارتاو سلێمانی ژیانی بەسەربردووە، دەنگخۆش و گۆرانبێژێکی بە توانا بووە بەتایبەتی لە وتنی حەیراندا بۆیە هەر بەو ناوە ناسراوە.
رەوف بەگی ئیسماعیل بەگ
رەوف بەگ بە بنەچە دەچێتەوە سەر بابانەکان، ئەم هونەرمەندە یەکەم کەس بووە لە سلێمانیدا شارەزای ئامێری عود بێت و لێی بدا.
مەلا ئەحمەدی دیلان
خوێندەوار و شارەزای شعر بووە، مەلا ئەحمەد مەقامخوێنێکی بەناوبانگ بووە لە کۆڕی پیاوان و کەسایەتییە گەورەکاندا، بەماقەم شعری کوردی و غەیرە کوردی خوێندوەتەوە.مەلا ئەحمەد باوکی هونەرمەندانی دەنگخۆش محەمەد ساڵح دیلان و قادر دیلانە.
حەمەی عەلۆ 1870-1931
ئەم پیاوە گۆرانیبێژێکی خوێندەوار بووەو شعری شاعیرانی ناوداری لەسەر مەقامەکانی سێگا و مەقامەکانی تر وتووە.بێخودی شاعیر لەسەر بەهرەی ئەم هونەرمەندە دەڵێت:
(شوور)ێ بەیادی لێوی بڵێ ئەی(حەمەی عەلۆ)
ئەمما بە شیعری مونتەخەب و بەیتی (فەرد)وە
مەلا کەریم 1885-1938
ناوی تەواوی کەریم ئەحمەد محەمەدە، بەناوبانگە بە بولبولی کورد لە بنەڕەتدا خەڵکی مهابادە بەڵام هەر بەمنداڵی هاتووەتە سلێمانی.
نزیکەی 30 گۆرانی لەسەر قەوان تۆمارکردووە لەوانە: هاتەوە با بێتەوە خانم لە حەمامەوە، کە دەڵێن ئەمرۆ دەشت و کێو شینە، ئاگر بارانە، کاڵێ هەی لیمۆ، دەچمە سەر ناڵەشکێنە، شلێ یار، وەرگەڕێ ئاوێزانت بم، خانمی مەزەدار، هێزی پام نییە، ئەگەر هات و بزانێ من چلۆنم، غەزێمێ ، دیسان هات، هاتەوە بابێتەوە خانم لەنێو باخەوە...هەروەها چەند سرودێکی نیشتیمانیشی وتووە لەوانە: چەند شیرینە داروبەردی وەتەنم، فەخرە بۆ ئێمە کوردستان، دڵە لە دەردی وەتەن پەست و گیراوە. جگەلە لە چەندین مەقام. دواتر زۆربەی گۆرانییەکانی لەلایەن گۆرانبێژانی بەناوبانگ وتراونەتەوە.
ئەم هونەرمەندە بەتوانایە لەبەر باری خراپی بژێوی ناچار بووە بەپیشەی ناتری حەمام خۆی بەرێوەبەرێت، لە ڕۆژی 12ی حوزەیرانی 1938 ڕۆژنامەی ژیان هەواڵی مەرگی بەم جۆرە بڵاوکردووەتەوە: خوا عافوی کا، لەم هەفتەیەدا مەلا کەریم مەشهور بوو بە بولبولی کوردستان خاوەنی قەوانە کوردییەکان، ئەمری خوای کردووە، خوا عافوی کات.
دایکی جەمال 1908-1979
ناوی تەواوی بەهیجە ئیبراهیم یەعقوب بووە، لە ڕەسەندا جولەکە بوون و دواتر موسڵمان بووە، بووەتە هاوسەری پیاوێکی خەڵکی سلێمانی.ئەم خاتوونە هونەرمەندە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرهەم کوردییە تۆمارکراوەکانی سەر قەواندا هەبووە. ئەم خاتوونە هەر یەک لە گۆرانییەکانی: هەی بەللار و هەی گوڵ، هەی ئاغا و ئاغا، هەی خان، هەی ڕوحی شیرینم، خانمی سلێمانی، ئەسڵی وەسڵت سلێمانی، هەی بێنن بێنن، ئامێن و ئامین، و سرودی وەتەنی من کوردستانە و زۆری تری وتووە.
