ناونیشانی بابەت: پێگەى غازى سرووشتی لە سیاسەتى نێودەوڵەتیدا
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرنگی غازى سرووشتی زیاتر دەردەکەوێت و گەورەترین هۆ کە واى لە غازى سرووشتى کردووە وەک کاڵایەکى جیهانی سەیربکرێت بەرزبوونەوەى خواستە لە سەر وزەى کارەبا، پێشبینیەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە 30 ساڵی داهاتوودا بەرهەم هێنانى کارەبا زیاتر پشت بە غازى سرووشتى دەبەستێت و خواست لەسەر ئەم کاڵا ستراتتیجیە زیاتر بەرزدەبێتەوە بەجۆرێک لە ساڵی 2030 دەگاتە 4.8 تریلیۆن مەترسێجا لە هەر ساڵێکدا، ئەو کاتە پێشبرکێیەکی بەهێز دەکەوێتە نێوان بازار و کریارەوە.
خەمى گەورەى وڵاتانى ئەوروپا زامن کردنى بە دەست هێنانى غازە چونکە ڕۆژانە زۆر متمانەیان لە سەریەتى.
لە ساڵانى ڕابردوودا زۆر لە چالاکییە بازرگانییەکان مۆرکێکى جیهانى یان وەرگرتبوو تەنیا غازى سرووشتى نەبێت هەرچەندە ساڵانە بایى برى 500ملیار دۆلارى لێدەفرۆشرێ یان دەکردرێت کەچی هێشتا لە چوارچێوەى بازرگانە لۆکاڵیەکان یان نیشتمانییەکان دەرنە چووەتە دەرەوە. پێکهێنانى بازارێکى جیهانى بۆ غاز پێویستى بە خواستێکى گەشەکردوو یەدەگێکى زۆر و تێچوونێکى گەورە هەیە، پێویستە لە سەر کۆمپانیا تایبەتەکان سەرمایەى پێویست و دەرامەتى مرۆیى گونجاوى بۆ تەرخان بکەن، هیچ پڕۆژەیەکى گەورەى غاز ناتوانێت سەر هەڵبدات ئەگەر بارودۆخى لە بار و هاوسەنگى قازانجى نێوان لایەنەکان نەپارێزێت. هەر پڕۆژەیەکى هەناردەکردنى غاز بیەوێت سەرکەوتن بە دەست بهێنێ ئەوا پێویستە بەرهەم هێن و ئەو وڵاتانەى لوولە غازییەکانى پێدا تێپەر دەبێت لەگەڵ وڵاتانى کریار پەیوەندى سیاسیان ئاسایى بێت چونکە هەرساردى یەکى نێوانیان ڕەنگ دانەوەى لەسەر پڕۆژەکە دەبێت و بە زیان دەگەرێتەوە بۆ هەموو لایەکیان، وەک ئەوەى لە هێڵێکى هەناردەى غازى ڕوسیدا ڕوویداو ئۆکرانیا ڕۆیشتنی غازی بۆ ماوەیەک ڕاگرت. بۆ زیاتر چەسپاندنى پرانسیپی جیۆسیاسى لە بازرگانى غازدا دەتوانین ئاماژە بە پڕۆژەى شل کردنەوەى غازى سرووشتى ساخالین لە ڕوسیا بکەین کە برى 10 ملیار دۆلارى تێچووەو بەو پێ یە غاز لە ڕوسیاوە هەناردەى ژاپۆن دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە گەورەترین پڕۆژەى کەرتى بیانى یە لە سەر خاکى ڕوسیا، هەردوولا پابەندى حکومەتەکانیان دەبریوە بۆ پتەوکردنى وە بەرهێنان و پاراستنى دۆستایەتى نێوانیان.
نموونەیەکى تر پڕۆژەى کۆمپانیاى (غاز برۆم) ی ڕوسیا یە کەبەوە پێیە لەم ساڵەوە 45 ملیار مەتر سێ جا لە غازى سرووشتى تورکمانستان بە بۆرى ڕەوانەى بازارەکانى جیهان دەکات کە بە هەریەک لە تورکمانستان و ئۆزبەکستان و کازاخستان و ڕوسیا و ئۆکرانیادا تێپەر دەبێت. هەروەها هەریەک لە ڕوسیا و بەریتانیا پاداشتێکى لێک گەشتیان ئیمزا کردووە بۆ دامەزراندنى گواستنەوەى غاز بەژێر دەریاى بەڵتیکدا.
ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 35 ى یەدەگى غازى جیهانى لە خۆگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەمی لە چاو یەدەکەکەیدا زۆر کەمە. کۆمارەکانى ئاسیاى ناوەڕاست و قەو قاز 34ى یەدەکى جیهانیان لە خۆگرتووە. ئەمریکاى باکوورو ئەوروپا 10 ى ئەو یەدەکەیان لەلایە. ناوچەى کەنداو خاوەى 45 تریلیۆن مەترسێجا غازى سرووشتى یە، لە ساڵى 1996 کارگەیەکى گەورەى شل کردنەوەى غازى سرووشتی یان تێدا دامەزراند و زۆربەى بەرهەمەکانیان ڕەوانەى کۆمپانیاى تۆکیۆ بۆ بەرهەم هێنانى وزەى کارەبا دەکەن، گرێبەستەکەی نێوانیان درێژ خایەنە و دەبێتە مایەی زیاتر توندوتۆڵ کردنی پەیوەندی ئابووری نێوانیان کە سەرئەنجام ڕەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییە سیاسیەکان دەبێت. شارەزایانی ئەوروپاش واى بە چاک دەزانن لە مەودوا غاز لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بکرن چونکە هەرزان تر لە سەریان دەوەستێت.
بەم چەشنە دەبینین لە داهاتوودا غازى سرووشتى دەبێتە مایەى زیاتر لێکنزیکردنەوەی وڵاتانى کریار و فرۆشیار لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لوولە غازییەکانیان پێدا تێپەر دەبێت. هەرێمى کوردستانیش لە داهاتوویەکى نزیکدا دەکەوێتە ناو ئەم هاوکێشەیە دواى تەواو بوونى پڕۆژەی هێڵی غازى (نابۆکۆ). [1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 450 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!