خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی زایەڵەی تەمەن - بیرەوەری
#نەوزادی موهەندیس#
پێمخۆش بوو کە دوای خوێندنەوەی کتێبەکەی ئارێز عەبدوڵا بەناونیشانی (لە پشت دەرگا داخراوەکان هەولێر- دیاربەکر) کە وەکو خۆی دەڵێت وەک زایەڵەی تەمەن و بیرەوەری نووسیویەتی، خوێندنەوەیەکی بۆ بکەم، چونکە بەهەق کتێبەکە هەرچەندە لەچوارچێوەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی کاک ئارێزدا جێگەی گرتووە، بەڵام فرە ڕەهەندە و دەکرێت لە چەند گۆشە نیگایەکەوە لێی بڕوانرێت و بخوێنرێتەوەو وانە و پەندی گرنگی لێهەڵبهێنجرێت بۆ ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان و بەتایبەتیش بۆ گەنج و لاوانی ئەم سەردەمی ئازادی و حوکمڕانیە خۆماڵییەی کە 31 ساڵە بەردەوامە سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی و هەموو ئەو ڕەخنانەی کە ئاڕاستەی دەکرێن کە بەشی هەرە زۆریشی ڕوویان لە حکومەت و دەسەڵاتداران و سەرۆکی حیزب و حیزبە سیاسیەکان و کەسانی سەر شانۆی سیاسی ئەم هەرێمەمانە.
کتێبەکە بەقەبارەی نیو A4 و 432 لاپەڕەیە و بە دیزاینێکی جوانی بەرگ و ناوەڕۆکەکەی لەساڵی 2020 بەچاپ گەیشتوە. وەکو نووسەر خۆی دەڵێت: ئەم کتێبە لە 3 بەش پێکهاتوە :
یەکەم: دەربارەی زیندانی هەولێرە کە زووتر لە ژێر ناونیشانی (زیندان لە پەنجەرەکەمەوە) بڵاوکراوەتەوە.
دووەم: دەربارەی زیندانەکانی دیاربەکر و هەکاریە، کە زووتر لە ژێر ناونیشانی (لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە) سێ چاپی لێ بڵاوکراوەتەوە.
سێیەم: دەربارەی ماوەیەکی کورتی نێوان هەردوو زیندانەکانی هەولێر و دیاربەکرە (بادینان).
$لە مردنیش نزیک بۆتەوە$
ئەم کتێبە و بەهەر 3 بەشەکەوە، بریتیە لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی نووسەر خۆی لەنێوان ساڵانی 1985 تا 1989 کە لەو ماوەیەدا دووجاران دەستگیر کراوە، یەکەمجار لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعسی سەدامەوە لە3/4/1985 تا 18/9/1985 زیاد لە 5 مانگ زیندانی بووە لە بەندیخانەی ئەمنی هەولێر کە تەنها تەمەنی 21ساڵان بووە و لەماوەی ئەو گیرانەیدا ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بۆتەوە و تەنانەت هەندێک جاران لە مردنیش نزیک بۆتەوە، بەڵام گیانی خۆڕاگری و بەرخۆدان و خۆشەویستی نیشتیمان و باوەڕبوون بە ئازادی و سەربەخۆیی نیشتیمان و کۆمەڵگا و لە پێناو نەوەکانی ئایندە و خۆشگوزەرانکردنیان و وەدەرنانی داگیرکاران و وەدیهاتنی خەونی لە مێژینەی خۆی و هەزاران گەنج و لاوی کورد لەم بەشەی باشووری کوردستان و تەواوی کوردستانی گەورەشدا هەمیشە گیانی خۆڕاگری و مقاوەمەتی هێندە بەهێزبووە کە چۆکی بە سەیاف و دەرگاوان و ئەشکەنجەدەرانی داداوە لە وێنەی مولازم غەسانی تاوانبار و نەیانتوانیوە یەک وشەی نهێنی ڕێکخستنەکانی پێبدرکێنن و بەم کارەشی توانیوییەتی کە گیانی دەیان هەڤاڵی ڕێکخستنە نهێنیەکانی ئەوکات و خێزانەکانیشان لە مردنی دڵنیایی بپارێزێت.
