#فوئاد حەمە خورشید#
مێجەر نۆئێل (مێجەر ئێدوارد ولیەم چارلس نۆئێل) لەسەروبەندی داگیرکردنی ئێراقدا لەلایەن بەڕیتانیاوە وەک سیاسەتمەدارێکی ئینگلیز و لایەنگری دۆزی نەتەوەیی کورد بەدەرکەوت، هەر لە دامەزراندنیەوە وەک ڕاوێژکاری شێخ مەحمودی حەفید لە ساڵی 1918 و تا کۆتایی کۆنگرەی قاهیرە، یان ( کۆنگرەی چل دزەکان) بە گوتەی خودی چەرچل لە ساڵی 1921.
مێجەرنۆئێل لە کۆلێژی وتاربێژی لە پەرمەنگەهام و لە ئەکادیمیای سەربازیی پاشایەتی لە کێنت خوێندوویەتی، هاوکات پۆستی چەندین ئەرکی هەواڵگری و قونسڵگەریی و سیاسیی وەرگرتووە، لەم بوارەدا و لەمیانی کارکردنی بۆ پتر لە چوار ساڵ لە ئێران شارەزاییەکی گرنگی دەربارەی کورد پەیداکردووە.
دوای ئەوەی هێزەکانی بەڕیتانیا لە ساڵی 1918 بە هاوکاریی شێخ مەحمود حەفید شاری سلێمانییان لە چنگ عوسمانییەکان ڕزگارکرد، شێخ مەحمود وەک حوکمداری سلێمانی و دەوروبەری دامەزرا و مێجەر نۆئێلیش وەک ڕاوێژکاری ئەو. مس بێل دەڵێت: لەگەڵ گەیشتنی نۆئێل بۆ سلێمانی بە گەرمییەوە پێشوازیی لێکرا، هەر دوای ئەوەی دەستی بەکارکرد چەند فەرمانبەرێکی کوردی لە ناوچەکانی سلێمانی دامەزراند و بەپێی توانا فەرمانبەرە عەرەب و تورکەکانی گواستەوە و فەرمانبەرانی کوردستانی لە شوێن ئەوان دانا، هاوکات سەربازو ئەفسەرانی تورکی بۆ بەغدا گواستنەوە، هەر لەگەڵ گەیشتنیشی بۆ سلێمانی چەند هەنگاوێکی خێرای هەڵێنا بەهۆی برسێتیی دوای شەڕ، لەوانە هێنانی خۆراک و تۆوی دانەوێڵە و پێداویستییەکانی بازاڕ، هەروەها چەند هەنگاوێکی بەپەلەشی هاویشت بۆ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتە گەورەکان لەسەر بودجەی حکومەتی بەڕیتانیا، چونکە ئەو کاتەی گەیشتە سلێمانی ئەو شارە لە وێرانە دەچوو، هەروەها بازرگانی و جووڵەی بازاڕیش پەکی کەوتبوو.
مێجەر نۆئێل، هەروەکو ماکدۆل باسی دەکات کە پشتیوانی سەرەکی و خەمخۆری خواستەکانی کورد بووە، کاتێ لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی بەڕیتانیا لە ئێراق گفتوگۆی کردبوو دەربارەی سێ شێوازی دەوڵەتی کوردی، ئەو کاتەی کە کێشەی کورد لە کۆنگرەی ئاشتی خرابووە بەر باس، لەو بوارەدا چەندین بیرۆکەی گەڵاڵەکردبوو :
1- کوردستانی باشوور: سەنتەرەکەی سلێمانییە و هەردوو زێ و ڕەواندزو هەولێرو کەرکووک و کفری و خانەقین دەگرێتەوە.
2- کوردستانی ناوەندی: سەنتەرەکەی موسڵە.
3- کوردستانی خۆراوا: سەنتەرەکەی ئامەدە کە لە باکوورەوە درێژدەبێتەوە تا ئەو شوێنەی کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردە، بەمەرجێ ئەو هەموو شێوانە پارێزگاریی و ڕاوێژکاریی بەڕیتانیایان بۆ دابین بکرێت.
