ناونیشان: نەوت و سەرئێشە
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لەوەتەی نەوت لەم وڵاتەی ئێمە دۆزراوەتەوە ئیسراحەت لە خەڵکەکەی بڕاوە، هەر جاره و بە بیانویەک نەوتی خۆمانیان دەکرد بە ئاگر و دەیان پرژاندە سەرمان، لەسایەی نەوتەوە کۆمەڵێک وشەی نوێ فەرهەنگی زمانەکەمانەوە لەوانە تەعریب و تەبعیس و تەهجیر.........هتد.
لە بەهاری ساڵی 2003 دا کە ڕژێمی بەعس ڕوخا ئاهێک بەبەرماندا هاتەوە بەڵکو نەوت لەوە بەدوا ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی. هەرێمی کوردستانیش ڕۆژگاری نوێی بە هەل زانی تا وەکو شارەکانی تری عێراق نەوت دەربهێنن ئه و نەوتەی ساڵەهای ساڵە حکومەتەکانی پێشوو نەیان هێشتووە کەس نزیکی بکەوێت، خاکی هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە 70 ستراکچەری جیۆلۆجیە کەچی دڵۆپێک نەوتی لێدەرنەهێنراوە نەوەک پیشەسازی نەوت بگاتە کوردستان وخەڵکەکەی شارەزاییان لە سامانی ژێر زەوییەکەیان هەبێت نەوەک تاک و گەنجی کورد پێبگات و ئابووری شارەکانی کوردستان بگەشێتەوە.
جێگەی شانازی بوو بۆ کورد و حکومەتی هەرێم و یەکێتی لە ساڵانی نەوەدەکاندا ساڵانی قات و قڕی و ئابڵوقەی سووتەمەنی نەوتی لە سێ بیرەکەی کێڵگەی تەقتەق دەرهێنا و بەشێکی کەمی لە پێویستی ناوخۆ پڕکردەوە.
جێگەی فەخر و خۆهەڵکێشانە حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2006 دا دەستی بە هەڵکەندنی یەکەم بیرە نەوتی کێڵگەی تاوکی کرد له و کاتەی حکومەتی تازە دامەزراوی عێراق لە ناو گێژەنگی تیرۆر و شەڕی ناوخۆدا دەتلایەوە. هێنانی ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی هەنگاوێکی ژیرانە بوو بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریەکی تۆکمە لە کوردستاندا.
بەڵام هەموو ئەمانە نابێت ئەوەمان لە بیر بباتەوە کە ئێمە هەرێمێکی سەر بە عێراقین و بودجەی هەموو وڵات لە یەک سەرچاوەوە دابەش دەبێت. لە دەستوری عێراقی نوێدا هیچ ماددە و بڕگەیەکی تێدا نیە ڕێگە بە هەرێم بدات بە ئارەزووی خۆی نەوت بفرۆشێت هیچ بڕگەیەکیشی تێدانیە ڕێگری لێبکات. جا لەبەر ئەوەی سەرچاوەی بودجەی هەموو عێراق هاوبەشە و نەوت 95%ی زیاتری پێکدەهێنێت کەواتە پێویستە داهاتی هەموو نەوتی عێراق بچێتە یەک شوێنێکەوە، سەبارەت بە فرۆشتنیشی هەر دەبێت یەک دەستێک بیفرۆشێت کە ئێستا لە عێراق ئه و دەستە کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق (Organization marketing oil static) (سۆمۆ) یە.
بۆ دڵنیایی و بێگەردی فرۆشتنەکەش با هەموو پارێزگا و هەرێمە بەرهەم هێنەکان نوێنەر یان ئەندامیان له و کۆمپانیایە هەبێت.
گریمان هەر پارێزگایەکی بەرهەمهێنی نەوت ئازاد بێت لە چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتەکەی ئەوا چ پاشاگەردانیەک بەسەر ئابووری وڵاتدا دێت, ئەمە لە کاتێکدا پارێزگای بەسرە زیاتر لە 60%ی نەوتی عێراقی لایە و زۆربەی بودجەی عێراق بە 17%ەکەی هەرێمیشەوە له و شارەوە دێت.
بە چاوی خۆمان بینیمان ئەم مامەڵە کردنە لەگەڵ نەوتدا گەیاندمانیە ئەم ڕۆژە کە شەڕی پارەی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا بووەتە هۆی پەسەند نەکردنی بودجەی عێراق کە گەورەترین ڕەنگدانەوەی لە سەر هەرێمی کوردستان هەیە و دەبێتە هۆی دواکەوتنی موچەی کارمەندانی حکومەت, وەستانی بازار, تەنگ پێهەڵچنینی کار و کاسبی ئه و چینەی کۆمەڵ کە بژێوییەکەی لەسەر کاری ڕۆژانەیە.
بە تێڕوانینێکی خێرا بەم دۆخەی خەڵکەکەی هەرێمی تێکەوتووە دەتوانین بڵێین ئێستا تاکی کورد هیچ شانازییەک بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە ناکات چونکە لە لایەکەوە کەس نازانێت داهاتی ئەم نەوتە بۆ کوێ دەچێت و کێ لێی سوودمەندە لەلایەکی تریشەوە لەسەر ئێشە بەولاوە هیچی تری لێنەبینیوە.
ساڵ: ئاداری 2014
[1]