بەیت لە هونەری کوردیدا سامانێکی بایەخداری کەلەپووری نەتەوایەتییە
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
بەیتی کوردی لەچیرۆک گەلێکی بەرز پێکهاتووە، لەچوارچێوەیەکی دیاری کراو داڕێژراوە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەندێک کارئەکتەری ناسراوی کۆمەڵایەتی و کەشوهەوای کلتوری و ناوی کەسایەتی و شوێن و ناوچە و هەرێم بوونەتە هەوێنی دروست بوونی بەیتەکە، بابەتی ئەم چیرۆکانە حەماسی، عیرفانی و عاشقانەیە، لە خوێندنەوە و لێ وردبوونەوە و تاوتوێ کردنی بەیتەکاندا دەتوانین ئاوڕ لەڕابردوومان بدەینەوە و تیشک بخەینە سەر کۆمەڵێک لایەنی شاراوەی ژیانی پێشینیانمان، لەناوەرۆکی بەیتەکاندا تێڕوانین و هزر و بیری پێشینیان و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر لایەنی دیکەی ژیانیان بزانین.
دانەری بەیتەکان نەناسراون و لەلایەن کەسانی نەخوێندەوار گوتراون، لەرۆژگاری زۆر کۆنەوە لەڕێگای چڕینەوە، دەماو دەم لەنەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە گوازراوەتەوه و لەڕابردوویەکی زۆر دوورەوە بەبەیتبێژانی ئەمڕۆ گەییشتووە، بەیتەکان وەک گەنجینەیەکی زۆر بەنرخن، وشەگەلی زۆر ڕەسەنیان لەفەوتان پاراستووە، هەندێ لە بەیتەکان زۆر درێژن و ناوەرۆکی زۆربەی بەیتەکان بەسەرهاتێک یان ڕووداوێکی مێژوویی و خۆشەویستی نێوان دڵداران دەگێڕتەوە.
دارشتنی بەیتەکان بەشێوەیەکی شیعری جوان و ڕەوان، سوار و ئاسان، لەسەر کێشی خۆماڵی و تایبەتی، بۆ دەربڕینی مەبەستێک گوتراوە، شێوەی بەیتەکان جۆراوجۆرن، جاری واهەیە نیوە شیعرەکانی تەواوێک درێژن و جاری واش هەیە زۆر کورتن، بەڵام لەهەموو حاڵێکدا کێش و مۆسیقا پارێزراوە، بەیتبێژ قافیەی زۆر بەلاوە گرنگ بووە، شیعری بێ قافیەی تێدا نابینتی، بەڵام لەسەر بنەمایەکی ڕێک و پێک ناڕوابەڕێوە، جاری واهەیە زۆر لەسەر قافیەیەک ڕۆیوە و جاری واش هەیه هەر تاقە دوو نیوە شیعر لەسەر یەک قافیەن، ئەگەر ئاسان بووە زۆری لەسەر ڕۆیوە و ئەگەر گران بووە خۆی پێوە ماندوو نەکردووە و زوو قافیەکەی گۆڕیوە، بەیتبێژەکان دووپات کردنەوەی قافیەیان لەشیعردا بەعەیب نەزانیوە، کێش و سەروا نەبۆتە هۆی ئەوەی بەیتبێژ لەمەبەستی بنەڕەتی بابەتەکە دوورکەوێتەوە، تابلۆی زۆر ڕەنگین و هونەرمەندانەیان کێشاوە، شیعری بەتام و خوێ و زمانەکەی زۆر تەڕو پاراوە، وشەگەلی ڕەسەن و شیرینی کوردیان بەکارهێناوە، زۆرجار بەیتبێژ لەشێوەزارێکدا گیری نەخواردووە و لەزاراوەکانی دیکەش گەلێکی کەڵک وەرگرتووە، بەتایبەت ئەگەر پێویستی بەقافیە بووبێ.
ئەم بەیتانە لەبەرهەمی ئەدەبی کوردیدا شاکاری زۆر بەرزیان نواندووە، وەک لەوتاری پێشتر ئاماژەمان پێدا لەگەڵ سەردەمی تازە و پەیدابوونی قاوان و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، وردە وردە بەیتبێژەکان گرنگی ئەوتۆیان نەماو زۆر لەبەیتەکانیان لەگەڵ خۆیان بردە ژێرگڵ، بەڵام بەهەوڵی دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەدەبی کوردی، ئه و چیرۆکانەیان تۆمارکردن بۆ ئەوەی لەفەوتان بپارێزرێن، ئەمە بەرهەمێکی ڕەسەنی تازەی تۆمارکراو دێنێتە ناو ئەدەبی کوردییەوە، ئەم بەرهەمە شیعرییە درێژە دڵدارییە ڕۆمانتیکیانەیە لەبارەی ئەوینداری و سوارچاکی و قارەمانی و ڕاوشکار و شەڕ و شۆڕەوەیە، وەکو بابەتێکی چیرۆک و ڕووداوی مێژوویی قارەمانیەتی و پاڵەوانێتی نەتەوە لەشۆڕش و جەنگ و بەرگری لەنیشتمان دەگرێتەوە، کاتێک کارەساتێک دەقەومێ تایبەتمەندی شوێن و پانتایی و بەربڵاوی دەنگدانەوە و ڕادەی فراوانی سنووری ئه و کارەساتە دیاری دەکەن.
