مێژووی کۆن و سەرنجڕاکێشی شوێنەواری نەخشی چیای هەریر
محەمەد هەسنانی
بەپێی ڕاپۆرت و بەدواداچوونێکی (باسنیوز) شوێنەواری نەخشی چیای هەریر لە سنووری شەقڵاوە، نزیکەی 50م له ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، به گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، ئه و شوێنەوارە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە و بەڕێوەبەری شارەدێی هەریریش دەڵێت، هاوشێوەی شوێنەواری (نەخشی چیایی هەریر) وەک درووشمێک لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێیەکە نەخشێندراوە.
نەخشی شوێنەواری چیای هەریر، دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی بەخشیوه و لە پانتایەکی بەرزی چیای باتاس لە چوارچێوەیەکی لاکێشەییدا به قووڵیی نزیکەی 40 سانتیمەتر و بەرزیی نزیکەی (2.5م) نەخشەییەک لەڕووی شاخەکەدا هەڵکەندراوه که وێنەی جەنگاوەرێکە بە پێوە وەستاوە و ڕووی کردووەتە باشوور و هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێت، دەستی ڕاستی بەرز کردووەتەوە و ڕمێکی درێژی بەدەستی چەپییەوە گرتووە، سەری ڕمەکە بۆ سەرەوەیە و شریتێکی پێوەیە، دەربارەی سەردەمی نەخشی هەریر باتاس چەندین بۆ چوونی جیاواز هەیە.
عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لە سنووری شارەدێی هەریر و شەقڵاوە چەندین ناوچەی شوێنەواریی گرنگ هەن، یەکێک له و شوێنەوارانەش کەوتووەتە چیای هەریر کە بە شوێنەواری (نەخشی چیای هەریر) و چەند ناوێکی دیکە ناوی دەبەن، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، بۆ دۆزینەوەی مێژووی ئه و شوێنەوارە، ناوچەیەکی شوێنەواری بە ناوی (#گردی تلێ#) لە بەرامبەر هەمان شوێنەواردا هەیە، لە بەرنامه و پلانماندایە له داهاتوودا کاری هەڵکۆڵینی تێدا بکەین، بەمەش دەتوانین زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم شوێنەوارە کۆ بکەینەوە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران گوتیشی: ئەگەرچی له بەرنامەماندا هەبووە کە کاری هەڵکۆڵین لە چەندین شوێنی شوێنەواری سنوورەکەمان بکەین، بەڵام درووستبوونی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش دواتریش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەریی زۆری هەبووە و بەربەستی بۆ درووست کردووین، لەگەڵ ئەمەشدا لە چەند شوێنەوارێکی سنوورەکەمان، بە هاوکاریی شوێنەوارییە جیهانییەکان کاری هەڵکۆڵین بەردەوامە.
کاروان کەریم خان گوندەژۆری، بەڕێوەبەری شارەدێی هەریر سەر بە قەزای شەقڵاوە، بە (باسنیوز)ی گوت: شوێنەوار ناسنامەی گەلانه و ئەرکە بایەخی زۆریان پێ بدرێت، لە سنووری ناحیەی هەریریش چەندین ناوچەی شوێنەواری هەیه و پێویستیان بە کاری هەڵکۆڵین هەیە، یەکێک له و شوێنەوارانەش بریتییە لە شوێنەواری (نەخشی چیای هەریر) لە سنووری شارەدێیەکەمان.
ئاماژەی بەوەش دا: لە بەرنامە و پلانماندایە گرنگیی زیاتر بە شوێنەوارەکانی سنوورەکەمان بدەین و به هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران و شوێنەوارناسە جیهانییەکان، بۆ کاری هەڵکۆڵین و دۆزینەوەی ناسنامەی شوێنەوارەکان.
بەڕێوەبەری شارەدێی هەریر دەشڵێت: دەستکاریکردنی شوێنەوارەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغه کراوە، هەروەها هاوشێوەی شوێنەواری (نەخشی چیای هەریر) لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێیەکەمان نەخشێندراوە و وەک درووشمێکی شوێنەواری دامانناوه.[1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 981 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!