ناونیشانی بابەت: چەوری پشت و لاکەلەکە
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
کۆبۆنەوەی چەوری لە ناوچەی پشت و لاکەلەکە (کە بە دەسکی پاسکیڵ ناودەبرێت) یەکێکە لەو کێشانەی کە بە زۆری خانمان بە دەستیەوە دەناڵێنن و جوانی لەش و لاریان دەشێوێنێت؛ ئەم حاڵەتە لە هەموو جیهان دا زۆر باوە و کۆمەڵێک ڕێگا و شێوازی چارەسەری تازە هەیە بۆ نەهێشتنی.
$گرنگترین هۆکارەکانی:$
1- زۆر خوار خۆراکی ناتەندرووست بە بەردەوامی ڕۆژانە وەک:خواردنی شیرینی و چەوری و خواردنەوە گازی و کحولیەکان و برنی سپی و ئاردی سفر و بەکارهێنانی چەوری ئاژەڵ و زەیتی موهەدریجی ڕووەکی بۆ چێشت لێنان لەگەڵ ڕێکی لە کاتی ژەمەکانی خواردن.
2- کەمی جووڵە و وەرزش نەکردن.
3- لەبەر کردنی ستیانی نەگونجاو یان شێوازی هەڵە لە کاتی لەبەر کردنی.
4- دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر لە کاتی دەوام یان بە دیار کۆمپیوتەر و مۆبایڵ و تەلەفزێونەوە ڕۆژانە و چەمانەوەی پشت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە سەریەک: ئەمەش ئەبێتە هۆی پوکانەوە و بێهێزی ماسوولکەکانی پشت.
5- قەڵەوی و زۆری کێشی هەموو جەستە.
6- چوونە تەمەنەوە دوای سی ساڵ ئەم دیاردەیە زۆر زیاترە.
$شێوازی چارەسەرکردنی:$
1- ڕێجیم کردن و دابەزاندنی کێش.
2- وەرزش کردن و زیاد کردنی جووڵە.
3- وازهێنان و دوور کەوتنەوە یان کەم کردنەوەی هۆکارەکانی و هەڵس و کەوتە هەڵەکان.
4- توانەوەی چەوری پشت و توند کردنەوەی بە ڕێگە تازەکانی تەکنەلۆژیا بێ نەشتەرگەری وەک جیهازی ڤیلاشەیپ و ڤەیزەر و بۆدی کەنتورێن و هتد.
5- بەکارهێنانی کرێم و دەرزی توانەوەی چەوری لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕ. [1]