لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو لەشکری ڕوس بە مەبەستی داگیرکردنی شاری ڕواندز هێرشی پیادە و ئەسپ سواری دەستپێدەکات، بێئاگا لەوەی کە خەرەند چاوەڕوانی مەرگیان دەکات و بەهۆی ناشارەزایی بوونیان دەکەونە تەڵەوەو بەسەدان جەنگاوەرە ئەسپ سوارەکانی ڕوس لەناو دەچن و لەم ڕۆژەوە بە (دۆڵی مەرگ) ناودەبرێت.
سالح محەمەد، نوسەر و لێکۆلەری مێژوویی شاری ڕواندز، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: بەپێی لێکۆڵینەوەکانم هێرشی ڕوسەکان بۆ سەر شاری ڕواندز، لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو وەک چیرۆک و داستان گوێ بیستی بوومە، واتە لەپیاوە پیرو بەساڵاچووەکان، بۆ ئەوەی بزانین و ڕوونی بکەینەوە ئایا هێرشەکەیان چۆن بووە، هەروەک دەوترێت هێزەکانی ڕوس لەئێوارەی #09-05-1916# ی زاینی، گوندی بەرزێوەی سەربە قەزای ڕواندزی داگیر دەکات، بێ ئەوەی هێزەکانی پشووێک بدات، لەهەمان شەو ڕێڕەوی دەکەن و بناری #چیای هەندرێن# و سەرچاوەی ئاوی جوندیان و بێشوک، تاسەر ڕووبارو نزیک گەروی شێران دەگرێت، لەوشوێنە خەڵکی ناوچەکە پێش لە سوپای داگیرکەری ڕوسیا دەگرن و کوشتارێکی زۆریان لێ دەکرێت.
گوتیشی، لەم هێرشەدا سوپای ڕوسەکان، چوار ڕیتل ئەسپ سواری ڕوسی قەوقاسی گەورە و بەهێز، لەگەڵ هێزەکەی خۆی هێنابوو، بۆ داگیر کردنی دەڤەری ڕواندز، ئەو تاقمە سوارەی ڕوس ناویان زۆر بەخراپ و خراپە کاری و دڕندەیی دەرکرد بوو، کە خەڵکی ناوچە بە (حروس) ناویان ئەبرد، هاوکات بەپێی گۆتەی ئەوانەی کە ئەوکات لە ژیاندابوونە، گوایە هەموو هێرش کردنەکەیان بۆ ڕاو ڕووت و تاڵان کردنی ماڵی خەڵکی بووە، بەهۆی ئەوەی لەناوچەی باڵەکایەتی و شوێنەکانی دیکە، شتێکی ئەو تۆیان دەست نەکەوتبوو، بۆیە لەشکرەکەی ڕوس چاوی بڕیبووە شاری ڕواندز، کە لەوێ دەستی خۆیان بوەشێنن و شتێک بەدەست بهێنن، هەربۆیە ئەمە زیاتر سەربازەکانی هاندەدا بۆ ئەوەی هێرشی بەپەلە بکەنە سەر شاری ڕواندز، بەبێ ئەوەی بە خەیاڵیان دابێت کە خەرەند بۆیان دەبێتە دۆڵی مەرگ.
ئەو لێکۆلەرە ڕاشی دەگەینێت: لەشکری ڕوسیا بۆ هێرش کردنە سەر ڕواندز، لەشکرەکەی دەکات بەسێ بەشی پیادە و ئەسپ سوار، لە ڕێگای پیادە بەشی یەکەم سێ سەد ئەسپ سواری و هێزێکی گەورەی پیادەش، لەجوندیان بەرەو ڕواندز، دوو هێرشەکەی دیکەی لە گردەکانی بناری چیای هەندرێن، پێشڕەوی پێکردبوو یەکیان بەرەو پشتی ڕواندز واتە بێرۆیان، ئەوەی دیکەیان لەناوەڕاستی چیای هەندرێن بەرەو قەڵاتۆک، کەئێستا پێی دەڵین قەلاتیلۆک، دیار بووە سوپاکەی ڕووسیا کەسی شارەزایان لەگەڵ نەبووە، بۆیە وادیار بووە نەیان زانیوە کەپێش ئەوەی بگەنە ناوشاری ڕواندز، دۆڵی #خەرندی ڕواندز# چاڵەی ئەوانە، یان ئەم شاخە بەرزەیان لەپێشە، دەڵێن ئەو ڕۆژە سوپای ڕوسیا بەرلە هێرشکردنی تۆپ بارانی ناوشاری ڕواندز دەوروبەریان کردوە، بۆماوەی سێ کاتژمێر تا ڕۆژ ئاوابوون، لەبەر تۆزو بارووتی تۆپەکان دونیا تاریک دەبێت، زیاتر تۆزەکە پێش چاوی لەشکرەکە دەگرێت و ڕێگاکەیان لێ ون دەبێت کاتی هێرشەکە، ئێوارە بەرەو تاریک بوون دەچێت.
