ناونیشان: ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت غازی سروشتی هەناردە بکات؟
نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
غازی سروشتی یەکێکە لە سەرچاوەکانی وزە کە توانایەکی زۆری هەیە، چڕییەکەی کەمە وزیاتر دۆستی ژینگەیە وپاکە، پێکهاتە کیمیاوییەکەی هەروەک نەوت بریتیە لە کاربۆن و هایدرۆجین بەڵام لێرەدا بڕی هایدرۆجینەکەی زیاترە.
$لە جیهاندا غازی سروشتی بە دوو چەشن هەیە:$
1- غازی هاوەڵ(associated gas) واتە لە ناو نەوتدا تواوەتەوه و دوای بەرهەم هێنانی نەوت جیادەکرێتەوە، 71%ی غازی عێراق پێکدەهێنێت.
2- غازی ئازاد (Free gas) بەتەنها دەردەهێنرێ و 29% ی غازی وڵات پێکدەهێنێت بۆ نموونە غازی کێڵگەی کۆرمۆر و مەنسوریە.
یەدەکی جیهان لە غازی سروشتیدا (187) ترلیۆن مەتر سێجایە کە 48، 5%ی دەکەوێتە لای وڵاتانی ڕوسیاو ئێران و قەتەر.
$تا ساڵی 2010 لەم برە 3، 9ترلیۆن مەتر سێجای خەرج کراوە.$
یەدەکی عێراق لە غازی سروشتیدا 3.5 ترلیۆن مەتر سێجایە و سێ کیڵَگەی گەشەپێدراوی غازی هەیە کە بریتین لە سیبە, مەنسوریە و عەککاس.
یەدەکی هەرسێکیان 10,8ترلیۆن پێ سێجایە.
لە سەردەمی حکومەتی بەعسدا بایەخێکی زۆر بە بواری غاز دراوە، هەردوو کۆمپانیای غازی باکوور و غازی باشووریان دامەزراندبوو، هەموو وڵاتیان بە تۆرێکی ناوخۆی غازەوە بە درێژی 3 هەزار کیلۆمەتر پێکەوە گرێدابوو، بە فیرۆدانی غاز گەیشتبووە نزمترین ئاست.
حاڵی حازر عێراق نزیکەی 3 ملیار پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنێ و بەهۆی خراپی تەکنەلۆجیاکەیەوە 50%ی دەسووتێ و سوودی لێوەرناگیرێت کە لە ڕووی ماددییەوە ساڵانە بایی 1، 5 ملیار دۆلارە.
لە ڕووی بەرهەم هێنانی کارەباوە عێراق پێویستی بە 30هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بەڵام لە 20 هەزار مێگاوات زیاتر ناتوانێت بەرهەم بهێنێ. وێستگەکان بە غازو نەوتی ڕەش و نەوتی خاو کاردەکەن، ڕۆژانە جگە لە غاز 250هەزار بەرمیل نەوتی ڕەش و نەوتی خاو دەسووتێنن.
ئەگەر هەموو ویستگەکان بکرێن بە غازی ئه و کاتە بۆ بەرهەم هێنانی هەر (3، 5) مێگاوات کارەبا پێویستیمان بە یەک ملیۆن پێسێجا غاز هەیە. کەواتە بۆبەرهەم هێنانی 30 هەزار مێگاوات پێویستیمان بە نزیکەی 10ملیار پی سێجا ڕۆژانە غاز دەبێت. کەواتە عێراق ئەوەی بەرهەمیشی دەهێنێت بە فیرۆی نەدات پێویستی بە 7 ملیار پێ سێجا غاز ڕۆژانەی تر دەبێت. هەر بۆیە عێراق بە ناچاری ئێستا لەلایەکەوە ڕۆژانە بری 1800 پێ سێجا غاز هاوردە دەکات لەلایەکی ترەوە کارەبا لە وڵاتانی دراوسێ دەکرێت. وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا لە 30 ی نیسانی 2021 ئاشکرای کرد بۆ کۆتایی ساڵی 2025 بەرهەمی غاز دەگەیەنینە 4 ملیار پێسێجا لە ڕۆژێکدا شانبەشانی ئەوەش بایەخ بە بەبەرهەم هێنانی وزەی کارەبا لەخۆر دەدەین. لە توێژینەوەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە لە ساڵی 2030دا عێراق ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی 11 ملیار پێ سێجاغاز دەبێت ئەوسا دەتوانێت پێویستیەکانی ناوخۆلە کارەبا و پیشەسازییە غازییەکانی وەک پترۆکیمیاوی و ئەمۆنیا و ئەلەمنیۆم پڕبکاتەوە. هەروەها لە توێژینەوەکەداهاتووە ئەگەر بەرهەم هێنانی نەوت بگاتە 6.5 بەرمیل لە ڕۆژێکدا ئەوا عێراق دەبێتە خاوەنی 5 ملیار پێ سێجا غاز لە ڕۆژێکدا.
