چاوەکەت
لەکتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
چاوەکەت: شێعرە، تەلیسمە، بادەیە
مەستی مەستە،
پڕ لە هەستە،
دیمەنی تاریک و ڕوونی ئادەیە
لێوی ئاڵت: کانیاوی هەستمە،
ماچخوازە،
جوانە، نازە
ئارەزوومە، موهیمی هەڵبەستمە،
پێکەنینت: زەمزەمەی کانیی ئەوین
مۆسیقایە،
شێعری خوایە،
سێحری (بوون)ە، ڕازی (مان)ە و ڕەمزی (ژین)
خاڵەکەی نیوان مەمانت: ڕووگەمە
دڵبزوێنە
شادیهێنە،
تاقە ئەستێرەی گەشی بستووگەمە،
بەژن و باڵاکەت: لەبارە، ناسکە،
جوان و بەرزە،
لار و لەنجەت چەشنی ڕەوتی ناسکە،
ئەی ڤێنووس!
ئەی چاوەکانت پڕ لە ڕاز!
من لە دەشتی چارەنووسا ڕێگە ونبووم،
بمگەیە!
بۆ منی سەر تا بە پا غەرقی نیاز
ڕەمزی (هەرمان) ت لە لایە، بمدەیە!
با خوداگیرم نەبی، بڕوانە دڵ شەیدایە بۆت
لادە ئەو پەردەی کە کێشاوتە لە نێوان خۆم و خۆت! [1]