ساقییا کوشتمی خەم و مەینەت
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
ساقییا کوشتی خەم و مەینەت
دە وەرە لەو شەڕابە مەستم کە
وەرە تاوێ بە جامێ بادەی ئاڵ
چاری دەردی دڵی بەهەستم کە
وەرە بۆم تێکە تا لە سایەی مەی
خەمی ژینم وەلانێم تاوێ
بێکەس و دڵ خەمین و ئاوارەم
وەرە تیشکی بزەم لە دڵ باوێ
وەک دەلێن ئاوی ژینە بادە و مەی
ڕەمزی شادی و لە خەم ڕەهابوونە
تێکشکانی تەلیسمە مەی نۆشین
ڕوو وە زەنوێری ئارەزوو چوونە
جامی جەم، جامی بادەیە مەیگێڕ
وەرە لێوانی کە و بدە دەستم
با لە شوێنێ کە دڵ هەمووی بەردە
بە خەیاڵیش بێ بێتە دی قەستم
با بە ڕوانینی جامی جەم تاوێ
سەیری بژوێنی نیشتمانم کەم
با بمرکێ کوڵی دڵی بەسوێم
گڵ وەسەر ژیلەمۆی خەمانم کەم
بیری یاران و خۆشەویستانم
پیری کردم لە دوورە زێدیدا
پەلەقاژەی دەکەم بە بێهوودە
من لە گێژاوی ناهومێدیدا
ئاخۆ ئێستێ کوڕانی شێعر و ئەدەب
دەبێ چ بکەن لە کۆڕی هۆزانا؟
دەبێ ئێستێ چلۆن بژین و باژوێن
گەلی یارانی دڵگر و زانا؟
ئاخۆ (سەیید) سەرۆک و ئازیزم
پیری چازان و شاعیری لێزان
ئێستێ چۆنە و دەچێتە جێژوانان؟
بۆ کچی جوان و قەشمەری هۆزان؟
شاعیر و توێژەری بلیمەتی کورد
(بڕڕەک) ی خۆشەویست و چازانم
چ دەکا؟ چی بە دەستەوە ئێستا؟
چۆن دەژی لەو وڵاتە نازانم!
دەبێ چ بکا لەگەڵ پەری شێعرا
(ئالی) ئەو شاعیرەی بەسۆز و هەست
قافڵەی شێعری هەر لە ڕێدایە؟
شێعرەکەی هەر پیاو دەکا سەرمەست؟
(کاکە ئەحمەد) بە ڕانک و چۆغەی شین
وەک چەلان قۆزە؟ چی لە باراندا؟
بەیت و باوانی هەر لە گەڕدایە؟
هەر شەمە ئەو لە کۆڕی یاراندا؟
(حاجی قادر) ئەدی دەبێ چ بکا؟
ئاخۆ ئێستێش لە کۆشک و تالارە؟
نان و چێشتی وەکوو چەلان خۆشە؟
هەر لە (تەخمیس) ێدا گرفتارە؟
هەر بەکارە لە ڕەخنە گرتندا
نووکی پێنووسی کاکە (مەنسوور) م؟
گەلێ تاسوخی ڕەخنەکانی ئەوم
سەد مەخابن لەمێژە لێی دوورم
شاعیری خۆشەویست و خوێنشیرین
(هەڵوەدا)، کانیی دووگ و پیو و بەز
ئێستێ چۆنە لەگەڵ قەل و مامر
هەڵوەدا ماوە هەر بە شوێن (کاغەز)؟
ئەدی (سووتاو) ی زۆربڵێی ئازیز
هەر گرفتاری گۆم و گەنداوە؟
شاعیری ژیکەڵە و سمێڵ بابڕ
ئاخۆ هاواری خۆی لە بیر ماوە؟
کاکە (ڕێبوار) هومێدی شێعر و ئەدەب
ئێستێ چۆنە لە نێو تەلیسمی (شین)؟
هەر لە شین دوور و هەر لەگەڵ شین بێ
ئەسپی تاو دا لە گۆڕەپانی ژین
کاک (شەریف) شاعیری بەهەستی ژیر
دەبێ مەیلی منی لە دڵ مابێ؟
دڵنیام سەد ئەوەندە لێک دوور بین
هەر وەفادارە، بێوەفا نابێ
(هەڵۆ) بای باڵی خۆ دەدا ئێستا؟
یا نە هەر وا لە نێو ڕکەی بەندە
کوا دەزانێ ئەسیری سووچی ژین
جێی هەڵۆی دوندی بەرزی سامڕەندە
کاک (کەریم) چۆنە؟ ئاخۆ وەک جاران
لە هەواری خەیاڵی خۆشی ونە؟
خۆزگە دەیزانی نووسەری هێژا
وەکوو ڕابردوو خۆشەویستی منە
ئاخۆ (ڕزگار) ی باوەفای ئازیز
قەت بەدەگمەن دەکا لە من یادێ
خۆزگە دەمزانی کاکی خۆشناوم
نایە بۆ لای منی غەریب یا دێ؟!
(خولە کرمانج)ی قەڵس و تووڕەی من
قەرزەکانی بڵێی لە بیر مابێ؟
تۆ بڵێی نووسەری قەڵەم نەخشین
قەڵەمی تیژی هەر لە گەڕدا بێ
(کاک سەلاح)ی بەڕێز و دڵسۆزم
یادگاری بەنرخی مام هێمن
دەبێ چۆن بێ؟ لەمێژە لێی دوورم
سەنگەسیران دەخوا ئەرێ بێ من؟
کاک (حوسێن)ی بەڕێز و مەند و ژیر
کە خودا هەر لە بۆ مە ڕایبگرێ
کوا لە کوێیە کە بێ و بکاتەوە
لە دڵی پڕ خەمم هەزار گرێ
(یۆسف)ی خزمی خزمەکەم چۆنە؟
نووسراوەی دڵان دەبووژێنێ؟
نووسەری لاوی شارەکەی ئێمە
لاپەڕەی (سروە) هەر دەنەخشێنێ؟
کاک (کەماڵ) چۆنە؟ چۆنی ڕادەبرێ؟
وەکوو ڕابردوو کانیی هیوایە؟
کێشەکەی دوایی هات لەگەڵ کێشا؟
یانە هەر کێشی دێ و لە بن نایە؟
کاکە (جەعفەر) لەگەڵ وەزن چی کرد؟
سووکی کردووە لە کۆڵی ئەو بارە؟
لاوی زانا و مەند و خوێنشیرین
ئێستێ هەر بۆ (شەریف) ی من یارە؟
دەبێ هاواڵی ڕۆژی تەنگانە
کاک (خالید) ی یەکدڵ و یەک گیان
هەر بە کەیفە و بزەی لە سەر لێوە
..................................................
ساقییا دەستی من بە دامانت
چاری من ناکا جامی سەرڕێژم
بگرە پیلم لە کووپەم هەڵکێشە
خوایە، بەشکەم بەوەی بکەی گێژم [1]