ئامادەکردن: دەنکی کەتان گرنگترین سوودە تەندرووستیەکانی
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
دەنکی کەتان بێجگە لە یارمەتیدانی دابەزاندنی کێش گەلێک سوودی هەیە بۆ تەندرووستی مرۆڤ چی کوتراوی یان کوڵاوی یاخود زەیتەکەی.
بەها خۆراکیەکانی: بڕێکی زۆر کەم وزەی تێدایە دەوڵەمەندە بە چەوریە ناچڕەکان وەک ئۆمێگا سێ و ئۆمێگا شەش و مادەی دژەئۆکسانەکان و ڤیتامینەکانی وەک: (D، E، A، B) لەگەڵ کانزەکان وەک ئاسن، مەگنسێوم، مەنگەنیز، کالسێوم، لەگەڵ بڕێکی زۆرلە مادە ڕیشاڵیەکان و ڕێژەیەکی کەم کاربۆهیدرات و بڕێک پڕۆتین.
$گرنگترین سوودەکانی دەنکی کەتان ئەمانەن:$
1- یارمەتی دابەزاندنی کێش: چونکە دەوڵەمەندە بە ماددە ڕیشاڵیەکان کە یارمەتی زوو تێر بوون ئەدات هەروەها چەوریە ناچڕەکان کە زۆر بە سوودن بۆ جەستە لەگەڵ بڕێکی کەم لە وزە.
2- بەهێزکردنی تەندرووستی دڵ: دابەزاندی فشاری خوێن و خۆپاراستن ئەدات لە جەڵتەی دڵ و مێشک و نەخۆشی تەسک بوونەوەی خوێنبەرەکان.
3- یارمەتی دابەزاندنی ئاستی کولیستڕۆڵی خراپ ئەدات چونکە ڕیشاڵەکانی ناوی ڕێگە دەگرێت لە هەڵمژینی چەورییە خراپەکان جگە لە بوونی ئۆمێگا سێ بە ڕێژەیەکی زۆر.
4- چارەسەری قەبزی: دەنکی کەتانی کوتراو بۆ نەهێشتنی قەبزی بەکار دێت، هەروەها دەکرێت بکرێتە ناو نان و سەموون و زەڵاتە و ماستەوە.
5- بەهێزکردن و چالاک کردنی بەرگری جەستە؛ چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزا و ماددە دژە ئۆکسانەکان و ماددە ڕیشاڵیەکان.
6- توێکڵی کەتان ڕۆڵی هەیە لە خۆپاراستن لە چەندین جۆری شێرپەنجە.
7- کەمکردنەوەی نیشانەکانی تەمەنی نائومێدی لە خانمان دوای وەستانی سووڕی مانگانە، هەروەها بە سوودە بۆ یارمەتی دانی چارەسەری تێک چوونی هۆرمۆنەکان و لاوازی سێکسی خانمان.
8- بەهێزکردنی یادەوەری و زیاد کردنی ئاستی هۆرمۆنی دڵخۆشی و چاککردنی مەزاج.
9- بەسوودە بۆ پاراستنی تەندرووستی پێست و گەش بوونەوەی و چارەسەری ئێکزیما و عازەبە و هەوکردنی پێست و بە هێزکردنی مووەکانی قژ.
10- یارمەتی چارەسەری کۆکە.
$شێوازی ئامادە کردنی:$
یەک کەوچکی چێشت لە دەنکی کەتانی کوتراو بخەرە ناو کووپێ ئاوی گەرم و یەکسەر بیخۆرەوە نیو کاتژمێر پێش ژەمەکان و دواتر پەرداخێ ئاوی تر بخۆرەوە.[1]