قوماش 124
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بابم گۆتی: کێڕان هەلهەلەت لێدا، کێ دەرێ ئەو سەرۆک جاشە هەوە کە کوژرایە، داکم گۆتی: درم دەرێ هەوەو بازۆ لێیدایە، بابموان لەو مشەوەشیەی دابوون، پیکابەکی پڕی چەکدار بە تووندی هات و لە پێش دەرکەیمە ڕایگرت، سێ چار چەکدار خۆیان فڕێداو لۆلای بابموان هاتن، ئێکیان سەلامی کردو گۆتیە بابم: بازۆ سەلامت لێدەکا، گۆتی: پێیان برێ بابچنە ژۆرێ و نێنە دەرێ، بابم گۆتی: قاتی لەو سەرۆک جاشەی نەدایە؟ کابرا گۆتی: بەرێوەڵلا، بابم گۆتی: خۆ بازۆ سەلامەتە، کابرا گۆتی: سەلامەتە، بەس گوللەکی بە قۆری کەتیە، ئەویش چنیە بەس گۆشتی گرتیە! داکم گۆتی: ئیشاڵلا سەرۆک جاشەکەی تۆپاندیە؟ کابرا گۆتی: سەتاسەت تۆپیە، هەناوی نەما لەگەر گوللان، قەت بڕوا ناکەم دەربچی! کابرا خواحافیزی کردو ڕۆیی، ئەمەش دەرکەمان پێوەداو چووینە ژۆرێ، داکم و بابم لەگەر ئەوەی ترسەکیان هەبوو، بەران دریان زۆر خۆشبوو چونکە بازۆ ئەو زەبرە گەورەی وەشاندبوو، هەرکووی هەبوو ئەو شەوە بەڕێکرا و بەیانی بۆوە و چاوەڕێی خەبەرەکی بووین، بابم گۆتیە داکم: بڕۆ بزانە دختۆر شێرۆ لەمارێیە، ئەگەر لەوێ بوو، پێی برێ بێ ئیشم پێیتی، داکم لۆ ماری دختۆر شێرۆی چوو، وەختەکی هاتەوەو دختۆر شێرۆی لەگەر بوو، سەلامی کردو گۆتیە بابم: فەرموو ئەمرکە! بابم گۆتی: جارێ دانیشە چایەکی بخۆوە، ئەوجە پێم برێ ئەوشۆ چووبوویە تەواری یان نا؟ شێرۆ گۆتی: ناوەڵلا نەچووبووم، ئەوشۆ لەمارێ بووم و لەگەر برایەکانم دوو شەشمان دەتۆپاند، بە ناشوکری نارێم کارەبایەکە نەما ڤیدیۆی ئیش پێبکەین و لە دیار فەلیمی ئیبراهیمی بگرێین! بابم گۆتی: واز لە دوو شەش و ئیبراهیمی بینە، ئەو چایەی بخۆوەو بڕۆ تەواری، ئەشۆ بازۆ بەخۆو بە کۆمەرە چەکدارەکی بەسەر ئەو سەرۆک جاشەیان دادایە، زوو خەبەرەکم لۆ وەرگرە، بزانە مایە یان مردیە؟ شێرۆ گۆتی: وەی بەسەر چاو هەر ئێستا دەچم و خەبەرەکی ڕاست و ڕەوانت لۆ دەینمەوە، شێرۆ چایەکەی خواردەوەو لێیدا ڕۆیی، گەیشتە دەرکەی حەوشێ و هاتەوە، گۆتیە داکم: دایە حاجی دە هەندەکم لۆ لەو دیشلەمەی لە زەرفەکی کەو بمدێ، ماشەڵلا بەتام بوو، ئەوە بەخۆت دروست کردیە، داکم گۆتی: بەرێ، بەخۆم دروست کردیە، ممکینە وەکی ژنە بێ وەجەی تووبم، بەس لەدیار فلیمی ئیسماعیلی دانیشم! شێرۆ لەسە پشتێ کەت، گۆتی: ئیسماعیل نیە نە، ئیبراهیمە، داکم هەندە دیشلەمەی لۆ لەزەرفی کردو دایە شێرۆی، شێرۆش خواحافیزی کردو ڕۆیی!
