تۆ هەر ماوی
لە کتێبی: گوناه
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
خۆشەویستم!
کاتێ بیستم:
تۆ کۆچت کرد،
لەبەر چاوما کۆتری هیوا و دڵخۆشی مرد
هەرچی دەمدی،
قسەی دڵی ڕوانین بوو...
ڕوانینی مەڵۆی خەم و تۆڵە و قین بوو
لە ئەوپەڕی پەژارەوە،
بە کۆڵێ پرسیارەوە،
ڕووم کردە کێو و بەندەنان
کوێستان بە تەم،
گوڵان سەریان بەردابۆوە و خەم دەگریان،
مەلان سەر باڵیان شین بوو
بێدەنگی بڕبەندی ژین بوو
خۆشەویستم!
چ ناخۆشە،
دینی قافڵەی بێ سەرقافڵە،
هیوا بڕان،
بێدەنگی و ڕەنج و ئازار
لە ئاست قاقای دێوی دزێو
گریانی بێدەنگ و هاوار
خۆشەویستم!
کاتێ ویستم!
پڕ بە دڵم هاوار بکەم
دەستی زۆردار ئەوکی کوشیم
هاوار لە نێو گەرووما مرد
کاتێ ویستم،
چاو بگێڕم،
بە سەر چاوی چاوەڕێما
پەردەیەکی ڕەشیان کێشا
ویستم ڕاکەم،
کۆت و زنجیر ئازاریان دام
بەڵام ئازیز!
بەر لەوەی کە گوێم باخنن،
گوێم لە سیڕەی هەڵۆیەک بوو،
لە سامی ئەو، دێو بێدەنگ بوو،
پەردەی ڕەشی چاوم لاچوو،
زنجیر پسا، کۆتیش داکەوت
هاوارم کرد:
سەرقافڵەی هیوا کوانێ؟
هەڵۆ گوتی:
- لە بەرزایی چیاکانا،
لە ئاسمانی کوردستانا،
دەڕوانێتە گەل و وڵات
پەرۆشە بۆ جەرگەی خەبات
چاوم لە دوندی چیا کرد،
ئازیز! ئەتۆ ڕاوەستابووی،
بزەی مەندت لەسەر لێو بوو،
قسەت دەکرد:
- کاروان دەبێ ڕانەوەستێ
ڕێ دیارە
هەرچی ڕاوەستێ، دەوەستێ!
خۆشەویستم!
ئەتۆ دەتگوت:
- بوومەلەرزە،
ئاگرپژێن، گێژەڵووکە،
بەستەڵەک و سەرما و سەهۆڵ،
تەرزە، لافاو،
هیچ کامیان نەیانتوانی
ڕێگەی کاروانمان کوێر کەن
خەباتمان ئەستێور کەن!
خۆشەویستم!
کاتێ بەرەو ماڵ بوومەوە،
لە گەڵما بووی،
لە دڵما بووی
کاتێ دڵۆپە فرمێسکێ،
لە چاوەکەم خزییە خوارێ،
کەوتە سەر پەلکی سوورگوڵێ،
گوڵم چنی و بۆم ڕاداشتی،
بزەت هاتێ
لە ڕوانینت شەرمەزار بووم
دەتگوت چاوت بە من دەڵێ:
- خۆ نەمردووم!
بەڵێ وایە تۆ هەر ماوی و هەر دەمێنی!
تۆ پەیکەرەی کۆڵنەدانی!
تیشکی مێژووی!
هێزی ژیانی!
تۆ بەربەیانی هەرمانی! [1]