وەک دەوترێت، سوارەکانی ڕوسیا دوای تۆپ بارانەکە پێشڕەوی دەکەن، لەگردەکانی بناری هەندرێن، بەریزەو پاو پۆڕی دەکەونە غاردان و پەلاماردان، لەگردەکانی سەرەوەی بناری چیای هەندرێن، تا بەرەو خوارەوە دێن و لە سەنتەری ڕواندز نزیک دەبنەوە، زیاتر سەرگەرم و خێراتر دەبن، تاوی ئەسپەکانیان دەدەن و کەسیش نابینن بەرەنگارو ڕووبەڕوویان ببنەوە ناشزانن کە دۆڵی خەرەند چاوەڕوانی مەرگیان دەکات، کاتێک هیچ کەس نابینن بەرانبەریان بوەستێت وادەزانن ئیتر تەواو دەتوانن بە ئاسانی دەست بەسەر ڕواندز دابگرن و زیاتر ئەسپەکانیان تاو دەدەن، وەک گرمەگرمی بروسک و هاژە هاژەی باو باران دەقیژێن و وادەزانن ئیتر گەشتوون بە ئامانج.
سالح محەمەد، دەشڵێت، بێ ئاگایی هێزەکان و ئەسپ سوارانی لەشکری ڕوس، لەهەبوونی خەرەند لە دەوری ڕواندز، بووە هۆی مەنزڵگاو کەوتنە خوارەوەی بەشێکی زۆر لەو هێرش کەرانە، دەنگی هاتو هاواری سوارو ئەسپەکانیان و غاردانەیان بەرەو سەر شاخی خەرەندی هەزاری بەرهەزاری یەک لەدوای یەکتری بەم ئێوارە درنگە تا دەکەوتنە ناو دۆڵی خەرەند، لەناکاو وردە وردە دەنگی هاتوو هۆڵ و حیلەی ئەسپ و وڵاغەکانیان کپ دەبێت و تەنها دەنگی شرپەو تەپەی سوارەی قەوقاس و کەوتنە خوارەوەیان، بۆ ناو دۆڵی خەرەندی ڕواندز دەبیسترێت، لەناکاو شەو کش ومات دەبێت و بێ دەنگی باڵ بەسەر لەشکرەکەی ڕوس دادەگرێت.
ئەو لێکۆلەرە دەشڵێت، هێرشی دیکەی ڕوسەکانیش لە لەقەڵاتیلۆک و قونگرەکان و سەر شاخەکانی سەرەوەی ڕواندز، تێکڕا لەهەموولایەک دەستیان لێیان دەو شێن و لەم هێرشەدا پاشکشە بە هێزەکانی ڕوس دەکرێت زیانی زۆری بەردەکەوێت و زەبرێکی کوشندەی پێدەکەوێت، دوای ئەم شکستە گەورەیەی لەشکری ڕوس، زیانێکی زۆر و بەسەدان سوارچاک و جەنگاوەریان لێدەکوژرێت و دەکەونە ناو دۆڵی خەرەند، دواجار بەناچاری دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بۆ گوندی بێشوک، بۆیە لەو ڕۆژەوە بەم خەرەندە دەڵێن (دۆڵی مردن) واتە (وادی الموت).
سالح محەمەد، ئەوەش دەخاتەروو، سوپای ڕوسەکان زۆر تامەزرۆی گرتنی ڕواندز بوونە، ئەمەش وایکرد کە دووبارە هەوڵی داگیرکردنی بدەنەوە، بەمەش هێزێکی زیاتر لەسەرووی خۆیان داوا دەکەن، لەگەڵ چەند تۆپ و ڕەشاش و چەکی قورس و تەقەمەنیەکی زۆر، بۆیە ئەمجارە بە شێوازێکی دیکە دووبارە هێرشەکەیان بۆ سەر ڕواندز دەست پێدەکەن، هەر چەندە هەموو قەڵاو گردەکانی دەوروبەری شاری ڕواندز قائیم و توکمە دەکرێن، بەڵام ئەم جارە هێرشی ڕووسەکان، زۆر بە ڕێک و پێکی و شێوەی نەخشە داڕێژراو لە 16-5-1916 پاش تۆپ بارانێکی زۆر، هێرشێکی بەربڵاو شەڕێکی گەورە و قورس ڕواندز داگیر دەکەن، دەست دەکەن بەکوشتن و بڕین و سووتان و کاول کردن و تاڵانی ماڵی هاووڵاتیان، لەگەڵ بردنی چەندین تۆپی پاشای گەورەی ڕواندز، هەروەها بردن و تاڵانکردنی چەند پارچە شوێنەوارێکی کۆن و بەکەلکی ئەو سەردەمی، خەڵکێکی زۆریش ئاوارەی گوندەکانی ناوچەی هەریر و باتاس دەورو بەری ڕواندز دەبنەوە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 1,168 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!