پیرەمێردی سەر پردەکە
ئێرنست هەمینگوای
وەرگێڕانی: #حەمە کەریم عارف#
پێرەمێردێکی جل وبەرگ تۆزاویی بە خۆ بە عەینەکێکی چوارچێوە ئاسنەوە لە کەناری جادەکە دانیشتبوو. پردێکی تەختە لەسەر ڕووبارەکە دروست کرابوو. گالیسکه و ئۆتۆمبیلی باری و پیاوان، ژنان و منداڵان بەسەریدا دەپەڕینەوە. گالیسکەکان کە قاتریان لێبەسترابوون، بە قورسی و تەمەڵی بە هەورازی کەنارەکەدا هەڵدەگەڕان. سەبازەکان پەڕەی پیچکەکانیان دەگرت و بۆ پیشەوەیان پاڵدەنا. ئۆتۆمبێلەکان بە زەحمەت بە هەورازەکەدا سەردەکەوتن و دوور دەکەوتنەوه و هەر هەموویان پردەکەیان دەبڕی و دەڕۆیشتن. ئه و گوندییانەی کە تا گوزینگی پێیان لە گڵ ڕۆدەچوو، بە قورسی هەنگاویان دەنا. بەلام پیرەمێردەکە لەهەمان شوێن و بەبێ جووڵە دانیشتبوو. هەندە شەکەت بوو کە نەیدەتوانی تاقە هەنگاوێک بنێ.
من ڕاسپیردرابووم کە بەسەر پردەکەدا بڕۆم و تەماشای ئەوسەری پردەکە بکەم و بزانم کە دوژمن تا کوێندەر پێشڕەوی کردووە. کە کارەکەم تەواو کرد بەسەر پردەکەدا گەڕامەوە.گالیسکەکان کەم بووبووەنەوه و چەند کەسێک مابوونەوه و بەپییان دەپەڕینەوە. بەڵام پیرەمێردەکە هێشتا لەوێندەر بوو.
لێمپرسی: کوێندەریت؟
گووتی: (سان کارلۆس) و، زەردەخەنەیەکی کرد.
سان کارلۆس، شاری ئابادو ئەژدادی بوو. هەر بۆیەش کەیفی بە ناوەکەی هات و بزە کەوتە سەر لێوی.
پاشان گووتی: ئاگاداری حەیواناتم دەکرد.
من کە بە جوانی لێی حاڵی نەبوم گووتم: ئاوها.
گووتی: بەڵێ، من بۆیە مامەوە تا ئاگام لە حەیوانەکان بێ. من دووا کەس بووم کە لە سان کارلۆس وەدەرکەوتم.
رووالەتی لە شوان و مەڕداران نەدەچوو، ڕووانیمە جل وبەرگە تاریک و تۆزاوییەکەی و سیما گەرد لێنیشتوەکەی و عەینەکە چوارچێوە ئاسنەکەی و گووتم: حەیوانەکانت چ بوون؟
بە نائومێدییەوە سەری لەقاند و گووتی: هەمە جۆر بوون. ناچار بووم بەجێیان بێڵم.
لەبیری ئەوە دابووم کەنگێ چاومان بە دوژمن بکەوێ. هەمیشە گوێم هەڵخستبوو کە یەکەمین هەهراو هەنگامەی پێکادانی ئەم شەڕە نادیارە بە تەمتومانە بژنەوم، پیرەمێردەکە هێشتا هەر لەوێندەر دانیشتبوو.
پرسیمەوە: گوتت حەیوانەکانی چی بوون؟
گووتی: سێ جۆرە حەیوان بوون. دوو بزن، پشیلەیەک و چوار جووت کۆتر. پرسیم: ناچار بوویت بەجییان بێڵی ها؟
بەلێ، لەترسی تۆپان، ئەفسەرەکە پیی گووتم کە لەبوردی تۆپەکان دوور بکەومەوە. پرسیم: خۆ ژن و منداڵت نین؟ و دەمڕوانییە ئه و سەری پردەکە کە چەند گالیسکەیەک بەلەز بەنشێوی کەنارەکەدا دادەگەڕان.