$هەموو ڕۆژان لە پەنجەرەکەیەوە$
نووسەر زۆر بەوردی و بەشێوەیەکی هونەری و چیرۆک ئاسا ڕۆژانی ناو زیندانی خۆی دەگێڕێتەوە و ساتە ناخۆش و خۆشەکانیشی دێتەوە یاد کاتێک لەدوای ڕزگارکردنی کوردستان لەئەنجامی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991ی گەلەکەمان دژ بەدەسەڵاتی فاشی و عەفلەقی بەعسی سەدامی و هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و دواتر دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا ئارێز عەبدوڵڵا لەمیانەی کارکردنی وەک کادرێکی وشیار و ڕۆشنبیر و لەئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستاندا لەساڵی 2005دا بۆتە ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان و بەرێکەوت ژوورەکەی لە بینای پەڕلەمان (نووسینگەی ژمارە 33 لە قاتی دووەمی بینای پەڕلەمان) ڕێک بەرامبەر (بەندیخانەی ئەمنی هەولێر) بووە و هەموو ڕۆژان لە پەنجەرەکەیەوە سەیری دیوار و ئەو ژوورە دەکات کە تیایدا ماوەی 5 مانگ زیاتر جۆرەها ئازار و ئەشکەنجەی نامرۆڤانە دراوە کاتێک گەنج و لاوێکی 21 ساڵان بووە و لە ژووری ئینفرادی و قاوشی گشتیدا تینوێتی و برسێتی و گەرمای هاوینی تاقەت پڕۆکێتی بەسەر بردوە و دەیان تێکۆشەری گەلەکەمان لەناو زینداندا ناسیووە لەهەموو حیزب و ئاڕاستە جیاوازەکانی کوردستان وەک ئەحمەد شێروانی و هەردووک شەریف عیسا و خاڵەکەی کازم خەڵکی گوندی زێتێی سەر سنوری عیراق – تورکیا کە بۆ داهاتووی گەشتەکەی بەرەو بادینان و دواتر زیندانیکردنی لە تورکیا بەهەمان ڕێوشوێن و ئەشکەنجە و ئازار و زینداکانی ئەواندا گوزەر دەکات و ئەو دوو کارەکتەرە یەکێکێن لە پاڵەوانەکانی ئەم بیرەوەریانەی کاک ئارێز، لەو تەمەنەدا نووسەر لەو پەڕی هەڕەتی لاوێتی و خاوەنی دەیان خەون و خولیای زەرد و سوور بووە بۆ ئایندەی خۆی وەکو گەنجێک و بۆ ئایندەی گەل و نیشتیمانەکەشی لەسەربەخۆیی و ئازادی و حومکڕانی خۆماڵیدا دوور لە دەست و چاو و دەسەڵاتی داگیرکاراندا. ڕێکەوتێکی سەیرە و لەهەمان کاتیشدا خۆشە کە جێگای بەندیخانەکەت لە قۆناغی ژێر دەستەیدا و جێگەی دەسەڵاتەکەشت لە قۆناغی ئازادیدا تەنها چەند سەد مەترێک دوور بن لەیەکەوە، و هەمیشە ڕۆژانی ڕابردووی ناخۆش و پڕ حەسرەتت بێتەوە یاد.
$بەرگریکارێکی سەرسەخت$
هەربۆیە هەمیشە و لەماوەی ئەو 4 ساڵەی کە ئەندام پەڕلەمان بووە ویستویەتی بەوپەڕی توانا و لێهاتوویەوە هەمیشە بەرگریکارێکی سەرسەخت بێت بۆ مافی تاک و خێزان و تەواوی کۆمەڵگای کورەواری لەمیانەی دەرکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەوە کە لەخزمەتی خۆشگوزەرانی گەنج و لاوانن و تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگادا بووە و لەپێناو گەشەوپێشکەوتن و ئاوەدانی کوردستاندا بووە و هەمیشەش لایەنگری کاری پێکەوەیی و برایەتی و تەبایی بووە لە نێوان فراکسیۆنەکانی پەڕلەماندا چونکە زۆر باش لەو ڕاستیە گەیشتووە کە کورد تەنها بە یەکڕیزی نێوماڵی خۆی و یەک و یەکگرتوویی و تەبایی و سازانی لەگەڵ براکانیدا دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبێنێت و دەسکەوتی مەزنیش وەدەست بخات کە بریتیە لەو حکومەت و پەڕلەمانەی کە ئێستا بۆخۆی و دەیان تێکۆشەری تری گەلەکەمان تیایدا ئەندامن.
