قوماش 118
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
نووستبووم، لەگەر دەنگی تەقەی بەخەبەر هاتم، تەقەکان زیادی دەکردو نێزیکتر دەبۆوە، گێم لە ڕمبەی پێی دەرێ دەبوو، بە عارەبی هاواریان دەکرد: هەرێن، خۆتان قورتارکەن، موخەڕیب هاتن، یاڵلا بڕۆن! ئەمن ترسەکم لێنیشت و لە ژۆرێ خۆم مات کرد، ترسی ئەوەم هەبوو بێنە ژۆرێ و بمکوژن، تەقەکە هەر زیادی دەکردو زۆر جار دەنگی ئارپێچی و بیکەیسیش دەهات، پەنجەرەکی گچکە لە برندایی ژۆرەکەم بوو، لەوێ ڕۆشناییم دەدیت و وەکی برێی بە ئاگری دەچوو، ئەو تەقە کردنەکە زیاتر لە پێنج شەش سعاتی پێچوو، وەختەکی ناو دائیرەی ئەمن کش و مات بوو، خشپەی پێش نەدەهات، گۆتم: خوایە دەبی چببی دنیا ئەوها بێ دەنگە، دەنگی تەقەی دەهات، بەران لە دووری، وەختەکی بووە غەربەغەرب و هەراوهۆریا، گێم لێبوو هاوریان دەکرد: وەرنە ئێرە گیرایەکان لێرەنە، ئەو ژۆرانە پڕی زەلامە، بگەڕێن بیانبیننەوە، کێ دەرێ لەبن عاردی نینە، وا تێدەگەم بن عاردی هەمووی سجن بی! هێدی هێدی لە ژۆری من نێزیک بوونەوە، گێم لێبوو دەرکەکانیان بە کووتکان دەشکاندو تۆپ و کلیلەکانیان لێدەکردەوە، گەیشتنە دەرکەی ئەو ژۆرەی ئەمنی لێبوو، ئێکەک بە کوردی هاواری کرد: کێ لێرەیە وەرام دەوە! هاوارم کرد لێرەم، لێرەم، دەرم بینن! ئەویش هاواری کرد: وەرن جەماعەت وەرن، ئێکەک لەو ژۆرەیە، ئیدی بە کووتکان کەتنە سەر دەرکەکەی و شکاندیان، تۆپ و کلیلەکەیان لێکردەوەو دەرکەیان کردەوە، وەکی چاویان بەمن کەت زەندەقیان چوو، ئێکیان گۆتی: بسم اللە الرحمن الرحیم، ئەوە چیە، جندوکەیە یان دێوە! ئاخر ناهەق نەبوو سەرو پرچم بەتەواوی تێکەر ببوو، بەس فانیلەک و دەرپێ قووتەکم لەبەربوو، ئەویش لەناو چرک و پیسی هەمووی ڕزی بوو، نەمتانی هەستمەوە، قیتیان کردمەوەو گۆتیان ئەتوو کێی، چی؟ گۆتم: نازانم کێمەو چمە، ناشزانم لۆ لێرەمەو چدەکەم! زۆریان پێ عەنتیکەبوو، ئێکیان گۆتی: کاکە وەڵلا ئەوە لەگەر تەعزیبی ئەوهای لێهاتیە، هەندیان لێدایە ناوی خۆشی لەبیر کردیە، قۆریان گرتم و ئەمنیان بردە دەرێ، لەناو هەدیقەی لەسەر کورسیەکیان دانام، هەندە ئاویان دامێ، تەماشام کرد دنیا تێک قژقژایە، لەوانەیە دوو هەزار کەسی شەروار لەپێ لەو ناوەی بوو، هەر بابایەو کلاشینکۆفەک، یان دەبانچەک یان بڕنۆیەکی پێیە! مشەوەشیەکە نەبتەوە، کۆمەرەکی گەلە زۆر بەس خەریکی هینانە دەرێی مێزو کورسی و سۆبەو تەلەفزیۆن و کومباری بوون، هەندەک بە کووتکان لە دەرکەو پەنجەرەکانیان دەداو دەیانوویست دەریبنن و بیبەن، کۆمەرە مەیتەکم لەناو هەدیقەی دیت، زابتەکەم ناسیەوە کە لەمنی دەداو تەحقیقی لەگەر دەکردم، سێسەت چارست کەس دەورەی لەمن دابوو، هەر بابایە و پرسیاری لێدەکردم، هەموویان ببوونە موحەقیق، ناوت چیە، خەرکی کێندەری، لۆ گیرای، کوڕی کێی، داکت و بابت کێنە، ئەمن هیچم نەدەزانی و ئەوەی دەشمزانی لەبیرم چووبۆوە، کەس نەبوو برێ شەروارەکی لەپێکەن، دوو چەکدار هاتن و گۆتیان: کاکە با بیبەینە بەرەی کوردستانی و لەوێ تەحقیقی لەگەر بکرێ و بزانین کێیەو کەس و کاری لە کێندەرێنە، هەموو گۆتیان زۆر باشە بیبەن، گوناحە ئەو بەستەزمانە، بەشکو کەس و کاری دەیناسنەوە! وەختەکی ئێکەک هاواری کرد: مەیبەن، وەڵلاهی وابزانم ئەمن ئەوەی دەناسم!