حەمەی ئەفەندی 1894-1948
ئەم هونەرمەندە لە سلێمانی لەدایک بووە، پیاوێکی ڕوخۆش و قسەخۆش و هێمن و میواندۆست بووە. لە کۆمپانیای بەیزافۆن چەند قەوانێکی تۆمارکردووە، لەوانە مەقامەکانی سێگا و ئای ئای و نەوا لەگەڵ بەستەی لەخرنگەی بێری بێری ئاوەڵ کەتانە-لەماڵی دۆستان بێ سەر بە لەرزانە.ی وتووە.
ئەم هونەرمەندە لەسەرەتادا تونچی حەمام بووە، پاشان چایخانەو دواتر دوکانی پێڵاوفرۆشتنی داناوە، پیاوێکی ئاینداریش بووەو هەموو هەینییەک لەمنارەی مزگەوتی گەورەوە سەڵاواتی خوێندووە.هەروەک لەگەڵ براکەیدا بانگێشتی ئاهەنگەکانی مەولود کراون. لە بەغداش لەگەڵ ئەعزەمییەو کازمییە مەقامە عیراقییەکانی خوێندووە.
رەشۆل 1912-1974
ناوی تەواوی ڕەشید عەبدوڵا میرزا عەزیزە، لە سلێمانی لەدایک بووە، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە بواری مەقام و ئاوازی کوردی.لە ساڵانی 1928-1930 لەگەڵ مەلا کەریمدا لە بەغدا دووقۆڵی گۆرانییەکانی : کەوای بەرت ماهوتە، خاسێ تۆ خانمی، دڵ لەدەردی وەتەن یان تۆمارکردووە.
لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لە ڕادیۆی کوردی بەغدا چەند مەقام و بەستەیەکی تۆمارکردووە. لەوانە مەقامی قەتار، خاوکەر، دەشت، و بەستەکانی: گوڵاڵە سورە، ئەم بەرەو بەرە.بە دوو قۆڵیش لەگەڵ مەحمود محەمەدا گۆرانی ئایشیلێ نازەنینێ و دەستم لێ مەدەن بە زام زەلیلم یان تۆمارکردوە. لەساڵی 1970شدا مەقامی قەتار و بەستەی ئۆخەی گردەکەی یارەی بۆ تەلەڤیزیۆن تۆمارکردووە.
رەشۆل پیاوێکی قسەخۆش و قسە نەستەقیش بووەو ڕێزی خۆی و خەڵکیشی زۆرگرتووە، بۆیە خەڵک زۆریان خۆش دەویست.
تەلە 1915-1978
ناوی تەواوی تاڵب مەجید قادر عوسمانە، لە گەڕەکی سابونکەرانی سلێمانی لەدایک بووە، ساڵی 1943 لە ڕادیۆی کوردی بەغدا گەلێک گۆرانی تۆمار کردووە.بەهۆی ئەوەی کاروانچی بووە زۆر شوێنی کوردستان گەڕاوە و بۆیە زۆر بەندو بەستەو بەیت و ئاوازی لەدەمی گۆرانبێژانی ئەو شوێنانە وەرگرتووە، دوای لە ڕادیۆ تۆماری کردوون. لەوانە: خانمۆڵێ ، بارانە، مەگری مەگری، زێنەبێ ، سەڵتە، ڕێحانەم دێراو دێراوە، پێم لێ نێ بووکە زارا.بەداخەوە پێش مردنی هەژاری ڕووی تێدەکات و 10ی 11ی1978 بە زەلیلی کۆچی دوای دەکات.
ئیبراهیم حەزین 1917-1970
لە سلێمانی لەگەڕەکی کانێسکان لەدایک بووە، پیاوێکی خوێندەوارو دیندار بووە، لە کۆڕی مەولود خوێندن و ئاینیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، لەسەر پیشەی چایچێتی و کوتاڵ فرۆشی ژیاوە، ساڵی 1947-1948 لە ڕادیۆی کوردی بەغدا چەند گۆرانییەکی تۆمارکردووە لەوانە: لیمۆ هەی لیمۆ، ئامین و ئامین، حەبیبم، یار جوانە.