$پێڕەویەکی پێشمەرگانە$
لەبەشی دووەمی کتێبەکەدا کە ماوەیەکی کورتی نێوان ئازادبوونی لە بەندیخانەی ئەمنی هەولێر و بەندکردنەوەی لە تورکیادایە و بریتیە لە پێڕەویەکی پێشمەرگانە کە لەساڵی 1987وە پەیوەندی کردۆتەوە بەڕیزەکانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە، و تا سەرسنور و تێپەڕ بونی بە گوندی (زێتێ )ی مزووری باڵا زێدی هەردوو شەریف عیسا و کازمی خاڵی و تا ئەو ساتەی لە گوندی ڕوبارۆکی سەرسنوری عێراق-تورکیا لەگەڵ 5 هەڤاڵی تریدا بەناوەکانی (ئارێز و زرار و دلێر و ابو نادیە و ابو محمود و کە ئەم دوانەیان لە هاوڕێیانی حیزبی شیوعی بوون و عەرەب نەژاد بوون و دوانیش لەحیزبی زەحمەتکێشان و دوانی تریشیان لە ئاڵای شۆڕش بوون.
لە بەشی سێیەم و کۆتایی کتێبەکەشدا کە تایبەتە بە دەستگیرکردنیان لەسەر کوچکەی سێ سنوری دروستکراوی تورکیا و ئێران و عیراق لەگەڵ 5 هەڤاڵی تریدا کاتێک کە پێشمەرگە بوە لەلایەن جەندەرمەکانی ڕژێمی کەمالیستی تورکیاوە، کە بە موعجیزە ڕزگاربوون و شەهید نەبوون، ئیدی دوای گرتن و قۆڵبەستکردنیان لە ڕێکەوتی 15/6/1988و گواستنەوەیان بۆ ناو بنکەی سەربازی و دواتر لێکۆڵینەوەیان و ئەو کاتیش گواستنەوەیان بۆ چەندین بەندیخانەی شەمزینان و بەندیخانەی ناوەندی هەکاری و زیندانی ناوەندی جۆڵەمێرگ و گەڤەڕ و زیندانی سیاسی(دیاربەکر) ئامەد لە قاوشی ژماری 25 E.tipiوقاوشی ژمارە 6 و زیندانی وان و قەیسەری و..هتد. تا ڕێکەوتی ئازادکردنیان لە 16/6/1989دا کە ماوەی یەک ساڵ و یەک ڕۆژ دەکات، لەژێر ئازار و ئەشکەنجە و سوکایەتیپێکردن و دژایەتیکردنیان لەناو بەندیخانەدا بەسەربردوە، دواتر بەفەرمانی دادگای باڵای تورک و دادگای ئاسایشی دەوڵەتی تورکD.G.M و قۆناغی دەستبەسەرکراوی بەزۆر لەشاری قەیسەری تێدەپەڕێنن، بەڵام هیچ کات بێئومێدی باڵی بەسەر ورە و خۆڕاگریاندا نەسەپاندوە و هەمیشە لەهەوڵی خۆڕزگارکردن و هەڵاهاتندا بوون بەرەو کوردستان و گەڕانەوە بۆ نیشتیمانی دایک و هەر لەو پێناوەشدا بەهێمنی و بەنهێنی و بەهاوکاری کوردە دڵسۆزەکانەوە دەتوانن هەڵبێن و خاکی کوردستانی باکوری داگیرکراوی تورکیا بەجێ بێڵن و خۆیان بگەیەننەوە پارچەیەکی تری دابڕێنراو لە جەستەی کوردستانی گەورەمان کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئیدی لەکۆتا وێسگەی کاروانی خەبات و بەرخۆدانی ڕزگاربوونیاندا شاد دەبنەوە بە هەڤاڵانی خەبات و خزم و ناسیاوەکانیان لەساڵی 1989دا لە ئۆردزگای (زێوە)ی ئێراندا، بەڵام لەچ کات و سەردەمێکدا؟ لە سات و کاتێکدا کە کوردان وەک بەدرێژایی مێژووی خۆیان و لەسەر خاک و ئاو و زێدی باوباپیرانیان هەمیشە ئاوارە و کۆڵبەکۆڵبوون، ئەمجارەش لە ئەنجامی هەڵمەتە بەدناوەکانی کیمیاباران و ئەنفالەکانی ڕژێمی بەعسی عەفلەقیەکانەوە کە لەماوەی مانگی 2/1988 تا مانگی 9/1988دا و لەمیانەی 8-9 پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا زۆرینەی خاک و خەڵکی باشووری کوردستانیان ڕاوەدوناو گرت و لەبەندیخانە بەدناوەکانی نوگرەسەلمان و عەرعەر و دەشتی سەماوە و تۆپزاوا و دبس و...هتد. هەر لەگەرمیانی هەڵقرچاوەوە تا بادینانی دەلال و سەرکەش بەتێپەڕبوون بە ناوچەکانی قەرەداغ و گۆپتەپە و ئاغجەلەر و دەشتی کۆیە و هەولێر و سلێمانی و شارەزوور و بیتوێن و پشدەردا تەواوی کوردستانیان کاول و وێرانکرد و خەڵکەکەشیان ئاوارەی تورکیا و ئێران کرد و لەناو ئۆردوگاکاندا ژیانێکی کولەمەرگی و زۆر نامرۆڤانەیان بەسەر دەبرد.