بابم نیگەران بوو، لە دەرکەش بدرابا، دەیگۆتە داکم تەئکیدکە کێیە ئەوجە بکەوە، نەوەک ئەو جاشانە بیانەوێ زەڕبەکمان لێبدەن، داکم گۆتی: باشە دەبی هەورین سەلامەتبی؟ بابم گۆتی: ئیشاڵلا سەلامەتە، ئەگەر چشتەکی لێهاتبا خەبەرەک هەردەبوو، داکم گۆتی: ئەو سەرۆک جاشە ئەوجارە دەربازبی، سەتاسەت هەورینی دەکوژی، نایێلی جارەکیدی لەسە دنیایێ بمینێ! بابم گۆتی: ئەو قسەی مەکە، ئیشاڵلا تۆپیەو ئێستا مەیتی لە تەشریحی کەتیە!
بووە پاش عەسرەکی درانگ و شێرۆ هەر نەهاتەوە، بابم لە حەوشێ دەهات و دەچوو، داکم گۆتی: ئەوە چیە ئەوها خۆت مشەوەش کردیە دەدانیشە و هەندە قورئانی بخینە، بابم گۆتی: ئەمن بە دەرەجە یەک خەمی بازۆیمە، زۆر دەترسێم بانگی کەن و موحاسەبەی بکەن لەسەر ئەو شەڕەیی و برێن ئەتوو کوو تەقەت لەو شۆڕشگێڕە قارەمانەی کردیە! داکم گۆتی: ئەیڕۆ کوو چشتی وا دەبی، ئەوانە پەنجا سارەی لەو چیایەینە و جاشان دەکوژن، هەونکە کوو ئەو ئیشەی دەکەن! بابم ئاخەکی هەرکێشاو گۆتی: چاوەڕێی هەموو چشتەکی بکە!
پاش عیشایەکی درەنگ بوو لە حەوشێ دانیشتبووین، دەکم نەفتی لە فانۆسی دەکردو بابیشم گێی دابووە ڕادیۆی، ئێسگەی لەندەنی کردبۆوەو باسی دانووستانی کوردو بەغدای دەکردو دەیگۆ وەفدەکی کوردی وا لەبەغدایێیەو خەریکی کۆبوونەوەینە، وەختەکی لە دەرکەی درا، داکم بڕەک چووە پێش و گۆتی: کێیە ئەوە! لەودیووی دەنگەک هات و گۆتی: دختۆر شێرۆ!
داکم چوو دەرکەی کردەوە، شێرۆ هاتە ژۆرێ، سەلامی کردو لە تەنیشت بابم لەسەر کورسیەکی دانیشت، بابم بەخێراتنی کردو گۆتی: دختۆر قسان بکە، بزانین ئەو کابرایە مایە یان نا؟ دختۆر شێرۆ گۆتی: چت پێ برێم، مردبوو، بەران زندیان کردەوە، بابم گۆتی: کوو چشتی ئەوها دەبی؟ شێرۆ گۆتی: هەتا گەیاندیانە خەستەخانەی بەس هەناسەی مابوو، دختۆری دنیایێ دەورەیان لێداو دە سعاتی ڕێک لەناو عەمەلیاتی بوو، هەرچی مەسوول بوو لە تەواری بوو، دەیانگۆ نابی ئەو شۆڕشگێڕە قارەمانە بمری، هەندەی نەبرد سێ چار دختۆری ئەلمانی و فەڕەنسییان هینا، کە لێرەبوون و لەگەر چەند ڕێکخراوەکی هاتبوون، کاکە چوونە ناو عەمەلیاتی