ناونیشانی بابەت: نیشانە دەروونییەکانی کەمیی ڤیتامین D
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
کەمیی ڤیتامینی D یەکێکە لە بڵاوترین کێشە تەندرووستییەکانی هەموو جیهان کە زیاتر لە یەک ملیار کەس بە دەستییەوە گرفتارن.
هەر چەنده کەمیی ڤیتامینی دی بە کێشەکانی ئێسک و جومگە و وەرینی قژ ناسراوە، بەڵام دوا توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە کەمیی ڤیتامین دی کۆمەڵێک دەرئەنجام و لێکەوتەی دەروونیشی هەیە.
هەڵبەت وەک زانراوە کە ڤیتامین دی وەکو هۆرمۆنە ستیروێدەکان کاردەکات کە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە گەشە و هاوسەنگیی مێشک و پاراستنی چالاکیی کۆئەندامی دەمار، لەبەرئەوەی کاریگەریی هەیە لەسەر درووستبوون و ڕشتنی هەندێک گوازراوەی دەماری وەکو سیڕۆتین و دۆپامین.
$گرنگترین نیشانە دەروونییەکانی کەمیی ڤیتامین D:$
1- خەمۆکی: هەر چەندە ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی دەبن ڕێژەیەکی زۆریان کێشەی کەمیی ڤیتامین دییان هەیە، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە کەمیی ڤیتامین دی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، یەکێکە لە هۆکارەکانی تووش بوون بە خەمۆکی.
2- خەمۆکیی وەرزی: کە زیاتر لە وەرزی پایز و زستان بڵاوە و بەوە جیادەکرێتەوە کە لەو وەرزانەدا تووشی کۆمەڵێک کەس دەبێت و لە نیشانەکانی دەتوانین ئاماژەبکەین بە: تێکچوونی مەزاج، بێهێزی، بێ تاقەتی، خەواڵوویی و نووستنی زۆر.
3- نەخۆشیی شیزۆفرینیا: تاوەکو ئێستە هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام هەندێک توێژینەوەی تازە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە کەمیی ڤیتامین دی بۆ ماوەیەکی دوور ودرێژ ئەگەری تووشبوون زیاتربکات.
4- نەخۆشیی ئێم ئێس (Multiple seclerosis):
کە نەخۆشییەکە لە ئەنجامی تێکچوونی کۆئەندامی بەرگرییەوە تووشی مرۆڤ دەبێت و کاریگەری زۆری هەیە لە سەر کۆئەندامی دەمار و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نەدۆزراوەتەوە بەڵام نوێترین لێکۆڵێنەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمیی ڤیتامین دی ڕەنگە ئەگەری تووشبوون زۆرتربکات.
5- دیارە سەرچاوەی سەرەکی بۆ ڤیتامین دی بریتی یە لە تیشکی خۆر، لە کوردستان ڕۆژانە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەنێوان کاتژمێر (10 بەیانی بۆ 4 ی عەسر.) و هیچ خواردنێک بڕی پێویست لە ڤیتامین دی بۆ جەستە تێدا نییە یان لەڕێگەی زیادکردنی ڤیتامین دی بۆ ناو کۆمەڵێک خۆراک یان لە ڕێگای تەواوکەری خۆراکییەوە. [1]