هونەری ڕەنگڕێژی یان ڕەنگکردنی سروشتی مافوور و قاڵی و دەستچنی کوردی؛ هونەرێکی هەزاران ساڵەی کوردستانە، کە سەدان ساڵە دەستچنە کوردییەکانی پێ دەڕازێنرێتەوە، بەڵام چەندساڵێکە ڕەنگی کیمیایی بازاڕەکانی جیهان و کوردستانی قۆرخ کردووە و هونەری ڕەنگڕێژی بەرەو فەرامۆشی دەچێ. ئەگەرچی لە دوو شاری #سنە# و #بیجاڕ# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا ژمارەیەک کارگەی ڕەنگڕێژی بە شێوازی کۆن کار دەکەن.
پدرام ئیلان پوور، لە شاری سنە، یەکێک لەو کەسانەیە لە باوکییەوە فێری ڕەنگڕێژی بووە و لەبارەی ڕەنگڕێژەکانی شاری سنە بە (باسکورد) دەڵێت: پێشتر لەم شارەدا 17 کارگەی ڕەنگڕێژی بەردەوام کاریان دەکرد و باشترین فەرش و بەڕی کوردی ڕەوانەی بازاڕەکانی ئێران و جیهان دەکرا، کە بە ناوی دەستچنی کوردی و فەرشی سنە دەناسرا، بەڵام ئێستا تەنیا دوو کارگە ماون. ئەم ڕەنگڕێژە ئاشکراشی دەکات: لە شاری سنە و گوندەکانی دەوروبەری هەزاران ژن و پیاو خەریکی فەرشچنی و چنینی مافوورن و پێویستیان بە ڕەنگی سروشت هەیە، بەڵام بەهۆی گرانی و قۆرخبوونی بازاڕ بە ڕەنگی کیمیایی، تا دێ کارگەکانی ڕەنگڕێژی دادەخرێن و خواست لەسەری کەمتر دەبێتەوە.
لە شاری بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنە، کارگەیەک هەیە، کە زیاترین بەن و داوی ئەو شارە بە ڕەنگی سروشت ڕەنگ دەکات و پێیوایە؛ مافووری کوردی دەبێ ڕەنگی خۆی لە سروشتەوە وەربگرێ. خاوەن ئەم کارگەیە لەمبارەیەوە بە (باسکورد) دەڵێت: ناوم مورتەزا نورییە و کوڕی حاجی جەوادی ڕەنگڕێژم. سێ مامۆ و برایەکیشم هەر ڕەنگڕێژ بوون و ڕەنگڕێژی پیشەی باوانمانە. لای باوک و مامۆ گەورەکەم، فێری ڕەنگڕێژی سروشت بووم. لەبارەی ئەو مادە سروشتانەی لەناو کارگەکەی بەکاری دەهێنێ، دەڵێت: من لە گەڵامێو، توێکڵە گوێز و ڕوناس و چەندین ڕووەک و گیای شاخەکانی کوردستان ڕەنگ دروست دەکەم و کڕیارە ئەورووپی و ئەمریکییەکان خواستیان لەسەر ئەو فەرش و مافوورانەیە، کە بەشێوازی سروشت ڕەنگ کراون. ئاشکراشی دەکات: ڕەنگی کیمیایی سەرەتا زۆر جوانە، مەخابن پاش ماوەیەک جوانییەکی لەدەست دەدا، بەڵام لە ڕەنگی سروشتدا هەرچەندەی زەمەن بگوزەرێ، ڕەنگەکە جوانیی زیاتری دەردەخات و دەستچنە کوردییەکان هەرچەندەی کۆنەتر بن، ڕەنگیان جوانتر دەبێ و ئەمە جیاوازیی سەرەکیی ڕەنگی سروشت و کیمیاییە. ئەم پیاوە لەبارەی ڕەنگڕێژی و مافووری کوردی لە شاری بیجاڕ، دەڵێت: 35 ساڵە کارم ڕەنگکردنی بەن و خورییە، ڕەنگ و شێوە و نەخشی قاڵی بەشێکە لە ژیانم. لە شاری بیجاڕ، منداڵەکانمان لەسەر فەرشی کوردی لەدایک دەبن و لە چوار پێنج ساڵانەوە دەچنە بەر تەون و تا ئەورۆژەی دەمرن تەقەی کەڵکیتی دەستیان دێ و نەخشی ماسیی درهەم و لەچک تورەنج و دارگوڵ لەسەر دارە تەونەکان دەنەخشێنن.
فەرشی بیجاڕ لە جیهان بە فەرشی ئایرۆن کارپیت، واتا فەرشی ئاسنین ناسراوە و باشترین و کۆنترین فەرشەکانی بیجاڕ ئێستا لەناو مۆزەخانەکانی ئەمریکا و ئاڵمان و بەریتانیا بەناو فەرشی کوردییەوە پارێزراون.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 201 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!