و بە هەموو لایەکی زندیان کردەوە، زیاتر لە سی بتل خینیان تێکردیە، ئیدی ئەوها زندیان کردەوەو تەواو! بابم گۆتی: لاحەولەوەلاقوەتەئیللا بیللا، ئەتوو بڕۆنێ ئەمە چ زەمانەکە تێیکەتینە، کوو ئەو جاشەیان لەمە کردیتە شۆڕشگێڕو قارەمان! شێرۆ گۆتی: وەڵلا ئیشەکە هەر ئەوەندە نیە، گێم لە مەسوولەکی بوو، دەیگۆ لەڕێی ئەو ڕێکخراوانە خەریک دەبین بیبەینە ئەلمانیایی و لەوێش چارەی بکەین، لە هەمووش ناخۆشتر مەسوولەک گۆتیە کۆمەرە چەکدارەکی: بڕۆن هێزەکی گەورە دروست کەن و کوون بەکوون لەدوو بازۆی بگەڕێن و دەم ودەست بیکوژن! بابم هەستاوە چووە ژۆرێ، جلکی گۆڕی و هاتە دەرێ، گۆتی: هەستە شێرۆ هەستە، بابچینە ماری بازۆیی و بزانین لەوێیە، زوو خەبەرەکی بدەینێ و پێی برێین با ئاگای لەخۆبی، نەکوو زەڕبەکی لێدەن! داکم گۆتی: ئەمەش نێین؟ بابم گۆتی: ناوەڵلا ئەنگۆ لێرەبن و دەرکەی پێوەدەن، ئەمە بە سەریعی دەچین، وەخەبەرەکی دەکەوین و دێینەوە، ئیدی بابم و شێرۆ چوونە دەرێ و ئەمن و داکیشم لەژۆرێ ماینەوە!
ئەمە لە ژۆرێ دانیشتبووین، زەکیەی قادرقرپەستووری بە مشەوەشی هات، گۆتیە داکم: ئەوە مامەستا لۆ ئەوها بەمشەوەشی لەگەر دختۆر شێرۆی ڕۆیی، خۆ هیچ نەبووە؟ داکم گۆتی: دیارە نەتزانیە خوشکۆرە، ئەدی بازۆ تەقەی لە سەرۆک جاشەکەی نەکردیە، ئێستا سەرۆک جاشە مایەو نەتۆپیە، وا چوونە مارێ بازۆی، ئەگەر لەوێبی، پێی برێن ئاگای لەخۆی بی، نەکوو جاشەکان زەڕبەکی لێدەن! پلکە زەکیە گۆتی: ئەو سەگبابە لەمە بوویتە پشیلەی عەفت ڕوع و نامری و نامری، یاڕەبی خوایە خەدەنگی(تیر) وە هەناوی کەوی و ڕاست نەبیتەوە!
دەوری سعات و نیوەکی پێچوو، بابم و دختۆر شێرۆ هاتنەوە، داکم گۆتی: ئەوە لۆ ئەوها بێتاقەتن، خۆ بازۆ چی لێ نەهاتیە؟ بابم گۆتی: وەڵلاهی نازانم چبرێم و کوو سەرم لەو هەرایەی دەربچی! داکم گۆتی: لۆ؟ بابم گۆتی: حیزبەکەی بازۆ چەکی لۆ هەرگرتیە، بازۆی گرتیەو لە حەپسخانەی کردیە، چونکە لەو سەرۆک جاشەی دایە! داکم گۆتی: ئەی کۆرەبم، ئەوجە کوو دەبی بیگرن! بابم گۆتی: پێیان گۆتیە، ئەتوو پەیوەندیەکانی مە لەگەر حیزبی بەرامبەر تێک دەدەی!