قادر حاجی حوسێن 1922-1981
ئەم هونەرمەندە لە گەڕەکی گوێژەی سلێمانی لەدایک بووە، ساڵی 1942 لە ڕادیۆی کوردی بەغدا چەند گۆرانییەکی تۆمارکردووە لەوانە :گوڵکۆی تازەی لەیل، گوڵم گوڵم، بەخەیاڵی ئەو، مەقامی عوشاق، مەقامی غەمەنگێز. یەکێک لە گۆرانییە سەرکەوتووەکانیشی گوڵی سەربەستیە.
محەمەدساڵح دیلان 1927-1990
کوڕی مەلا ساڵحی دیلانە، لە سلێمانی لەدایک بووە، بەهرەی ئاوازدانان و شعرنوسینی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە، ئەم هونەرمەندە شاعیرو دەنگخۆشێکی بەناوبانگەو شارەزای تەواوی لە وتنی مەقامدا هەبووە بەتایبەت: ڕاست، سێگا، عەجەم، سەبا، موحەییەر، سەفەر، ئەڵڵاوەیسی.
چەند گۆرانییەکی بەناوبانگی هەیە لەوانە: پاییز، دەروێش عەبدوڵا، ئەژدەهاک، نائومێدی، وەفدی کوردستان، نەورۆز.
هەروەک ئاوازی سرودی(ئەم ساڵی تازەیە نەورۆز هاتەوە) کە هۆنراوەی پیرەمێردە داناوە کە یەکێکە لە ئاوازو سرودە بەناوبانگەکانی کوردستان.
کەریم کابان 1929-2014
کوڕی مەلا جەلالی کابانە. لەسلێمانی لەدایک بووە، باوک و براکانی بە دەنگخۆشی ناسرابوون. زۆربەی مەولودی سلێمانی مەلا جەلالی کابان دەیگێرا.
کەریم کابان ساڵی 1944 چووەتە ڕادیۆی کوردی بەغدا و چەند گۆرانییەکی تۆمارکردووە لەوانە: بەری بەیانە، زڕەی فنجانە، یار جوانە، لە مابەینی گوڵ و گوڵزار، خۆزگەم بە پار.ساڵی 1976 بووەتە ئەندامی تیپی میوزیکی سلێمانی و چەند گۆرانییەکشی بۆ تەلەڤیزیۆن تۆمارکردووە لەوانە: یاران وەسیەتم ئەمە بێت لاتان، شەو، خەنەبەندان. لە کۆتایی تەمەنیشدا گۆرانییەکی بەناوی تەمەن بڵاوکردەوە کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
شەماڵ سائیب 1931-1987
کوڕی جەلال سائیب کوڕی مەلا ئەحمەد سائیبە، لە بنەماڵەکەیاندا چەندین شاعیر و نوسەر و هونەرمەند هەڵکەوتوون.
شەماڵ سائیب لە ڕادیۆی کوردی وەک میوزیک زان و گۆرانبێژ دەست بەکاربووە، لە ڕادیۆی کوردی و کۆمپانیای چەقماقچی چەند گۆرانییەکی تۆمارکردووە لەوانە: هەرَ لەیلێ ، پێم بڵێ ، ئازیز بەهارە، بۆ هاتی، هاوار سەد هاوار، بەردەبەردە، دەمەکەت بێنە، بۆ تۆیە دڵ بۆ تۆیە.
شەماڵ سائیب بە هونەرمەندێکی گەورەو مامۆستا دادەنرێت و زۆربەی ئاوازو وشەکان هی خۆیەتی.
عوسمان عەبدول ڕەحمان (سابونچی)1931-1970
لە سلێمانی و لەگەڕەکی سابونکەران لەدایک بووە، لە ساڵی 1945-1946 چووەتە ڕادیۆی کوردی بەغدا، چەند گۆرانییەکی تۆمارکردووە لەوانە: لەبیرت نەچم، ئەی کچی جوان، خۆزگە وابوایە. پاشان بووەتە ئەندامی تیپیی میوزیکی مەولەوی لە سلێمانی.
