ناونیشانی بابەت: سندوقی داهاتی نەوت
ناوی نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
گومانی تێدانیە کە دروست بوونی نەوت لە ژێر زەویدا ملیۆنان ساڵی خایاندووە و ئەوەی تا ئێستا پێکهاتووە جارێکی تر ڕووناداتەوە، لەبەر ئەم هۆیەیە پێویستە بەکارهێنانی نەوت بە شێوەیەکی بەرنامەرێژی بێت و لەسەر بناغەیەکی زانستی بەرهەم بهێنرێت بەجۆرێک بێت خواست لە سەر نەوت هەرچەندێ بێت لەو چوارچێوە زانستیە دەرنەچێتە دەرەوە چونکە لەلایەکەوە کاریگەری خراپی بۆ سەر ژینگە دەبێت لەلایەکی تریشەوە ئەو کێڵگە نەوتانە دوچاری زیان دەبن. ئەگەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بەم چەشنە کاربکەن ئەوا مانای پابەند بوونیان بە (پڕۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام) دەگەیەنێت.
پڕۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام بریتییە لە ئیدارەدان و پاراستنی سامانی سرووشتی لەگەڵ ئاڕاستەکردنی گۆرانکارییە تەکنیکی و دامەزراوەییەکان بەجۆرێک پێویستیەکانی نەوەی ئێستا دابین بکات و ڕێژەیەک لەو سامانە بۆ نەوەکانی داهاتوو پاشەکەوت بکات.
زۆر جار وا ڕێکەتووە وڵاتانی خاوەن نەوت بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەلە لە هەندێک بریاری چارەنووسساز دەکەن بێئەوەی بیر لە بەرژەوەندی نەوەکانی داهاتوو بکەنەوە وەک بریاری کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەجیهانیەکانی ڕابردوو کە کۆنترۆڵی نەوتیان کردبوو، بە پێی بەرژەوەندییەکانیان نەوتیان دەردەهێنا و دەفرۆشت.
پێچەوانەی ئەمەش لە نێو وڵاتانی جیهاندا نموونە هەیە کە ڕەچاوی پڕۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام دەکەن لەوانە وڵاتی نەرویج و ئالاسکا وکوێت.
$ئەزموونی ئالاسکا$
ئالاسکا یەکێکە لە وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت و لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە نەوت هەناردە دەکات، بەڵام بەرێژەیەکی کەم. لە ساڵی 1976 هاووڵاتیانی ئالاسکا دەنگیان دابۆ دەسکاریکردنی دەستوری وڵات بە ئامانجی دامەزراندنی (سندوقی هەمیشەیی ئالاسکا) تا 5 داهاتی نەوتی وڵاتەکەی تێدا بپارێزرێت پاشان ساڵانە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکرێت. لە ساڵی 2002 دا هەر تاکێک (1540) دۆلاری بەرکەوت. لە ساڵی 1982 – 2002 هەر تاکێکی خەڵکی ئالاسکا نزیکەی (22000) دۆلاری بەرکەوتوە. ئەم سندوقە توانیویەتی بەچاکی خۆی بسەپێنێت چونکە ئالاسکا خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە لە حوکمی فیدڕاڵیەت و دەستوور.
لە وڵاتانی کەنداویش لەم چەشنە سندوقە دامەزراوە، لە کوێت ناوی لێنراوە (سندوقی یەدەکی نەوەکانی داهاتووی کوێت)، لە عومان و قەتەریش پێی دەڵێن (سندوقی یەدەکی حکومی)، لێرەدا پارەی کەڵەکەبووی ناو ئەم سندوقانە دابەشی سەر خەڵک ناکرێت بەڵکوو لە وڵاتانی گەورەدا دەخرێنە ئیشەوە واتە لە نەوتەوە دەبێت بە دراو یا بڵێین لە سامانی ژێر زەوییەوە دەبێتە سامانی سەر زەوی. هۆی داهێنانی ئەم سندوقەش دەرککردنە بەو ڕاستییەی کە ڕۆژێک دادێت نەوت وشک دەکات، لەبەر ئەوەی نەوت موڵکی نەوەکانی ئێستاو داهاتووشە بۆیە بەچاک دەزانرێت نەوەکانی دوارۆژیش سوودی لێوەربگرن.