جا بۆ دڵنیابوون لە هەڵوێستی کورد و عەشیرەتەکانی لەهەمبەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، نوئێڵ ساڵی 1919 بە یاوەریی کامەران و جەلادەت بەدرخان بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان گەشتێکی بە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژاواو ناوەنددا کرد، بەڵام هێزێکی تورکی ڕێگای لێگرت و نەیهێشت ئەرکەکەی لە هەموو ناوچەکە تەواوبکات و داوای لە دەسەڵاتی بەڕیتانیا کرد کە بیگەڕێنێتەوە حەلەب. لەگەڵ ئەوەدا نۆئێل ڕاپۆرتێکی بە 77 لاپەڕە بە ناونیشانی ( ڕۆژانەی مێجەر نوئێل دەربارەی ئەرکێکی تایبەت لە کوردستان لە 14ی حوزەیران تاکو 21ی کانونی یەکەمی 1919) پێشکەش بە بەرپرسەکانی خۆی کرد کە چەندین زانیاریی بەهاداری دەربارەی ڕەوشی سیاسیی کورد لەخۆگرتبوو، تێیدا هاتبوو: چەند زەحمەتییەکی کەم ڕووبەڕووی پێشنیارەکەی بەڕیتانیا دەبێتەوە تایبەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و باسی ئەوەشی کردبوو کە بزووتنەوەی نەتەوەخوازیی کوردی زۆر بە هێزە، جەختیشی کردبۆوە کە هەمان ڕێوشوێن بگرنەبەر پەیوەست بەو ناوچانەی دەکەونە باکووری ویلایەتی موسڵ.
هەروەها لە یاداشتی ڕۆژانەیدا هاتبوو: (دەتوانرێت پاساوی مێژوویی بۆ سەربەخۆیی کوردی بهێنرێتەوە، زیاتر لەوەی کە ئەرمەن داوای دەکات، چونکە دوا شوێنەواری ئەرمەن لە سەدەی چواردەهەمەدا نەماوە، هەروەها نوێنەرانی ئەرمەنی بە چەواشەکردن تۆمەتبارکرد، ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەگەر بیانەوێت ئەرمینیای گەورە دابمەزرێت (بەوەی 4 ویلایەتی کوردی بخرێتە سەر) ئەوەش مانای وایە (1143000) هاووڵاتی کورد لەلایەن کەمتر لە (14300 ) ئەرمەنییەوە جوکمڕانیی دەکرێن. هەروەها لەگەڵ ڕاپۆرتەکەشیدا نەخشەیەکی کوردستانی هاوپێچ کردبوو کە لەسەری نووسرابوو (ئەمە خاکی کوردانە و نابێت ئەرمەن داوای بکات) ، لەبەر ئەو هەڵوێستە پشتیوانیکارانەی بۆ دەوڵەتی کوردی، هەندێ ناوەندی حوکمڕانی بەڕیتانیایی کە دژی پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بوون، بە چاوی گومانەوە سەیریان دەکرد چونکە بووبووە لایەنگرێکی بەهێزی نەتەوەی کورد، بەتایبەتیش کاتێ ئەو بابەتە لە کۆبوونەوە فەڕمییەکاندا دەخرایەڕوو، کاتێکیش لە کۆنگرەی قاهیرەدا دەربارەی چارەنووسی ئێراق لە ئاداری ساڵی 1921 گفتوگۆی دەربارە ئەنجام درا. تەنانەت هەندێکیان ترسیان لەو ڕاوبۆچوونانەی مێجەر نۆئێل لێ نیشتیوو ئەوانەی باسی کوردستانیان دەکرد، بۆیە دەبینین کە جی بی هولەر ڕاوێژکاری سیاسیی بەریتانی لە ئەستەنبوڵ دەربارەی ئەو دەڵێت: ئەو زۆر دەمارگیرە و دەترسم نۆئێل ببێتە لۆرانسی کورد و بە پەیامبەری کورد وەسفی کرد)
هەروەها سی جی ئەدمۆنز ئاماژەی بە هەڵوێستەکانی مێجەر نۆئێل کردووە بەوەی کە پشتگیریی لە نەتەوەی کورد دەکات و لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە، کاتێ دەڵێت: ( نۆئێل بە هەموو توانایەکییەوە کۆششی دەکردتاکو سەید تەهاو سمکۆ و شێخ مەحمود بەیەکەوە کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی کارێکی هاوبەش ئەنجام بدەن، بەڵام لە هەوڵەکانیدا شکستی هێنا) .
دوای ئەو هەموو شتانە، ئایا ئەو پیاوەی کە داکۆکیی لە کورد و کێشەکەی کردووە لە ناسکترین و وردترین هەڵوێستدا، چ لە ناو هۆڵەکانی وەزارەتی کۆلۆنیالیکراوەکان یان وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیادا، یاخود لەگەڵ کارمەندە سەرسەختەکانی بەغدا وەک ئانۆڵد ولسن، ولیەم ولکۆلس کە بە ( لۆرانسی کورد) ناوزەدیان کردووە، ئایا شایانی ئەوە نییە شەقامێک یان باخچەیەکی کوردستانی بەناو بکرێت؟[1]