بەیتبێژ لەچڕینی بەیتەکاندا بەشێوەیەک دەچێتە ناخی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە، گوێگرەکان کێش دەکاتە مەیدان و بەتەواوی لەگەڵ قارەمانەکاندا ئاشنا دەبن، چونکە ئەوەی بەیتبێژ دەیخوڵقێنێ، لە قووڵایی ناخ و سەرچاوەی دەروونیەوە هەڵدەقوڵێ، بەمەش دەنگدانەوەی هەستی تەواوی جەماوەر بەلای بەیتەکەدا ڕادەکێشێ.
چیرۆکی شیعری داستان و مەلحەمە و مەسنەوی ئەم جۆرە شیعرە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەمیللەتەوە هەیە، هونەرێکی ڕەسەنی خۆماڵیە، ناوەرۆکی لەحیکایەتی بەرگوێ ئاگردان و گێڕانەوه و تاقیکردنەوەی پێشینان وەردەگرێ، بەسەرهات و سەربردەی قارەمانان و بنەماڵە و هۆز و عەشیرەتی کورد، دەبێتە هەوێنی شیعری فۆلکلۆری، ئەم بەرهەمە فۆلکۆرییە وەستایانە وەرگیراون و تۆمارکراون.
بەیت و چیرۆکی شیعری ناوەرۆکی لەگێڕانەوە و حیکایەت و بەیتی فۆلکلۆری میللیەوە وەردەگرێ، واتە ڕووداوەکانی تایبەتن بەکۆمەڵگای کوردەواری و قارەمانەکانی کوردن، ڕەنگدانەوەی ئامانج و ئاواتی میللەتن له و ڕۆژگارەی شاعیری میللی یا کلاسیکی ڕووداوەکان دەخاتە قاڵبی چیرۆکی شیعرییەوە، شاکاری هەره گەورەی ئەدەبی نەتەوەی کورد مەم و زینی خانی لەم جۆرە بەرهەمەیە.
ئەدەبی کوردی لەدوو شێوازدا خۆی دەنوێنێ، یەکێکیان خۆماڵیە و ئەویتریان لەئەنجامی لێکدانی مەدەنیەتی هەرچوار نەتەوە هاوسێکە (عەرەب و فارس و تورک و کورد) کەبە ئاینی موسڵمان دروست بووە، یەکەمیان شیعری لیریکی و چیرۆکی شیعرییە، دووەمیان غەزەل و قەسیدەیە، بەرهەمی ئەدەبی کورد بەشێوازی غەزەل و قەسیدە هاتۆتە ناوەوە ڕەسەن و کوردانەیە، وەک شیعری لیریکی و چیرۆکی شیعری، وەک: شێخی سەنعان یەکێک لەبەرهەمەکانی فەقێ تەیرانە.
هەرچەندە ڕواڵەتی زۆربەی بەیتەکان ئەوین و دڵدارییە، بەڵام داکۆکی و سەربەستی قارەمانەکان بەرانبەر بەزوڵم و زۆر دەدوێ. لەزۆربەی بەیتەکاندا، لەنێوان دوو ئەوینداردا، شۆفار و نەیارێک دێتە نێوان و دەبێتە لەمپەر، لەپێک نەگەیشتنی ئەوینداران. یان بەهۆی دەهۆ و فێڵی خائینان قارەمانی داستانەکە دەکوژرێ و تەواوی هەوڵ و تێکۆشان و مەردایەتی قارەمان، بە فێڕۆ دەچێ و گریان و قوڕپێوان جێی دەگرێتەوه.
لەزۆربەی بەیتەکاندا قارەمان دەگاتە ئەوپەری توانا، ئازایەتی، پیاوەتی، لەخۆبوردوویی، فیداکاری و...هتد، بەگشتی کەسایەتی تایبەتی دەدەن بەقارەمان. ئەگەر بەوردی لە نێوەرۆکی بەیتەکان بڕوانین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، تەواوی ئەم ئازایەتی و زاڵ بوون بەسەر زۆرداراندا، بۆ قەڕەبووکردنەوەی کەسایەتی میللی یە. یان لەبەیتدا تەواوی کەموکوڕی و هیوا و ئاواتی میللی، لەکەسایەتی قارەماندا خۆی دەنوێنێ.
زۆرجار بەیت ڕەنگی ئەفسانە بەخۆیەوە دەگرێ، یان بەواتەیەکی تر ئه و دەمەی قارەمانی بەیت، تێک دەشکێ و ناتوانێ به و چەشنەی دەیەوێ بەئامانجی خۆی بگا، لەخەیاڵدا کەموکوڕییەکەی خۆی قەڕەبوو دەکاتەوە و پەنا دەباتەبەر ئەفسانە و خەیاڵ، بۆ پاراستنی حورمەت و بەرگری لەکەسایەتی خۆی، بەچەشنێکی خەیاڵی و بەهێزێکی جادوویی، تەواوی فڕوفێڵەکانی دوژمن بەر پەرچ دەداتەوە.
لە زۆربەی بەیتەکان میر یان پاشا، بەرگی پڕشکۆی خۆی وەلا دەنێ و جلی فەقیر و هەژاران دەکاتەبەر و دەچێتە ڕێزی ئەوانەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کەسایەتی قارەمان جل و بەرگی بەنرخ و ڕازاوە دیاری ناکا، بەڵکو کەسایەتیەکی بەرز و نەگۆڕاوە و ئەمە کەسایەتی یەکی ڕاستەقینەیە، نەک خەیاڵی.
وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، زۆرێک لەبەیتە کوردیەکان سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەڤەری ڕاپەڕین (بیتوێن و پشدەر) ئەگەر دەرفەت بوو و مەرگ مەودا بدات، لەداهاتوودا هەر یەکە بەپێی دەرفەت شتێکیان دەربارە دەدوێین.[1]
تێبینی: سەرچاوەکانی ئەم بابەتە لای نووسەر پارێزراون.