$ئێڕاق$
لەو کاتەوەی نەوت لە ئێڕاق دۆزراوەتەوە هیچ فەرمانڕەوایەک لە خەمی ئێستاو ئاییندەی خەڵکی ئێڕاق نەبووە، لە کاتی ئینگلیزەکاندا کۆمپانیای ipc بەپێی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی نەوتی بەرهەم دەهێنا. لە سەردەمی بەعسیشدا دیسانەوە نەوت کەوتبووە ژێر کاریگەری سیاسەتەوە بە تایبەت لە ساڵانی جەنگی ئێڕاق ئێراندا کە بۆ بەدەست هێنانی پارەی زیاتر بەمەبەستی درێژە پێدانی جەنگەکەیان گوشارێکی زۆریان بۆ کێڵگە نەوتیەکانی کەرکووک هێناو ڕۆژانە 1.600ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا و زۆر لە توانای خۆی زیاتر بوو، هەرچەندە لەو کاتەدا چەند ئەندازیارو بەرێوبەرێکی شارەزا ئەم کارەیان بە هەڵە دەزانی بەڵام کەس گوێی لێنەگرتن و دوچاری سزا بوونەوە.
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس (ستیڤن کلیمۆنز) ئابووریناسی ئەمەریکی پێشنیاری دامەزراندنی سندوقێکی کرد بە ناوی (سندوقی ئێڕاقیەکان) تا 40 ی داهاتی نەوتی ئێڕاقی تێدا بپارێزرێت، پاشان پارەکە لە وڵاتانی جیهان وەبەرهێنانیان پێبکرێت بە جۆرێک داهاتەکەی بەسەر ئێڕاقیەکاندا دابەش بکرێت، بەڵام ئەم پڕۆژەیە ڕۆشنایی نەبینی.
وا پێدەچێت فەرمانڕەوایانی نوێش بە هەمان ژیرییەت بیر دەکەنەوە و هەر لە هەڵپەی ئەوەدان زۆرترین نەوت هەناردە بکەن.
لە ساڵی (2012) زۆر لەپەڕڵەمانتارانی ئێڕاق بە تایبەت سەدرییەکان جەختیان لەوە دەکردەوە تا بەشێک لە پارەی زیادەی نەوت دابەشی سەر هاووڵاتیان بکرێت بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش بە پێی برَگەی یەک لە مادەی 15 ی یاسای نەوت و غازی کوردستان بریار بوو سندوقێک بە ناوی (سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتیەکان) دابمەزرێت کە خاوەنی کەسایەتیەکی مەعنەوییە و سەربەخۆیی دارایی و کارگێری هەیە، ئەمەشیا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە.
بێگومان بوونی ئەم سندوقە لە هەر وڵاتێکدا لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی خۆی هەیە، لە گرنگتری لایەنە پۆزەتیڤەکانی ئەوەیە هاووڵاتی هەست بە نرخ و پێگەی خۆی دەکات و ئینتیمای بۆ وڵاتەکە زیاتر دەبێت دواتر هانی دەدات بەشداری پڕۆسەی سیاسی لە وڵاتەکە بکات.
لایەنی نێگەتیڤی ئەم سندوقەش ئەوەیە توێژێکی کۆمەڵایەتی سەرهەڵئەدا کە هەر چاویان لە داهاتی ئەو سندوقە بێت و هیچ کارو کاسبیەک نەکەن، بە کورتی چینێکی تەمەڵ و تەوەزەل دێنێتە بەرهەم. لە لایەکی تریشەوە لە بڕی ئەو پارەیە کەم دەبێتەوە کە بۆ بنیات نانی ژێرخانی وڵات تەرخان دەکرێت، دەتوانرێ بوترێ ئەم خاڵە سەرەکی ترین هۆی هەڵوەشانەوەی سندوقی ئێڕاقیەکان بوو چونکە ئێڕاق دوای پڕۆسەی ئازادی ڕوبەرووی ژێرخانێکی داروخاو بووەوە کە پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەبوو بۆ بنیات نانەوە.
واقعی ئەمرۆی ئێڕاق ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ پلانێکی ڕوون بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ داهاتی نەوتدا لە ئارادا نیە، بە بێ بەرنامە بۆ نەوەی ئێستا خەرج دەکرێت بێئەوەی بیر لە نەوەی داهاتوو بکرێتەوە کە ئەوانیش بەشیان هەیە لەم سامانە و مافی خۆیانە بەهۆیەوە خۆش گوزەرانبن. [1]