ناونیشانی بابەت: کاتی دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک هاتووە؟
ناوی نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لە ساڵی 1927 کۆمپانیایەک بە ناوی کۆمپانیای نەوتی توورکی کە لە دوو توێیدا ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی کۆبووبوونەوە یەکەم بیری نەوتیان لە کەرکووک هەڵکەند، لە ساڵی 1929 دا ناوەکەی گۆرا بۆ کۆمپانیای نەوتی ئێڕاق (IPC) کە سنوورە جوگرافیەکەی هەموو ئەو زەوییانەی دەگرتەوە کە دەکەوتە دیوی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری دیجلە تا ناوەڕاستی ئێڕاق درێژدەبوەوە. لە ساڵی 1972 دوای خۆماڵیکردنی نەوت ناوی کۆمپانیاکە گۆرا بۆ (الشرکة العراقية للعمليات النفطية I.C.C.O)، پاشان لە ساڵی 1979 ناوەکەی کرا بە (الموسسة العامة لنفط الشمال). لە ساڵی 1987 وەزارەتی نەوتی ئێڕاق هەموو دامەزراوە نەوتیەکانی ئێڕاقی دابەشی سەر دوو کۆمپانیا کردکە بریتین لە کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای نەوتی باشوور. یەکەمیان سنوورەکەی لە زاخۆوە تا باشووری شاری کووت درێژە دەکێشێت و بارەگاکەی لە کەرکووکە.
لەدوای پڕۆسەی ئازادی لەسەر بناغەی یاسایەکی ئەنجومەنی وەزیران کە هەر پارێزگایەک توانای بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەبێت مافی دامەزراندنی کۆمپانیای تایبەت بەخۆی هەیە دوو کومپانیای نوێ دامەزران یەکەمیان کۆمپانیای نەوتی میسان لە ساڵی 2008 کە پێشتر بەشێک بوو لە کۆمپانیای نەوتی باشوور، دووەمیشیان کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست لە ساڵی 2011 کەئەمیان سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوور بو و لێی جیابوەوە، دوای ئەم گۆڕانە ئیدارییە کۆمپانیای نەوتی باکوور تەنها کێڵگەکانی پارێزگای کەرکووک و سەلاحەدین و موسڵی بۆ مایەوە. دوا هەنگاویش لەم بارەیەوە بڕیارەکەی ڕۆژی 8ی حوزەیرانی ئەم ساڵە کە تایبەت بوو بە دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی زیقار و تەرخانکردنی بودجەی 3 ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە , ئەمە لە کاتێکدا پارێزگای زیقار لە ساڵی 2007 بەدواوە دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووە.
لە دوای بەرپابوونی شەڕی داعش لە ساڵی پاردا دۆخێکی نوێ هاتە کایەوە ئەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای نەوتی باکوور کە دەکەوتنە سنووری شارەکانی موسڵ و سەڵاحەدینەوە لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کرا، کیڵگەی بای حەسەن و بەشێک لە کێڵگەی کەرکووک (قوبەی ئاڤانا) لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە دەستیان بەسەرداگیرا، ئەوەی ماوەتەوە بریتین لە کێڵگەکانی (جەمبور و خەباز و قوبەی بابا لە کێڵگەی کەرکووک) کە لە توانایاندایە تا نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنێت.
ڕووداوە سیاسیەکانی وڵاتیش وا پێدەچێت بەو ئاڕاستەیە بڕوات کە هەرێمێکی سووننە لە چوارچێوەی ئێڕاقێکی فیدراڵدا دروست ببێت، ئیتر بۆ بەڕیوەچوونی کارەکان بە ئاسانی چاکتر وایە ئەنجومەنی پارێزگاو ئیدارەی کەرکووک بیر لە دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک بکەنەوە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور چونکە دەستی بەسەر هیچ کێڵگەیەکی نەوتی دەرەوەی پارێزگای کەرکووکدا ناڕوات. [1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 463 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!