دەروێش عەبدوڵا 1890-1950
عەبدوڵا قادر محەمەد، پیاوێکی قەلەندەر، گەڕۆک, بەهرەمەند، دەنگخۆش و دەف ژەن بووە. زۆربەی ژیانی لە سلێمانی بەسەر بردووە. هەر لە سلێمانیش کۆچی دوای کردووەو لەگردی شێخ محێدین نێژراوە.
دەروێش عەبدوڵا لە شەوێکی ڕەمەزاندا لە یەکێک لە ماڵەکانی سلێمانیدا کاسێتێک تۆمار دەکات کە مەقامەکانی سێگا و بەستەکانی: غەزالێ ، خوایە هەڵکەی بای شەماڵێ ، بۆم لێدە چەنگ و عودە، خەدەنگی قەوسی ئەبرۆی تۆ، قوربانی دوو ئەبرۆی، وەک قومری لە باخ و جۆباران، هەورێکی هێنا، پرسیم لە چیمەن و ئەگەر بمێنم، هەرمێ وەی هەرمێ تۆمار دەکات و بەمەش بۆ هەتا هەتا دەنگی بە نەمری دەهێڵێتەوەو دەبێتە شاهیدی بە توانای ئەو هونەرمەندە.
دەروێش عەبدوڵا برایەکی تری هەبووە بەناوی فەقێ ئیسماعیل، ئەمیش دەوری دیاری هەبووە لە بڵاوکردنەوەی بەیت و بەند و بەستەی ڕەوان و ڕەسەنی کوردی.
فەرەجی حاجی ڕەشید(فەرید)1922-1979
ئەم هونەرمەندە گۆرانی بێژێکی میللی بێ تەرەتان و هەژار بوو، کەسێکی سادەو قسەخۆش و بێ غەل و خەش و ڕەوشت بەرز بوو، چەند گۆرانییەکی لەدوای بەجێ ماوە وەک مەقامی خەنەباد, لەبەرنازی چاو بازان، ئەرێ هات، خۆم بە خوڵامی سوخمەی کۆنی، لە سیلەی شێخ مەولانا ومارگێ و ماریانا.
رەفیق چالاک 1924-1973
رەفیق چالاک ئەدیب و هونەرمەندێکی مەزن بوو، گەلێک بەهەرە لەم پیاوەدا هەبوو، لە مەقام و بەستە خوێندندا هونەرمەند بوو، ئەو ئاوازانەی تۆماریکردون: ئەی چاو چەشنی بازی قەفەز، دوو ئاوانەکەی، مردنە بێ تۆ ژیانم، دادەنگ، ئارامی ئارامی، ئامۆزا گیان و سەوزە مەرۆ سەوزەکە.
عوسمان شارباژێری
نوسەر و شاعیر و دەنگ خۆش بووەو ساڵی 1960-1961 بەهاوکاری میوزیکی مامۆستا ولیەم وحەننا چەند بەرهەمێکی تۆمارکردووە، لەوانە مەقامی سەفەر، هومایون، سەبا، ئەی خوایە لەم ئاگربارانە.
جگەلەوانەی سەرەوە لە مێژووی سلێمانیدا چەندان هونەرمەندی گۆرانبێژ هەبوون و هەر یەکەیان بەهرەمەندی بەتوانا و شارەزا بوون لەوانە:
کاکە حەمەی بەکر، مەحمود تۆفیق شلک، ئەحمەد شەماڵ، ئەمین ئیبراهیم، قادر کابان، جەمال کابان، ئەسعەد قەرەداغی، جەمال جەلالی قادر ئاغای عەتار، دڵشاد مەسرەف، کەریم خەمزەی، عەباس تۆفیق شلک، عومەر ڕەزا، عومەر خەمزەیی، سەڵاح مەجید، شەوکەت ڕەشید، تۆفیق عەلی، حەمە جەزا...هتد.[1]