ڕووداوەکانی ئەم بیرەوەریانە لە هەولێر و بادینان و دیاربەکر هێندە دووبارە و لەیەکدەچن کە هەمیشە ئەو وتەیەی لەبیر نەکردوە کە هاوڕێیەکی پێشمەرگەی پێی وتوە کاتێک بەرەو سنوور هەنگاویان ناوە کە وتویەتی (ئاگاداربە بەدەردی برادەرەکانت نەچی). بەداخەوە کورد لەهەر چوار پارچەکەی کوردستان چارەنووس و قەدەریان زۆر لەیەکتری دەچێت و هەمان ڕێچکە و گیانبازی و ئەشکەنجە و ئازار و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانیان یەک وانە و یەک شانۆ و یەک کارەکتەرن دژی یەک دوژمنی کوردایەتی بەناوی جیاوازەوە.
ئارێز عەبدوڵڵا لە بەندیخانەکانی هەولێر و تورکیادا بەدەیان کەسی تێکۆشەری لەهەموو حیزب و ئاڕاستە سیاسی و فکریەکانی کوردی ناسیوە و هاوڕێیەتی لەگەڵدا پەیداکردوون و لێیانەوە و ئەوانیش لەمەوە فێری دەیان وانەی شۆڕشگێڕی بوون. وەک دەڵێن (زیندان خوێندنگەیە)، لەو تێکۆشەرانە: (مەحمود شاهین و ئەسڵان بایرام و ئیبراهیم بایکاڵ و حاجی زەکی قزڵقایا و حاجی مەلیحی قزڵقایا و حاجی بەنگین و حەنەفی و بەدرەدین و ئەحمەد و زەیتی ودڕی و نیزام و سلێمان و محمود بای باس و خاڵ عومەر و جەلال و ئەنوەر و سورە و زەینەب و فەریقی ڕێپیشاندەر و ئەحمەد قایماغ و وەستا یونس و ئاسۆ و دەیانی تر). کە هەمووانیان قەڵایەک بوون لە شۆڕشگێڕی و خۆڕاگری ناو زیندانەکان.
ئارێز عەبدوڵڵا بە خامە و قەڵەمە ڕەنگینەکەیەوە هێندە ڕووداوەکانی بە تامەزرۆوە باسکردوە و گێڕاوەتەوە مرۆ هەر حەز دەکات لەجیاتی جارێک دەیان جار بیخوێنێتەوە.
جا کاتێک ئارێز عەبدوڵڵا و هەڤاڵەکانی بەو شێوەیە دەگەنەوە ناو خاکی کوردستان و هەڤاڵان و دۆست و ناسیاوانیان هیچی جیاوازنەبووە لە ژیانی زیندانەکانی هەکاری و دیاربەکر(زیندانی سیاسی و زیندانی ناوەندی دیاربەکر) چونکە نەک هەر ئەوان بەڵکو تەواوی کورد لەزیندانێکی گەورەدابوون و لە ژیانی ئاوارەییدا دەگوزەران و تەنها ئەوەندە بووە کە لەچوارچێوەی چواردیواری بەندیخانەکاندا نەماون و هەوای ئازادی کوردستان هەڵدەمژن.
بەم شێوەیە کاک ئارێز لەمیانەی گێڕانەوەی ئەم بیرەوەریانە و ڕووداوەکانی ناو ئەو نزیکەی 2 ساڵەی تەمەنیدا گەرەکێتی پێمان بڵێت کە سەرەڕای زیندانی و ئەشکەنجەدان و سووکایەتی پێکردن لەلایەن داگیرکارانەوە هەمیشە ورە و بڕوابوون بەخۆ و بە ڕەوایی مەسەلەی کورد و کوردستان تاکە ڕێگەی خەباتە بەرامبەر ئەو توندوتیژیەی داگیرکاران.
