شەبنەم کۆرور فینجانجی، سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا ڕایگەیاند، سوپای تورکیا چەکی کیمیایی لە دژی #پارتی کرێکارانی کوردستان# (پەکەکە) بەکارهێناوە و گوتەبێژێکی #ئاکپارتی#ش ئەمە بە بوختان ناودەبات.
دوای بڵاوبوونەوەی چەند دیمەنێک لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە دژ بە پەکەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-10-2022 عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە تویتێکدا بڵاویکردەوە: ئەوانەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتبار دەکەن، بەشێکن لە تۆڕی بوختان هەڵبەستن. ئەوان هەوڵدەدەن تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی بە بێتاوانی نیشان بدەن.
شەبنەم کۆرور فینجانجی، سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە 19-10-2022 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی تایبەت بە میدیای نزیک لە پەکەکە سەبارەت بەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە کە تێیاندا باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیا لە دژی گەریلاکان دەکرێت گوتی: من زووتریش لێکۆڵینەوەم بۆ دیمەنەکان کرد. ڕوونە کە ئەو گازە کیمیایی و ژەهراوییانە بەکارهێندراون، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مێشک و دەمار دروستدەکات. بێگومان زۆر جۆر چەکی کیمیایی هەن. هەرچەندە بەکارهێنانیان قەدەخەیە، بەڵام بەداخەوە دەبینین لە پێکدادانەکاندا بەکاردەهێنرێن.
سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا ڕەخنەی لەو بێدەنگییە گرت کە لەمبارەیەوە هەیە و بە پێویستی زانی لیژنەی تایبەت بەو بوارە کارا بکرێت و دەست بە لێکۆڵینەوە بکرێت. هەروەها ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی جنێڤ بۆ قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی کرد.
ئەم گوتانەی شەبنەم کۆرور فینجانجی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا چەندەها جار هاوبەشیکراوە (شەیرکراوە) و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە میدیای نزیک لە پەکەکە سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتباردەکات. بەڵام حکومەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک ئەمە ڕەتدەکاتەوە.
سەلاحەددین #دەمیرتاش# هاوسەرۆکی هەدەپە لەو بارەیەوە لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر بڵاویکردەوە: پارێزەرانم پێیان ڕاگەیاندم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیمەن لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی پەکەکە بڵاوکراوەتەوە. پێویستە لیژنەیەکی بێلایەنی نێودەوڵەتی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بچێتە ناوچەکە. پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆن ناتوانن لەمەڕ ئەو دیمەنانە بێدەنگ بن. چونکە بێدەنگییەکی وەها پەسندکردنی تاوانەکەیە.
دەمیرتاش هەروەها جەختیکردووەتەوە هۆکارەکەی هەر چییەک بێت، نابێت چەکی کیمیایی بەکاربهێندرێت و ئەمە تاوانێکی قورسە، هەروەها دەڵێت: بەرپرسیاری ئەو تاوانە ئاکەپە و مەهەپەن، کە لە سیاسەتی شەڕدا هیچ سنوورێکیان نییە. ئەنجامدەرانی تاوانێکی وەها دەبێت لەبەردەم دادگە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتارانی هەدەپە چەند جارێک ئەم بابەتەیان ورووژاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم بابەتە بە شێوەیەکی فەرمی لە نێو پەرلەمانی تورکیادا تاوتوێ نەکراوە.[1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 1,361 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!