لە ساڵانی هەشتاکاندا پێش شەری کەنداوی 1991 عێراق ڕۆژانە 7700 مێگابایت کارەبای بەرهەم دەهێنا کە 5 هەزاریان مێگابایتیان لە ڕێگەی غازەوە بوو. له و کاتەدا عێراق غازی (LPG) واتە غازی ماڵانی لێ زیاد دەبوو. بۆئەم مەبەستە بۆرییەکی 100 کیلۆمەتری لە نێوان عێراق و کوێتدا ڕاکێشابوو.
لەم ڕوانگەیەوە کۆمپانیای (بۆز) لە توێژینەوەیەکدا باسی عێراق دەکات و دەڵێت (عێراق چەندێک بەرهەمی نەوت بەرز بکاتەوە ئه و بڕە غازەی لێ زیاد نابێت کە هەناردەی بکات لە دوای پەرە پێدانی کێڵگە غازییەکانیشەوە).
$سیفەتەکانی وڵاتی هەناردەکاری غاز$
سستمی هەناردەکردنی غاز ڵەگەڵ نەوتدا جیاوازی زۆریان هەیە، هەر وڵاتێک بیەوێت ببێتە هەناردەکەری غاز پێویستە ئەم مەرجە سەرەکییانەی تێدا بێت:-
1- بڕی غازی بەرهەم هاتوو لە دوای دابین کردنی پێویستییەکانی ناوخۆ لە کارەبا و پیشەسازییەکان ئەوەندە بێت کە بەشی هەناردەکردنی بەردەوام و بێ پچڕانەوە بکات، ڕووسیا 600 ملیار مەتر سێ جا لە ساڵێکدا بەرهەم دەهێنێت تەنها 180 ملیار مەتر سێ جا ی هەناردە دەکات. جەزائیر 130 ملیار مەتر سێ جا غاز لە ساڵێکدا بەرهەمێتی کە چی 21 ملیار مەتر سێ جا ی لێدەنێرێتە دەرەوە.
2- بەستنەوەی وڵات بە تۆڕێکی بۆڕی غازی کە بەرهەمی غازی هەموو کێڵگەکان کۆبکاتەوە.
3- ڕاکێشانی بۆڕی بۆ ئه و وڵاتەی غازی بۆ هەناردە دەکرێت کە تیچووەکەی بە چەندین ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
4- بوونی سستمێکی هەڵگرتنی فراوان کە هەر کاتێک کێشەی تەکنیکی لەبەرهەمهێنانی غاز هاتەوە ئاراوە هەناردە کردن نەوەستێت واتا بوونی ژێرخانێکی پێشکەوتوو کە توانای هەڵگرتنی لە 6-9 ڕۆژ کەمتر نەبێت.
ئەگەر بڕوانینە باری وڵاتی عێراق دەبینین لە حاڵی حازردا هیچ کام له و مەرجانەی تێدا نییە چونکە بری غازی بەرهەم هاتوو نەک بەشی بەرهەمهێنانی کارەبا ناکات بەڵکو هێشتا لە ئێرانەوە ڕۆژانە 1، 8 ملیار پێ سێ جا غاز هاوردە دەکرێت.
سستەمی ناردنە دەرەوەی غاز خاوەنی سروشتێکی ستراتیژی ئاڵۆزە پێویستە واقعیانە خۆمانی لە قەرە بدەین چونکە تێچووەکەی دەگاتە دەیان ملیار دۆلار هەروەها پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە تا دەچێتە سەر ڕێچکەی خۆی، ئەمە وێرای بوونی سەقامگیرییەکی ئەمنی و سیاسی، بە تەنها کۆمپانیایەک کارەکە ئەنجام نادرێت بەڵکو پێویستە چەند کۆمپانیایەک هەر یەکەیان چمکێکی بارەکە لە ئەستۆ بگرێت، هەروەها پێویستە گەڕان و پشکنین بەردەوام بیًت تا بڕی زیاتری غاز بدۆزنەوە.
گواستنەی غاز بە بۆڕی بۆ یەکەم جار لەساڵە 1885 لە ئەمریکا ئەنجامدرا لە عێراقیش لە ساڵی 1959 بۆ یەکەم جار غاز لە #کەرکووک#ەوە بە بۆڕی ڕەانەی شارۆچکەی دوبز کرا بە مەبەستی ئیش پێکردنی وێستگەی کارەبا.
$هەرێمی کوردستان و غاز$
هەرێمی کوردستان پێشینەیەکی وەهای لە بەرهەم هێنانی غازدا نییە، ئەوەی لە پێش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 کراوە دۆزینەوەی کێڵگەی غازی #چەمچەماڵ#ە لە لایەن ئینگلیزەکانەوە کە تەنها دوو بیریان تێدا هەڵکەندووە و وازیان لێهێناوە هەروەها کێڵگەی کۆرمۆر کە لەسەردەمی بەعسدا 8 بیری تێدا هەڵکەنراوە و بە کێڵگەیەکی غازی ناسراوە. یەدەکی ئەم دوو کێڵگەیە 3، 9 ترلیۆن پێ سێ جایە. تەمەنی کارکردن لە هەرێمی کوردستان لە 15 ساڵ زیاتر نییە له و کاتەوەی کۆمپانیای دانا غاز ئەرکی دەرهێنانی غازی له و دوو کێڵگەیە گرتە ئەستۆ.