بەڕاستی کاک ئارێزیش هەروای کردوە و لە کەمترین جێگەدا باسی بابەتە کەسی و خێزانیەکانی خۆی کردوە.بەهەمان شێوە لەسەر ڕێچکەی چیرۆک یان تەنانەت ڕۆمانێکی ئەدەبیش ڕووداوەکانی باسکردوە و بەکورتیش پەردەی لەسەر داداونەتەوە و زۆر وردیشەوە پێکەوەی گرێداون، ئاخر لێزانینی دەوێت کە شانۆی ڕووداوەکان و تەنانەتە کارەکتەرەکان و هەڵوێست و کرداری هاوڕێکانی و جەللادەکانیش یەکبخات و ماوە یان زەمان و زەمینەکانیان لێکنزیک بکاتەوە و پێکەوەیان ببەستێتەوە بەشێوەیەکی هونەری زۆر جوان و بیانکاتە زنجیرەیەکی لێکدانەبڕاو، بەشێوەیەک کە خوێنەر هەست بە دابڕان و دوورکەوتنەوە لەسەر شانۆی ڕووداوەکان نەکات و وەک یەک فلیمی چەند کاتژمێری بەدیاریانەوە دابنیشێت.توخمێکی تری گرنگی ئەم بیرەوەریانەی کاک ئارێز، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە لە زۆر جێگەدا تەشویقت دەکات بۆ ئەوەی بەدوای ڕووداوەکانی دواتردا بچیت و لەزۆرجێگەی تردا هێندەی ترس و دڵەڕاوکێت تووش دەکات کە لەجێگەی خۆتەوە هەست بە ئێش و ئازارەکانی و ناخۆشیەکانی نوسەر دەکەیت و چەندین جاریش دیمەنی پێکەنیناوی و گاڵتەجاڕی و نوکتە و قسەی خۆشان واتلێدەکەن کە بدەیتە قاقای پێکەنین و بەدڵ چێژیان لێوەربگریت.
خاڵێکی تر کە سەرنجی ڕاکێشام لە کتێبەکەدا بریتی بوو لەوەی کە لەکۆتایی کتێبەکەدا 5 لاپەڕەی کۆتایی تەرخانکردوە بۆ فەرهەنگۆکێکی بچوک بەوشە و مانا بەرامبەرەکانی لە دیالێکتەکانی ناوچە جیاوازەکان، کە جێگەی دەستخۆشیەو یارمەتیدەرە بۆ زانین و ناسینی وشە کوردیە ناوچەییەکانی تر و تێکەڵاوبونی زیاتری دیالێکتەکان، کە بەداخەوە هێشتا لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر کەسانێک هەن لە یەکدی تێناگەن و لەگرنگی فەرهەنگ و زمان و ئەدەبی کوردی تێنەگەیشتون و خۆیان دوورە پەرێز دەگرن لەتێکەڵاوبووبونی ناوچەکان و شێوە زار و دیالێکتەکانی تر، بەڕاستی گەر زمانی هەر نەتەوەیەک بەزیندوویی نەمێنێتەوە ئەوا ناسنامە نەتەوەییەکەشی کاڵ دەبێتەوە، بۆیە گرنگە بۆ ئایندەش گرنگی زیاتر بە زمانی کوردی و زیندووهێشتنەوەی بدرێت.
لە کۆتایدا ئەم کتێبە بەڕای بەندە هەر بریتی نیە لە گێڕانەوەی بیرەوەریەکی چەند ساڵەیی، بەڵکو گەر سیناریستێکی بەتوانا و لێهاتوو هەبێت دەتوانرێت بکرێتە درامای چەندینی زنجیرەیی و تەنانەت فلیمی سینەمایش.
بەڕاستی دەڵێم کە ئەم بیرەوەریانە و بیرەوەریەکانی کەسایەتیەکانی تریش گرنگی مێژوویی گەورەیان هەیەوە و پێکەوە هەموانیان مێژوو و سەربوردەی گەلێکی مەزڵوم و چەوساوەی کوردن و هەق وایە هانبدرێن بۆ نوسینەوەیان و دەستگیرۆیش بکرێن بۆ تۆمار و نووسینەوەیان.[1]