پەڕەسلێرکە
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: عەلی حەسەنیانی
پەڕەسلێرکە! دەنگت هەڵێنە
خونچەی ژاکاوی دڵ بخەمڵێنە
تۆ وەکوو من نی بە کۆت و زنجیر
هاواری بڕاو لە گەرووی یەخسیر
ئازادی، بەندی و پێ بەستراو نی
لە ماڵە خۆتا تێهەڵدراو نی
دەخولێیتەوە گەرمێن و کوێستان
سەر و خوار دەکەی خاکی کوردستان
دەگەڕێی شار و چیا و لادێ
ئاگای لە ئاوا و لە چۆل و لاڕێ
لە هیچ ماڵێکا تۆ بێگانە نی
ئاشنای گەلی بۆ هەر کوێ دەچی
سا بەو چریکەی سەرخۆشی دێنێ
دڵی خەمگرتووی گەل دەلاوێنێ
بڵێ بزانم گەلی داماوم
لە نیشتمانی بەش بەش کراوم
چۆنن؟ بەکەیفن؟ شادن؟ دڵخۆشن؟
چەشنی دڵی من هەر وا لە جۆشن؟
بڵێ بزانم نەمامی خەبات
بەری هێناوە؟ ئاوات وەدی هات؟
پەڕەسلێرە! کەی بۆم دەخوێنی؟
بێوازم، ئەی کەی دڵم دەدوێنی؟
مەلی نازدارم! دەنگت هەڵێنە
شووشەی جەخاری دڵم بشکێنە
پەردەی خەیاڵم بلەرزێنەوە
کۆرپەی ساوای دڵ بلاوێنەوە
1960 - #مەهاباد# [1]