بە وتەی سەرۆکی ئه و کۆمپانیایە ئێستا سەرەتای ساڵی 2022 بەرهەمی کێڵگەکە گەیشتۆتە 450 ملیۆن پێ سێ جا لە ڕۆژێکدا، بۆ ساڵی 2025 دەگاتە 950 ملیۆن پێ سێ جا.
هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت هەر بەرمیلێکیش تێکڕا 600 پێ سێ جا غازی لێ جیادەکرێتەوە. کەواتە بڕی غازی جیاکراوە لە نەوت ڕۆژانە دەگاتە 300ملیۆن پێ سێ جا، کۆی هەردووکیان یەکسان دەبێت
950+300= 1، 250 ملیار پێ سێ جا غاز لە ڕۆژێکدا، تا ساڵی 2025 بەرهەمی نەوت چەندێک زیاد بکرێت بڕی غازی ڕۆژانە لە 1، 5 ملیار پێ سێ جا تیناپەرێت.
هەرێم ڕۆژانە پێویستی بە 6 هەزار مێگا وات کارەبا هەیە ئێستا 3500 مێگا وات بەرهەم دەهێنێت، هەر چەندە تا ساڵی 2025 پێویستی کارەباش بەڕێژەی 5% زیاد دەکات بەڵام با بڵێین پێویستییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە (6 هەزار مێگا وات).
هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخانیش لە باشترین حاڵەتدا لە 500 مێگاوات زیاتر دابین ناکات ئەوەی دەمێنێتەوە دەکاتە 5500 مێگاوات.
سیستمی تۆربینە غازییەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا وا دارێژراوە کە هەر یەک ملیۆن پێ سێجا غاز توانای بەرهەم هێنانی 3.4مێگاوات کارەبای بۆ24 سەعات هەیە، ئێستا بابزانین هەرێم به و 1، 5ملیار پێ سێجا غازەی لە ڕۆژێکدا هەیەتی چەندێک کارەبای دەست دەکەوێت:-
1500000000 3.4 /1000000 =5100 مێگاوات
کەواتە بۆ ساڵی 2025 غازی بەرهەم هاتوو ناتوانێت 100% پێویستیەکانی کارەبا پربکاتەوە واتە هێشتا 400مێگاوات کەمترە لە بری پێویست، ئەی چەندێک بۆ پیشەسازییە پترۆکیمیاوییەکان وئەلەمنیۆم و پەیین تەرخان دەکرێت. لەم سۆنگەیەوە دەگەینە ئه و ڕاستیەی کە هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک دوای دابینکردنی پێویستیە ناوخۆییەکان غازی لێزیاد نابێت تا هەناردەی دەرەوەی بکات.
$کەی هەرێم دەتوانێت غازی سروشتی هەناردە بکات؟$
هەرێم ئه و کاتە دەتوانێت غازی سروشتی هەناردە بکات ئەگەر هەمان سیاسەتی هەناردەکردنی نەوت پیادە بکات واتە لە دەمی خەڵکی هەرێمی بگرێتەوه و ڕەوانەی دەرەوەی بکات ئەوسا چۆن خەڵکی بێ نەوت و بەنزین و غازن ئه و کاتەش بێ کارەباو پیشەسازی دەبێت کە ئەمەش ناچێتە خزمەتی خەڵکەوە. ئەوسا ناتوانین هەرێم بە هەناردەکارێکی ڕاستەقینە بژمێرین چونکە لە یەکێک لە گرنگترین مەرجەکانی ولاتی هەناردەکار لایداوە هەروەک لە سەرەوە باسمان کرد.
$هەرێم چۆن مامەڵە لەگەڵ غازدا بکات؟$
چاکترین و ڕاستترین ڕێگا لە خزمەتی هەرێم و خەڵکەکەی بێت هەماهەنگی کردنە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرەپێدانی غازی هەرێم لە پێناو دابینکردنی پێویستیەکانی وڵات. لەجیاتی ئەوەی بۆری غاز لە کۆرمۆرەوە بۆ تورکیا ڕابکێشرێت با ئه و بۆرییە بگەنرێتە ناوچەی مەنسورییە لە پارێزگای دیاله و تێکەڵ بە غازی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێ ببێتە مایەی گێرانەوەی زیاتری متمانە لە نێوان هەردوولادا کە بەکردەوە دەرکەوت خۆتەریک کردن لە بەغداو پاڵدانە دوژمنان لە نەهامەتی زیاتر هیچی بۆخەڵکی هەرێم نەهێنا.
1 مەتر سێجا یەکسانە بە 36پێ سێجا. [1]