دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
کەس وکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان
لەم ڕۆژەدا بۆ یادی ئەو هاوخەبات و هاوسەنگەرانەمان کە لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسی سەدامیدا بە سەربەرزیی و بەدەم دروشم و سرودەوە چونە بەر پەتی سێدارە، یان لەسەنگەرەکانی بەرگریدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایە بەر گولەی دوژمن و گیانیان بەخشی بە وڵات و گەلەکەیان، سەری سوپاسگوزاری و ڕێزگرتن دادەنوێنین.
لە مێژووی پڕ لە خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەموو ڕۆژەکانی ئەم تۆمارە سەربەرزە پڕیەتی لە بیرەوەری شەهید، لە بەخشین و گیانبازیی ڕۆڵە و کەسوکارو هاوخەبات و هاوسەنگەرانمان، بەڵام کە ڕۆژێکی وەک 21 ی تشرینی دووەممان دیاری کردوە بە ترۆپکی شەهادەت یادی لە سێدارەدانی خاڵە شیهاب و هاوڕێکانێتی، ئەوان لەسەرەتای دامەزراندنەوە وەک پۆلێکی سەرمەشق گیانیان بەخت کردو دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) یان داهێنا، ئیتر لەو ڕۆژەوە لەسەنگەری بەرگری لە ناوچە ڕزگارکراوەکان، لە داستان ونەبەردییەکان، لە زیندانەکان، لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانی ناوشارەکان لە ڕاپەڕین و پرۆسەی ئازادی عیراق و لەڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان، سەدان وهەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە چونەتە نێو کەژاوەی شەهادەتەوە و لەم دەفتەری پڕ لەشانازییەداهەمووچین و توێژەکانی کوردەواری دێر و دەربڕین و گوزارشتی گیانبازییان هەیە.
کەسو کاری سەربەرزی شەهیدان
ئەم یادە پڕ لە شکۆیە دەرفەتێکە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و یەکێتیەکەمان، لەپێناوی ماف و دادپەروەری و دیموکراسی و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستان و نەهێشتنی سیاسەتی جیاوازی کردن لە خزمەت بە ناوچەکانی کوردستان و ڕاگرتنی تاکڕەویی و خۆسەپێنی بەسەر ئیرادەی خەڵکدا، بۆ ئەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو خەباتەی شەهیدەکانمان جۆشدەداتەوە کە لە پێناویاندا گیانی خۆیان بەخشی.
هەر لەم یادەدا لە پای سەنگی یەکێتی بە شانازیکردن، بە شەهیدەکانیەوە، بۆ هەمیشە بەلێنی بەردەوامیدان بەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە دووپات دەکەینەوە.
بە سەنگی شەهیدانمان سەربەرزین و هەر بەو سەنگەشەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی ڕاست و ڕەوامان دەکەین.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!