ناونیشان: ئەگەر نەوتی #کەرکووک# ڕاگیرا؟
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لە ململانیە سیاسیەکاندا زۆر گرنگە هەر دروشمێک پێش بەرزکردنەوەی بخرێتە تای تەرازووی زیان و قازانجەوە ئەوسا دوابڕیاری لەسەر بدرێت.
لەم ماوەیەی پێشوودا واهەست دەکرێت خەریکە دەرهاویشتەی ململانیەکانی نێوان بەغدا و هەرێم خۆی دەخزێنێتە ناو شاری کەرکووکەوه و داوای ڕاگرتنی نەوتی کەرکووک دەکەن بێئەوەی بیرێک لە دەرئەنجامەکانی بکرێتەوە. وا ئێمەش لە خوارەوە مشتێک لە خەرواری ئەنجامەکانی ڕاگرتنی نەوتی کەرکووک دەردەخەین:-
1- ڕۆژانە لە شاری کەرکووکەوە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی پاڵاوگەکانی بێجی، کەرکووک، سینیە، گەیارە دەکرێت و لەوێش دەگۆردرێن بۆ بەروبومە نەوتیەکانی وەک بەنزین و نەوتی سپی و غازی ماڵان پاشان دابەشی سەر شارەکانی کەرکووک و #هەولێر# و #سلێمانی# و موسڵ و تکریت دەکرێن. بەوەستانی نەوت گەورەترین قەیرانی سووتەمەنی ڕوو له و شارانە دەکات کە ناومان بردن، دیسانەوە وڵات دەگەرێتەوە چوارگۆشەی یەکەم و ڕیز بەستنی ئۆتۆمبیل لەبەردەم بەنزینخانەکان دەست پێدەکاتەوە، جارێکی تر هاوڵاتیان دەبێت چاویان لە ڕەحمەتی قاچاخچی بێویژدان بێت تا سوتەمەنیان بە نرخێکی گران لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ بهێنن.
2- هەموو ویستگەکانی کارەبا لە کەرکووک بە غاز کاردەکەن، سەرچاوەی غازەکەش کێڵگەی جەمبورە لە باشوری شارەکە. ئەگەر نەوت ڕابگیرێت ئەوا ئەم ویستگانە لە کاردەکەون کە ڕۆژانە نزیکەی 500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، ئەوسا دەگەرێینەوە سەر موەلیدەی ئەهلی و چرا و لالە.
3- ساڵانە لە بری نەوتی هەناردەکراوی کەرکووک بڕێکی باشی بودجە لە چوارچێوەی پرۆژەی پترۆ دۆلاردا دەگاتە دەستی ئیدارەی پارێزگاکە کە ئەوانیش توانیویانە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەسەر شارەکەدا بهێنن. توانراوە زیاتر لە 6 هەزار هاوڵاتی ئەم شارە لەسەر بودجەی پترۆ دۆلار دابمەزرێنرێت و دابەشی سەر فەرمانگەکان بکرێن. ئەگەر نەوتی کەرکووک ڕاگیرا پێویستە هەموو ئەم تازە دامەزراوانە لەبەر بێ پارەیی دەربکرێن و بچنەوە ماڵ دابنیشن، جارێکی تر شار بێ خزمەت دەبێت و دەبێتەوە زبڵدانەکەی ساڵی 2003. وێرای ئەمانە ئیدارەی کەرکووک ئه و پارەیەی بەدەستەوە نابێت تا وزەی کارەبا لە هەرێم بکڕێت.
4- ئایا ڕاگرتنی نەوتی کەرکووک چ فشارێک دەخاتە سەر حکومەتی ناوەند؟
لەوەڵامدا دەڵێین بەڵێ دەبێتە فشار بەڵام ئەوەندە بە هێز نیە حکومەت نەتوانێت خۆی لە بەری ڕابگرێت چونکە نەوتی کەرکووک 11%ی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت، بەڕاگرتنی نەوتی کەرکووک حکومەت دەتوانێت بۆ مەودایەکی دوور بەرگری بکات و بە کێڵگەکانی باشوور قەرەبووی بکاتەوە.
بە کورتی ڕاگرتنی نەوتی کەرکووک بۆ دانیشتوانی شارەکە لە خۆکوشتن بەولاوە هیچی تر نیە و تاقە زەرەرمەند خەڵکی شارەکەیە.
بەڵام هەر کاتێک زانیمان هاوکێشەکان گۆڕاوە و ڕاگرتنی نەوت دەبێتە فشارێکی باش بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان ئەوسا پێویستە لە سەر هاوڵاتیانی کەرکووک بڕژێنە سەر شەقام و داوای ڕاگرتنی نەوت بکەن. [1]