کەسایەتیی #زەردەشت#
ئەشو زەردەشت لە ئورومان، #هەورامان# یان هەورامانی گەورە سەری هەڵدا و لەدوای بیرکردنەوە و چوونە ناو ئەندێشەیەکی قووڵەوە لە فەلسەفەی ژیان و تیشک خستنە سەر کۆمەڵێک لە چەمکەکانی سەردەم و سەرەنجام پەی بە تاک و تاقانەیی خودا برد، لە سەردەمێک کە فرەخودایی باو بوو و سەردەمی تاریکی ئەندێشە بوو، ئەو ڕووناکییەکی لە بەشێکی تری ئەندێشەی خۆی دۆزییەوە و پەی بە تاقانەیی خوای برد و خوای ناسی و ناوی لێ نا ئەهوورامەزدا، زەردەشت بەگژ هەندێ لە چەمکەکانی سەردەمدا چووەوە، وەکوو قوربانیکردنی مرۆڤ و ئاژەڵ، بەگژ فیکرەی پەر ستنی فرەخودایی و دوژمنایەتیکردنی ژینگە و کەرامەتی مرۆڤدا چووە. لە سەردەمی زاڵبوونی فیکر و ئایینی #میترائیسم# و زاڵبوونی فەرهەنگی فرەخودایی، کە مۆغەکان لەپێناو پاراستنی حوکم و دەسەڵاتی خۆیان خەڵکیان دەدۆشی و غارەت و چەواشەیان دەکرد، زەردەشت لە دژی هەموو ئەمانە وەستا و پێش هەموو شتێک لە دژی قوربانیکردنی گیانەوەران بەتایبەتی مرۆڤ وەستایەوە، چونکە ئەو پێی
وابوو کەرامەتی مرۆڤ لە سەرەوەی هەموو شتێکە، بۆیە قوتابخانەیەکی دامەزراند، کە سەرئەنجامی تێڕامان و بیرکردنەوە و بەگژداچوونەوە بوو، بە ناوی مەکتەبی (مەزد یەسنا).
مەزد یەسنا بوو بە خاڵی بەرانبەری فەرهەنگی (دیو یەسنا) و بەگژی داچووەوە، سێ پەندی پێک هێنا و بوو بە مامۆستای مرۆڤایەتی: واتا (ئەندێشەی چاک، وتەی چاک، کرداری چاک). زەردەشت دەڵێ: ئەگەر مرۆڤ چاک بیر بکاتەوە، لە ئەنجامی بیرکردنەوەی چاکدا زمانی بە چاکی دەگەڕێتەوە ناو دەمیا و بە چاکە قسە دەکات و مادام بە چاکە قسەی کرد کاریگەری دەکاتە سەر کردارەکانی و کرداریشی چاک دەبێ. ئەم سێ پەندە دەتوانن قاڵبێک بن بۆ ئاڕاستەکردنی ژیانێکی بەکەرامەت و بەختەوەر بۆ مرۆڤایەتی.
$ئەندێشە و ئازادئەندیشی$
زەردەشت یەکەم کەس بوو کە چەمکی ئازاد ئەندیشی هێنایە ئاراوە و بە شێوازی ئەندێشەمەندانە بانگی تاک خودایی هەڵدا، ئەشو زەردەشت گوتی: تەنیا یەک خوا هەیە ئەویش نەوەکوو خالق، بەڵکوو گەوهەری گێتی و ژیان و سەرچاوەی ژیان و تیشکی جۆراوجۆری لێ دەبێتەوە، کە یەکێک لە و تیشکانە گیانێکە لەناو قاڵب و جەستەی مرۆیی، ئێوە بە ئەقڵ و لۆژیکی خۆتان لاتان پەسەند بوو فێری بن و کاری پێ بکەن و ئەوەش کە لاتان پەسەند نەبوو مەحکووم نین ئەنجامی بدەن.
$بانگەوازی بۆ یەکتاپەر ستی$
تەنانەت بۆ چەمکی خواش زەردەشت گوتی: بە لۆژیکی ئەندێشەوە بڕواننە کائینات و خواوەندی یەزدان بدۆزنەوە و بیناسن، ئینجا بەپێی توانا و خواستی خۆتان بڕیار بدەن.
زەردەشت هەرگیز باسی جەبر و زۆر و ستەمی نەکردووە، بەپێچەوانەوە، وا باسی بەسەرهاتەکانی کردووە، کە لە ئەنجامی کارەکانی خۆمانە کە بەرۆکمان دەگرێتەوە، واتا من ئەگەر ئیشی خراپم کرد وەک تاکێکی مرۆڤ ویژدانم بەرۆکم دەگرێتەوە و بەپێچەوانەوە، ئەگەر کاری باشم کرد ئەوە ویژدانم ئاسوودە دەبێت.
ئەشو زەردەشت یەکەم کەس بوو کە مرۆڤایەتیی هان دا بۆ ژینگەپارێزی و نیشتەجێبوون، بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لە حاڵەتی کۆچەری و بێ شارستانیەت بهێنێتە دەرەوە و بیگەیەنێت بە ئاستێک بۆ بنیاتنانی شارستانیەت و درووستکردنی لەوەڕگە و کاری باخەوانی، بەتایبەت ڕێز لە چوار پێکهاتەی سەرەکی بگرن، کە دەبنە هەوێنی هەموو خەڵقەت: واتا (ئاو و ئاگر، هەوا و خاک)، کە ئەگەر لە گێتی بسەندرێنەوە گێتی هیچی بۆ نامێنێتەوە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 767 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!