حەفتەک بەسەر ئەو وەزعەی تێپەڕی و داکم و بابم هەم دەترسان، هەم خەمی بازۆشیان بوو، ترسی ئەوەیان بوو بازۆ ببیتە قوربانی حەلکردنی ئەو کێشەی لە بەینی ئەو دوو حزبەی بازۆ لەگەر ئێکەکیانەو سەرۆک جاشەکەش لەگەر ئەویدی، ڕۆژەکی داکی بازۆی بە تەنگاوی هاتە مارێمە، گۆتیە بابم: خێرت دەگاتێ بچی هیممەتەکی لۆ بازۆی بکەی دەترسێم بیکوژن! بابم گۆتی: ئەوجە ئەمن کێ دەناسم هەتا بچم تەکلیفی لێبکەم؟ گەلاوێژ گخان گۆتی: دەرێن ئەوەی گرتیتی وەختی خۆی لەگەرە توو تەلەبە بووە، بابم گۆتی: ئەگەر وەبی سەهلە، وا دەنێرمە دوو دختۆر شێرۆی بێ و لەگەوی دەڕۆم، داکم چووە دوو دختۆر شێرۆی، هەندەی نەبرد هات، بابم لەگەوی ڕۆیشتن بچن مەسوولەکەی ببینن، گەلاوێژ خان و داکم و ئەمنیش لەمارێ ماینەوە.
بابم و دختۆر شێرۆ بەینەکی باشیان پێچوو، ئەوجە هاتنەوە، سەلامیان کردو دانیشتن، داکم سەرو پەرداخە ئاوی دانێ، خواردیانەوەو گەلاوێژ خان گۆتی: دەلۆم باس بکەن بزانم چتان کرد؟ بابم گۆتی: وەڵلا چووینە بارەگای مەسوولەکەی لێیە، لە دەرکەی سەلاممان لە حەرەسەکەی کرد، لە باتی وەرامی سەلامی بداتەوە، گۆتی: ئاردمان نەمایە، بڕۆن ڕامەوەستن! گۆتم: کوڕم وەتێدەگەی هەموو کەس وەکینگۆ دەرۆزەکەرە لۆ ئاردی بێ، هاتیمە مەسوولی ئێرە ببینم و بڕۆ پێی برێ فران هاتیە بتبین، ئەگەر گۆتی: کێیە؟ برێ: کەونە ولداش تەلەبەی خۆتە! حەرەسەکە چووە ژۆرێ و بەینەکی پێچوو و هاتەوەو فەرموویان لێکردین، چووینە ژۆرێ و ئەلهەقی ئەمنی ناسیەوەو بە گەرمی بەخێراتنی لێکردین، دانیشتم و چایەکمان خواردەوە، گۆتم: لۆ حارو حسابەکی ئەوها هاتیمە، یەکسەر ڕەنگی تێکچوو، گۆتی: بازۆ کێشەی لۆمە دروست دەکاو بەرژەوەندیەکانمان داوێتە مەترسی، ئەمە ئێستا هاتینەوە ناو شاری و دەبی سینگمان فراوان بی، ئەوەی ڕۆیی ڕۆیی و لاپەڕەکی نوێ هەردەدەینەوە، گۆتم: ئەو لاپەڕەی ئەتوو لۆ ئەو کەسەی هەری دەدەیەوە، خائین و خۆفرۆش و جاش بووە، کوڕەکی نازداری من بە سەبەبی وی چووە بن گوریسی سێدارەی، هەونکە تووشی لە فکر چوونەوەی بووەو بوویتە مندارەکی ساوا، ئەتووش لێی خۆش دەبی و بازۆی پێشمەرگەش لەسەوی داوێیە ژۆرێ! گەلاوێژ خان گۆتی: ئێ پاشان چتانکرد؟ بابم گۆتی: پاش بینەو بەردەکی زۆر، وەعدمان لێ وەرگرت بازۆی ئەزیەت نەدا، گۆتیشی ئەگەر بازۆ وەعد بدا لێرە نەمینێ و بچیتەوە سوید ئەوا ئەمن هەوڵەکی دەدەم سەرەوەی خۆمان ڕازی بکەم و بەری بدەین! هەرچەندە ناشزانم سەرەوەم پێ ڕازی دەکرێن یان نا!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!