ناونیشانی بابەت: زیادکردنەوەی کێش دوای ڕێجیم
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
زیاد کردنەوەی کێش دوای وازهێنان لە ڕێجیم دیاردەیەکی بڵاوە و زۆرن ئەو بەڕێزانەی دوای ماوەیەک دووبارە قەڵەو دەبنەوە، کەسانێک هەن دوای ماوەیەکی زۆر کورت بە خێرایی کێشان زیاد دەکاتەوە، بە ڕادەیەک کۆمەڵێکی بەرچاو دەڵێن ئەو چەند کێلۆیەی بە ماوەی چەند مانگێک لە ڕێجیم کردن دامبەزاندووە بە چەند هەفتەیەک زۆرتر کێشم زیادی کردۆتەوە، دیارە ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1- پەیڕەو نەکرنی سیستمی خۆراکی ناتەندرووست ڕۆژانە: بەشێک وا دەزانن دوای ڕێجیم ئیتر بۆیان هەیە هەموو جۆرە خواردنێک کە حەزیان لێیە و چەندیان بوێت بیخۆن وەک شیرینی، ساردەمەنی، چەوری و خواردنەوە گازیەکان و چپس و ڤاست ڤوود، درووست ئەوەیە ئەو خواردنانە دوای ڕێجیمیش نەخورێن یان بڕێکی کەمیان لێ بخورێت دوو هەفتە یان هەفتەی یەک جار.
2- وەرزش نەکردن: وازهێنان لە وەرزش هۆکارێکی گرنگە، پێویستە لانی کەم ڕۆژانە نیو کاتژمێر یان زیاتر وەرزش بکرێت یان هەفتەی پێنج ڕۆژ، مەرج نییە وەرزشی زۆر قورس بکرێت، ڕویشتن بە پێ، ڕاکردن، تەمرینی سویدی، پێویستیش بە جیم و هۆڵی وەرزش ناکات، لە ماڵەوە وەرزش بکە، لە کاتی ڕێجیم وەرزش زۆر گرنگە بۆ دابەزاندنی کێش بە خێرایی و توندکردنەوەی پێست و ڕێگە گرتن لە درووست بوونی شۆڕ بوونەوەی پێست و چرچ و لۆچی پێست.
3- فشار و سترێسی زۆری دەروونی و جەستەیی و قەلەقی بەردەوام.
4- دابەزاندنی کێش لە ڕێگای ڕێجیمی ناتەندرووست و قورس بۆ ماوەیەکی زۆر وەک ڕێجیمی گێراوە و شەربەتی میوە و سەوزە و ڕێجیمی کیمیاوی بۆ ماوەیەکی زۆر، زۆرینەی ئەم ڕێجیمانە دەبنە هۆی لە دەستدانی ئاو و شلەمەنی، واتە چەوری ناتوێتەوە، دوای وازهێنان لێیان، بە خێرایی کێش زیاد دەکاتەوە جگە لە زیانە تەندرووستیەکانیان وەک کەمی ڤیتامین و کانزاکان و کەمخوێنی و وەرینی قژ.
5- شەونخوونی و کەم خەوی بە ڕدەوام.
6- نەخواردنی ژەمی بەیانی لە کاتی خۆی دا و ناڕێکی لە کاتی خواردنی ژەمەکانی تر دا.
7- دووبارە گەڕانەوە بۆ هۆکارەکانی زیاد بوونی کێش پێش ڕێجیم وەک نەخواردنی بڕی پێویست لە پڕۆتین وەک پاقلەمەنیەکان، نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو، نەخواردنی سەوزە و میوە ڕۆژانە دوو سێ جار لەنێوان ژەمەکان، دانیشتن بە دیار شاشەی تیڤی و لاپتۆب و مۆبایڵ بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، .. هتد.
8- بوونی هۆکاری تری قەڵەوی و چارەسەر نەکردنی وەک سستی و تەمەڵی غوودەی دەرەقی، کۆنیشانەی کیسی هێلکەدان، بە کارهێنانی هەندێک دەرمان، هتد.
9- واز هێنان لە چاودێری کێش و خۆ نەکێشان، پێویستە لانی کەم هەفتەی دوو جار یان جارێک خۆت بکێشێت. [1]