نەخشەی میرنشینی ئەدیابین بە ناوەندیەتیی ئەربائێلو (هەولێر)
ساماڵ ئەحمەدی
ئەم میرنشینە یەکێک بوو لە میرنشینەکانی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئەشکانی و پایتەختی میرنشینەکە ئەربائێلو (هەولێر)ی ئێستا بوو.
میرنشینی ئەدیابین هاوسنوور بووە لەگەڵ میرنشینەکانی ئەترۆپاتی میدیا و کاردۆخ و سوفین.
بارودۆخی ئەم میرنشینە لەژێر هێژمۆنیی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی و ئەرمەنی و ئەشکانیدا ناجێگیر بووە و هەر ماوەیەک سەر بە ئیمپراتۆریەتێک بووە.
پاشاکانی میرنشینی ئەدیابین لە سەدەی یەکەمی پێش زایین تا سەدەی سێیەمی زایینی حوکمڕانیان دەکرد.
هونەری شوێنەواریی ئەم میرنشینە تیکەڵەیەکە لە هونەری یۆنانی و ئەشکانی.
بەناوبانگترین فەرمانڕەوای میرنشینی ئەدیابین، شاژن هێلینا بوو کە فەرمانڕەوایەتیی میرنشینەکەی دەکرد بە وەکالەت، چونکە مۆنۆبازۆس، کە برا و هاوسەری بوو، تەمەنی بۆ فەرمانڕەوایەتی گونجاو نەبوو، شاژنە هێلینا ساڵی 30 پ.ز ئایینی ڕەسمیی میرنشینەکەی گۆڕی بۆ ئایینی جوو.
شاژن هێلینا لە کۆتایی تەمەنیدا بە مەبەستی حەج بڕیاری سەفەر و سەردانی ئۆرشەلیمی دا، بەڵام ئەم سەفەرەی گەڕانەوەی تێدا نەبوو و لە ئۆرشەلیم مایەوە و لەوێ لە ناوچەیەک کە ئەمڕۆ (البلدە القدیمە)ی پێ دەگوترێت، گۆڕێکی بەردینی بۆ خێزانی شاهانە دروست کرد و گۆڕی خۆیشی هەر لەوێیە.[1]