گووتی: تەنێ ئه و حەیوانانە بوون کە گووتم. هەڵبەتە پشیلەکە هیچی بەسەر نایەت. پشیلان دەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن. بەڵام نازانم ئەوانی دی چییان بەسەر دێت؟
پرسیم: تۆ لایەنگری کیی؟
گووتی: من عەقڵم سیاسەت ناگرێ. تەمەنم 76ساڵە. 12 کیلۆمەتران بەپێیان هاتووم. پیم وانییە بتوانم لەوەی پتر بڕۆم.
گووتم: ئیرە شوێنێکی ئەمین نییە. ئەگەر حەزت لێ بێ و بتوانی، ئۆتۆمبێەلان له و جادەیەدان کە لە تۆرستا- وە ڕەت دەبێ.
گووتی: ماوەیەکی دیکەش دەمێنم، پاشان دەڕۆم، ئۆتۆمیلەکان بۆ کوێ دەڕۆن؟
گووتم: بۆ بارشەلۆنە.
گووتی: من له و ناوە کەس ناناسم، بەڵام مەمنوونی لوتفتانم، گەلەک مەمنوونم.
نیگای ماندوو پوچەڵی تێبڕیم و ئەوجا وەکو کەسێک بییەوێ خەمی خۆی دەگەڵ کەسێکی دیدا دابەشبکات گووتی: پشیلەکە هیچی بەسەر نایەت. دڵنییان. ئیدی بۆچی خەمی بخۆم و نیگەرانی بم؟ بەڵام ئەوانی دی چیان بەسەر دێ؟ تۆ دەڵێی چییان بەسەر دێت؟
هەڵبەتە ڕیگەیەک بۆ خۆیان دەدۆزنەوه و نەجاتیان دەبێ.
تۆ پیت وایە؟
گووتم: هەڵبەتە و، دەمڕوانییە کەنارە دووەکە کە ئێستا چ گالیسکەیەکی لێ نەدەبینرا.
باشە لەژێر تۆپبارنادا چ دەکەن؟ ئەدی هەر لە ترسی ئه و تۆپانە نەبوو کە بە منیان گووت لەوێندەر نەمینم؟
گووتم: دەرگای قەفەزی کۆترەکانت کردبۆوە؟
بەڵێ
کەواتە دەفڕن.
گووتی: بەلی. هەڵبەتە دەفڕی. ئەدی ئەوانی دی؟ باشتر وایە پیاو هەر بیریان لێنەکاتەوە.
گووتم: ئەگەر ماندوویەتیت حەساوەتەوە، بامن بڕۆم. پاشان بە سوربوونەوە گووتم: دەی هەستەوە هەوڵبدە بڕۆیت.
گووتی مەمنوونم. هەستا. لارەلاری پیکەوت، بە پشتاشکایەوه و لەنێو گڵەکەدا دانیشت. لەژێر لێوانەوە گووتی: من تەنیا ئاگاداری حەیوانەکانم دەکرد. لێ قسەکانی دیکەی لەگەڵ من نەبوو.
دیسان دووبارەی کردەوە: من تەنیا لای حەیوانەکان بووم.
ئیدی چ کارێک نەدەکرا. یەکشەممەی جەژنی پاک بوو و فاشییەکان بەره و ئەیبرۆ هیرشیان دێنا. هەوری تاریک بەری ئاسمانی گرتبوو، فڕۆکەکانیان نەیاندەتوانی هەستن. تەنێ ئەم مەسەلەیه و ئەوەی کە پشیلەکان دەیانتوانی ئاگایان لەخۆ بێ تاقە دلخۆشی پیرەمێردەکە بوون.[1]