ناونیشانی پەرتووک: تاوانی ئەنفال و کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر کوردستان
ناوی نووسەر: #هیوا حسێن ئەمین#
ساڵی چاپ: 2021
ژمارەی چاپ: یەکەم
نووسەری پەرتووکەکە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: پەرتووکەکەم لە 360 لاپەڕە پێکهاتووە کە یەکەمین پەرتووکی ئابوورییە لەسەر کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەنفال لە کوردستان و دیراسەیەکی ئابوورییە بۆ پێش پڕۆسەی ئەنفال لە کوردستان کە خاوەنی چ سەروەت و سامانێکی ئابووری بووین و لە دوای پڕۆسەی ئەنفال ئەو هەموو سەروەت و سامانە لەناو چووە، من لە پەرتووکەکەدا بۆ هەرکام لەو تاوانانەی دەرهەق بە میللەتەکەمان کراوە، نموونەیەکم هێناوەتەوە، بۆ نموونە باسی کاریگەریی مێژووی کیمیاباران دەکەم لە کوردستان بە درێژایی مێژوو تاکوو کیمیابارانی هەڵەبجە و هەڵەبجەم بە نموونە هێناوەتەوە و باسی جینۆساید دەکەم کە بە جینۆسایدکردنی کوردە فەیلییەکان و دواتر بارزانییەکان دەستم پێ کردووە و دواتر بە پڕۆسەی ئەنفال کۆتایی هاتووە.
ئەوەشی خستە ڕوو: باسم لەوە کردووە کە ئەو چەکانەی دژ بە میللەتەکەمان بەکار هێنراون، کاریگەریی خراپی بۆ سەر ژینگە و خاکمان هەبووە، هەروەها باسم لەوە کردووە کە لەڕووی ئابوورییەوە بە هەموو شێوەیەک زیانمان کردووە وەکوو کورد و لە پەرتووکەکەمدا ئاماژەم بەوە داوە کە ئەنفال کاریگەریی زۆری لەسەر تێکدانی ژێرخانی ئابووریی کوردستان هەبووە و لە تێکدانی گوندەکانەوە بۆ تێکدانی ناحییەکان و تێکدانی سرووشتی کوردستان کە بەردەوام دارستانەکانی کوردستان سووتێنراون و کانیاوەکانی تێک دراون لەگەڵ پڕۆژەکانی ئاودێری.
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش دا: بەراوردی پڕۆسەی ئەنفالم کردووە بە کارەساتە گەورەکان لە جیهاندا بە نوومنە کارەساتی هۆڵۆکۆست، بەپێی بەڵگەنامەکان کە لە پەرتووکەکە بڵاوم کردووەتەوە، ئەنفال ئەگەر هاوشێوەی ئەو جینۆسایدە بەناوبانگانە نەبێت، لەوانیش زیاترە و پەرتووکەکم لە چەمچەماڵ لە ڕێووێنەێکدا بڵاو کردەوە.[1]