بە پێی ڕاپۆرت و بەدواداچوونێکی (باسکورد) لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو چەند ماڵێکی جوو لە گوندی ڕۆست نیشتەجێ بوونە و لەگەڵ موسڵمانەکان ژیاون، ئەم جووانە کەنیشتەی تایبەت بە خۆیان هەبووە بۆ عیبادەت، هەروا گۆڕستانی تایبەتیش بە خۆیان.
کوردە جووەکان لە سەدەکانی ڕابردوو دانیشتووی هەر چوار پارچەی کوردستان بوونە و هەڵگری زمان و ناسنامەی کوردی بوونە، هاوشێوەی خەڵکی ناوچەکە ژیان و گوزەرانیان بەڕێکردووە. لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو لە پاش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەرەو ئەو وڵاتە کۆچیان کردووە، بەشی زۆریشیان بە زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتی عێراق و ڕژێمی ئەوکات بەرەو ئیسڕائیل دەرکراون.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو، بگرە پێشتریش چەند خێزانێکی جوو ڕوویان لە گوندی #ڕۆست#ی سەر بە قەزای چۆمان لە دەڤەری باڵەکایەتی کردووە، گوندی ڕۆست مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و خاوەن کولتوورێکی ڕەسەن و بەناوبانگە، ئایینەکانی دیکەیش لەوێ بوونیان هەبووە، هەر بۆیە چەندین گۆڕستان لە سنوورەکەدا هەن، وەک دیاریشە شێوازی ناشتنی مردووەکان لەنێوان ئایینەکان جیاوازە و ئەمەش وا دەردەخات کە جووەکان لەو کاتەدا گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان لە گوندی ڕۆست هەبووبێت و لە ئێستاشدا شوێنەواری گۆڕەکانیان دیارە.
وەک باسیشی لێوەدەکرێت: مێژووی گەڕانەوەی جووەکانی دۆڵی ڕۆست بۆ ساڵانی (1947 - 1948) دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات گوندی ڕۆست 23 ماڵە جووی لێ بووە، دواتر لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەڤەرەکەیان بەجێ هێشتووە و بەرەو وڵاتی ئیسڕائیل کۆچیان کردووە.
کرێکار قادر، خەڵکی گوندی (ڕۆست)ی سەر بە قەزای چۆمان، چەند لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر مێژووی دەڤەرەکە کردووە، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: هەرچەندە لە مێژوویەکی کۆن جووەکان لە گوندی ڕۆست ژیاون، بەڵام سەرچاوەیەکی دروست لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بزانرێ لە ساڵی چەند ڕوویان لەو گوندە کردووە، لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانمدا خەڵکی گوندمان دواند، دەڵێن کاتی خۆی جووەکانی گوند لەسەر ئایینی خۆیان بوون و شوێنی پەرستشی خۆیان هەبووە، کە پێی دەڵێن کەنیشتە، هەروەها هاوشێوەی خەڵکی دیکەی ناوچەکە کار و کاسبی و ژیان و گوزەرانیان بەڕێکردووە.
بەپێی سەرچاوەکان، جووەکانی ڕۆست بۆ بژێوی ژیانیان کاری بەرگدروویی و کرێکارییان کردووە، تەنانەت ئەوەندە دڵسۆزبوونە پارەیان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل کۆکردووەتەوە و ڕەوانەیان کردووەتەوە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 222 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!