ناونیشانی بابەت: لوولەى نەوتى نێوان ئێڕاق و ئوردون
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
ساڵى ڕابردوو (2011) دواى تەواوبوونى گرێبەستى نێوان ئێڕاق و ئوردن لەلایەن حکومەتی ئوردنیەوە داوا لەحکومەتى ئێڕاقى کرا لەجیاتى هەناردە کردنى نەوت بە تەنکەر لوولەیەک لەنێوان ئەم دوو وڵاتە ڕابکێشرێ، ئەوەبوو لە 10ى مانگى حوزەیرانى ڕابردوودا یاداشتێکى لێک گەیشتن لەنێوانیاندا ئیمزا کرا کە زۆربەى بەندەکانى پەیوەندى بە کەرتى وزەوە هەبوو بەستنەوەى هەردوو وڵاتیش بە لوولەیەکى نەوتى بەندێکى ئەو یاداشتەبوو .
بە گوێرەى قسەى وتەبێژى حکومەتى ئێڕاق ئەم یاداشتى لێک گەیشتنە لە ڕۆژى ئیمزا کردنیەوە کارى پێدەکرێ و ماوەکەشى 5 ساڵە، هەروەها بەپێى ڕێکەوتنەکە لوولە نەوتیەکە لە شارۆچکەی حەدیسەى ڕۆژاواى ئێڕاقەوە دەردەچێت و تا بەندەرى عەقەبە درێژ دەبێتەوە لەوێش لقێکى لێدەبێتەوە ڕووەو پاڵاوگەى زەرقاى ئوردونى دەچێت.
ئەم ڕێکەوتنە سوودى بۆ هەردوولا دەبێت کە زیاتر لایەنى ئوردنى یە چونکە تێچوونى هەناردە کردن کەم دەبێتەوە، لە هەناردەکردن بە ڕێگەى تانکەر بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک 14 دۆلارى تێدەچێت بەڵام لە ڕێگەى لوولەوە تەنیا دوو دۆلار دەوەستێت. ئەمە لەلایەک لەلایەکى تریشەوە ئەو نەوتەى بە تەنکەر دەروات بەشى پێداویستى ڕۆژانەیان ناکات.
وڵاتى ئوردون هەمیشە نەوتى ئێڕاق بە نرخێکى کەمتر لە بازار دەکرێت کە 22 دۆلار لە خوار نرخى جیهانى یەوەیە.
ئوردن دراوسێى بەشى ڕۆژاواى ئێڕاقە و لە سەردەمى حکومەتە یەک لە دواى یەکەکانى ئێڕاقدا مامەڵەى جیاجیاى کراوە. لە سەردەمى حکومەتى بەعسدا بە تایبەت لە دواى دەسپێکردنى شەرى ئێڕاق ئێراندا ئوردن چووە بەرەى دژ بە ئێرانەوە و بەچەک و سوپا شان بەشانى ئێڕاق وەستا . لە کاتى شەرى دەرکردنى ئێڕاق لە کوێتیشدا دژ بە ئێڕاق نەوەستاو هاو سۆزى حکومەتى بەعس بوو. لە بەرانبەر ئەمانە دا حکومەتى پێشووى ئێڕاق هەردەم ئەو نەوتەی بە ئوردنى دەفرۆشت نرخى لە وڵاتانى تر کەمتربوو. هەرچەندە هیچ لولەیەکى گواستنەوەى نەوت لەنێوان ئێڕاق و ئوردن دا نەبوو بۆیە لە ڕێگەى تانکەرەوە ئەم کارە ئەنجام دەدرا بە تایبەت لە ماوەى ئابڵوقەى نێو دەوڵەتى سەر ئێڕاق دا لە ساڵانى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوودا.
لەسەردەمى حکومەتى نوێشدا دیسانەوە بەرژەوەندى ئوردن خراوەتە بەر چاو، لەدواى پڕۆسەى ئازادیەوە لە نیسانى 2003 تا ساڵى 2006 لەبەر نا ئارامى ناوچەى خۆراواى ئێڕاق لە توانادا نەبوو نەوت هەناردەى ئوردن بکرێت بەڵام لەو ساڵەدا (2006) ڕێکەوتنێک لەنێوان ئێڕاق و ئوردن بۆ ماوەى 2 ساڵ ئیمزا کرا کە بەو پێیە ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى ئوردن بکرێت، ئەم جارەش بەهۆی خراپى بارى ئەمنیەوە نەتوانرا ڕێکەوتن نامەکە وەک خۆى جێبەجێ بکرێت . بە گوێرەى ئەو ڕێکەوتن نامەیە دەبوایە سەرەتا هەناردە کردن بە 10 هەزار بەرمیل دەستى پێبکردایە هەنگاو بە هەنگاو زیادیش بکرێت تا دەگەیشتە 100هەزار بەرمیل لە ڕۆژیکدا، لە هەر بەرمیلێکدا 18 دۆلار دا دەشکێنرێ و لە خوار نرخى بازارەوە دەبێت. لە مانگى ئابى ساڵى 2008 جارێکى تر ئەم مەسەلەیە وروژێنرا ئەوە بوو ڕێکەوتن نامەیەکیان بۆ ماوەى 3 ساڵ واژۆکرد کە لە ئابى 2011 کۆتاى پێ دێت. پەپێى ڕێکەوتن نامە نوێیەکە ڕۆژى 10 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەى تانکەرەوە ڕەوانەى ئوردن دەکرێت بە داشکاندنى 22 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. بەڵام ئەم جارەیان تانکەرە نەوت هەڵگرە کان ئەو نەوتە لە قەزاى بێجیەوە بار دەکەن لە جیاتى کەرکووک، دواى 800 کیلومەتر ڕۆیشتن دەیگەیەننە سنوورى ئوردن و لەوێ بەتاڵى دەکەن پاشان تانکەرە ئوردنی یەَکان بۆ پاڵاوگەى ( زەرقا) دەیبەن، ژمارەى ئەو تانکەرانەش کە ڕۆژانە لەو ڕێیە کار دەکەن 400 تانکەرن. ئەم تانکەرانەش هەندێک جار دوجاری ڕووداوی دڵتەزێن دێن وەک ئەوەی لە کۆتایی مانگى تشرینی دووەمی 2010 ڕوویدا کە 18 تانکەر گریان تێبەربوو و سووتان لە ئەنجامدا دوو شۆفێر گیانیان لە دەستداو 12ى تریش بریندار بوون.
هەرچەندە ئوردن ڕۆژانە ئەم برە نەوتە لە ئێڕاقەوە وەر دەگرێت بەڵام پێویستى ناو خۆى پر ناکاتەوەو ڕۆژانە پێویستى بە 100 هەزار بەرمیل نەوتە.
ئەوەندە ماوە بیڵێین کە ئە پڕۆژەیەى حکومەتى ئێڕاق بە نیازە جێبەجێی بکات لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا بیری لێکراوەتەوە و لە ساڵی 1979 لە بەرنامەیاندا بوو لوولەیەک لەنێوان هەردوو وڵاتدا ڕابکێشن کە ڕۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لێوەى هەناردەی سەر دەریای سوور بکرێت کە ئوردون زۆر سوودمەند دەبوو بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی شەری ئێڕاق ئێرانەوە پڕۆژەکە پەکیکەوت. [1]