گۆتیان: دەوەرە پێش بزانین دەیناسی، کابرا هاتە پێش و بەینەکی تەماشای کردم، گۆتی: وەڵلاهی وابزانم ئەوە لەگەمن تەلەبە بووە لە کولیەی، ڕەنگی غەریب نیە، ڕاوەستن با یەک دوو پرسیاری لێبکەم، هاتە پێش و گۆتی: کوی؟ گۆتم باشم بژی، گۆتی: دەمناسیەوە؟ بەینەکی تەماشام کردو فرمێسک بە هەردوو چاوم داهاتە خوارێ، گۆتم: لۆ ئەمن خۆم دەناسمەوە هەتا ئەتوو بناسمەوە، گۆتی: هەی سەلامەت بی ئەدی پێکەوە نەبووین لە کولیەی، ئەدی ئەتوو مارتان لەکن خەستەخانەی جمهوری نەبوو، بابت مەلایەو ئێستا چاوی نابینی، زۆرم فکر کردەوەو مێشکی خۆم کووشی و هیچم بەبیر نەهاتەوە، گۆتم: نازانم و هیچم بەبیرنایێ! گۆتی: کورە ئەمن شۆڕشم شۆڕش، ئەوی داکت پێی دەگۆتم شۆڕە چاو بە جیق، هەموو جارێ ئەگەر کفتەی لێنابا دەیگۆتە توو: با شۆڕە چاو بە جیق بێ کفتەکی بخوا حەزی لە کفتەیە! هەر چەندی کردم و کردم هیچم بەبیر نەهاتەوە، هەر ئەوەندەم پێکرا تێر تێر بگریێم و برێم: وەڵلا هیچم بەبیر نایێ، ئەی هاوار دەپێم برێن ناوم چیە، کوڕی کێمەو مارم لەکێیە، خێرتان دەگاتێ بمبەنەوە مارێ، بابزانم مارم لەکێیەو ئەمن کێمە! شۆڕش گۆتی: کاکە ئەمن دەیبەمەوەو ماریان پێ دەزانم و داک و بابی دەناسم، ئەگەر پێشم باوەڕ ناکەن با دوو چەکدار لەگەرم بێن، بەران جارێ شەروارەکی لۆ پەیداکەن، خۆ ناکرێ ئەوها بە دەرپێ قووتەو فانیلەی بیبەینەوە، ئێکەک گۆتی: وەڵلا جاشەک لەودیووی سەگتۆپ کرایە، با شەرواری وی بینن لەپێی کەین و بیبەینەوە مارێ، دوو کەس غاریاندا شەروارە قاوەییەکەی جاشەکەیان لۆ هینام، گۆتیان ها لە پێکە! شەروارەکەم لەپێ کرد و ئێکەکیش کراسەکەی خۆی لەبەر کردەوەو دایەمن و گۆتی: ئەو کراسەش لەبەرکە! ئەویشم لەبەرکرد، قۆریان گرتم بمبەنە دەرێ، هەر بابایە دەهات باوەشی پێدەکردم و ماچی دەکردم و لۆم دەگریان، کابرایەک کامیرەکی پێبوو کۆمەرە ڕەسمەکی گرتم، هێدی هێدی ئەمنیان بردە دەرێ و پیکابەکیان هیناو گۆتیان سواربە! خەرک دەهات و پرسیاری کوڕو برای خۆیان لێدەکردم کە گیرابوون، دەمگۆ: نازانم و کەسم نەدیتیە! ئیدی ئەمن و شۆڕش سواری پیکابی بووین و بەڕێکەتین!
ئەمن و شۆڕش لە پێشی پیکابی بووین و دوو چەکداریش لە پشتەوە، لۆلای محافەزەی بەسەرکەتین، چەندین مەیتم دەدی لە جادەی کەتبوون، هەندەکیان ئاگریان تێبەردابوون، هەندەکیش سووتێدنرابوون، بێجگە لەوەش کۆمەرەک تڕومبێلی سەربازیم دیت سووتابوو، هەرکەسەو ئاڵایەکی کوردستانی پێبوو بایدەداو هەردەپەڕی، گەورەو گچکە چەکی پێبوو، لەپێش محافەزەی شاییەک دەگەڕا نەسەری دیاربوو نەبن، زۆرم پێ عەنتیکەبوو، گۆتمە ئەو کوڕەی گۆتی ناوم شۆڕشە: ئەرێ ئەوە چبووە، ئەو هەرایە چیە؟ گۆتی: میللەت ڕاپەڕی و پێشمەرگە هاتنە خوارێ، دارو دەستەی سەدامیان لەناو بردو ئەوەی کوژرا کوژرا، ئەوەی هەراتیش هەرات، وا هێز کۆدەکرێتەوەو خەرک دەڕوا لۆ کەرکووکێ، هەتا ئەوێش ئازاد بکەن! ئەمن سەرم لەو قسانە دەرنەدەچوو، نەمدەزانی مەسەلە چیە، لەهەمووشی عەنتیکەتر ئەوەبوو؛ هەر بابایەو کەل و پەلی باردەکاو دەبا، داروبەردیان لووس کردبوو!
پیکابەکە بەینەکی باش ڕۆیی، دوایێ لەپێش مارەکی ڕایگرت، شۆڕش تەماشا منی کردو گۆتی: ئێرەت بەبیر دێتەوە؟ گۆتم: نەخێر! گۆتی: ئەو دەرکە مارینگۆیە، پەنجەی درێژ کردو گۆتی: ئەوەش خەستەخانەی جمهوریە، ئەمن و ئەتوو هەموو جارێ لێرە پیاسەمان دەکرد، گۆتم: ئەتوو لەگەمن پیاسەت دەکرد؟ گۆتی: ئا ئا، پاشی کولیەش برادەراتیمان مابوو، ئەتوو کە جاری پێشی گیرای زۆرت لۆ گریام، گۆتم: لۆ ئەمن پێشتر گیرابووم؟ گۆتی: ماخران لە غورفەی ئیعدامی دەربازبووی، بەس مابوو کندرت لەملی بکەن، لێبوردن هات! ئەمن هەر تەماشا شۆڕشم دەکردو سەرم لەهیچ دەرنەدەچوو! شۆڕش گۆتیە من: جارێ لەناو تڕومبێلی بە، ئەمن دەچم لەگەر داک و بابت قسەی دەکەم، ئەوجە دەتهینمە خوارێ، دەبی تێیان بگەینم وەزعەکە کووە! شۆڕش هاتە خوارێ و لە دەرکەی مارەکەی دا، وەختەکی ژنەک کردیەوە، چەفیەکی سپی لەسەری بوو، چاک و چۆنی لەگەر شۆڕشی کردو چووە ژۆرێ!
لە هیکڕا دەرکەی ئەو مارەی بەتووندی کراوەو ژنەک بە غاردان و بە پێ خواسی لۆلای من هات، گەیشتە کن دەرکەی پیکابی و سەری هینا ژۆرێ، وەکی چاوی بەو سەرو ڕدێنەی من کەت، لە هۆڕژنی گریانێی داو بەربۆوەو لەخۆ چوو و کەتە ئەو گۆڕەی، شۆڕش هاتە دەرێ و دەستی پیاوەکی گرتبوو، دیاربوو ئەو پیاوە چاوی نەیدەدیت، ئەوانیش هاتنە لای پیکابەکەی، دوو چەکدارەکەی پشتەوە دابەزین و ژنەکەیان قیت کردەوەو بردیانە بن دیواری خانیەکەی، ئەو پیاوەی چاوی نەیدەدیت، هینایە پێش، شۆڕش قۆری گرتم و ئەمنی هینا خوارێ، پیاوە نابیناکە باوەشی پێکردم و تێر تێر بۆنی کردم، ئەوجە لە هۆڕژنی گریانێی داو گۆتی: هەوە، ئەوە کوڕی منە، بۆنی کوڕی منی لێدێ، بە بۆنی ناسیمەوە، ئیدی باوەشی پێکردم و هەر ماچی دەکردم و دەگریا، وەختەکی هەموو کۆران لێمان خڕبوونەوە، بووە هەرایەک نەبیتەوە، ژنەک هەندە ئاوی هیناو بە دەموچاوی ئەو ژنەی داکرد کە لەخۆ چووبوو، ژنەکە بەخۆ هاتەوە، قیتیان کردەوەو هینایانە لای من، ژنە باوەشی تێکردم و تووند تووند ئەمنی گرتبوو و بەری نەدەدام، هەر دەیگریاو دەیگۆ: وەی لۆت کۆرەبم کوڕی خۆم، وەی خوایە ئەو کوڕەی من لۆ وەی لێهاتیە، خۆ ئەمە وامانزانی چوویتە خاریج، چ بزانین دیسان گیرایتەوەو لە سجنێ دایانڕزاندیە! ئەمن نەمدەزانی چبرێم و چبکەم، هەرچەند دەمکرد کەسم بەبیر نەدەهاتەوەو نەمدەزانی ئەوانە لۆ وەدەکەن، هەر کەسەو دەهات ماچی دەکردم و لۆم دەگریا، خەرکەکە هەم خەمباربوو هەم دری خۆشبوو!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 599 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!