پرۆفیسۆر دینیس پاپازین
پرۆفیسۆر دینیس پاپازین دامەزرێنەر و سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی ئەرمەنیەکانە لە زانکۆی میشیگان و خۆشی بە ڕەگەز هاووڵاتیەکی ئەرمەنیە و توێژینەوە و دیراسەتەکانی لەسەر ژینۆسایدی گەلان بەگشی و ژینۆسایدی ئەرمەنیەکانە، سەبارەت بە ژینۆسایدکردنی گەلی کوردیش پرۆفیسۆر پاپازایین شارەزایە، بۆ قسەکردن لەسەر پڕۆسەی ناساندنی ژینۆساید و بایەخی دەوڵەت بۆ ژینۆساید، چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی پاپا زاین کردبوو، بەڵام ئەو بەم وتارە وەڵامی داینەوە، ئەمەش وتارەکەیە.
بە داخەوە، بۆ چەندین سەدە و بۆ چەندین جاری لە ژمارە نەهاتوو، ئەوە ڕوویداوە کە گەلێک هێرش بکاتە سەر گەلێکی دیکە بە نیازی لە ناوبردنی، واتە بۆ ئەنجامدانی ئەوەی ئێمە لە ڕۆژگاری ئێستادا پێی دەڵێین ژینۆساید.
پرسی ژینۆساید پرسێک بوو کە بووە هۆی درووستبوون و سەرهەڵدانی نیگەرانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژگاری ئەنجامدانی ژینۆساید دژی ئەرمەنیەکاندا، ئەویش لەبەر ئەوەی لە کاتێکدا کە ئەرمەنیەکان شارستانیەتێکی ڕۆژاوایی هاوچەرخیان دەگرتەبەر لەنێو تورکە عوسمانیەکاندا، ئەوا تورکە عوسمانیەکان پابەندبوون بە شێوازە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. هێزە مەزنەکان بایەخیان بە ئیمبراتۆریەتە هەڵوەشاوەکەی عوسمانی دەدا و – ئەم هێزانە- ئەو کۆمەڵکوژیانەی دژی ئەرمەنیە مەدەنیە بێتاوانەکان ئەنجام دەدران بە «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و شارستانی» لە قەڵەمدا. ئەوە دواتر بوو کە ڕافاییڵ لەمکین لە ساڵی 1944دا، دەستەواژەی «ژینۆساید»ی داهێنا.
کەواتە نیگەرانی لەبارەی پرسی ژینۆسایدەوە، نیگەرانیەکی هاوچەرخە و لە سەدەی بیستەوە دەستی پێکرد، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەها هاوچەرخەکانی مرۆڤایەتی و شارستانیەتە. ئەرمەنیەکان لەلایەن دیکتاتۆرە لاوەکانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانیەوە کۆمەڵکوژ کران، کە لەلایەن تەڵعەت و ئەنڤار و دەمیڵ پاشاوە سەرکردایەتی دەکران. ناسیۆنالیزمی تورکی بووە سەرچاوەی ئیلهامی ئەم کەسانە، ئەگەرچی ئەوان وا خۆیان پیشان دەدا کە جەنگاوەری ئیسلامی بووبن، بەو پێیە کەسانی دیکەی موسڵمانیشیان لە کومەڵکوژی ئەرمەنیەکان تێوەگلاند، ئەو کەسانەی بەهۆی پڕوپاگەندەی تورکیەوە فریودران و لە خشتەبران. بەڵگەی ئەوەی ناسیۆنالیستی تورکی بووە هۆکاری جینۆسایدی ئەرمەنیەکان ئەو ڕاستیەیە کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردودا تورکەکان دژی کورد هەڵگەڕانەوە و کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا. بە دەربڕینێکی دیکە، لەبەر ئەوەی ناسیۆنالیزمی تورکی ببووە سەرچاوەی ئیلهامیان، ئەوا دەستیان دایە کوشتنی هاووڵاتیە موسڵمانەکانیان لە پڕۆسەیەکی ژینۆسایددا!
کەواتە چەند نەتەوەیەکی وەک ئەمریکا فێری ئەوە بوون کە دەکرێت خەڵکانێک لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا پێکەوەبژین کە باکگراوەندی ئایینی و ئیتنی جیاوازیان هەبێت، بەڵام تورکەکان پێداگیریان لەسەر ناسیۆنالیزمێک کرد کە ئەوانی دیکەی لە خۆنەدەگرت.
پرسی قەرەبووووکردنەوە پرسێکی زەحمەتە. لە ئێستادا ئێمە دەزانین کە حکومەتی تورکیا تۆماری ئەو ماڵ و موڵکانەی پاراستووە کە لە ئەرمەنیەکان زەوت کران. ئەگەر ئەو ئەرشیفانە بکرێنەوە، ئەگەر دەرفەتی ئەوە هەبێت شیکردنەوە بۆ تۆمارە یاساییەکان بکەین، ئەوا ڕەنگە نەوەکانی ئەو کەسانەی ماڵ و موڵکیان زەوتکراوە داوای گەڕاندنەوەی ئەو ماڵ و موڵکانە بکەن یاخود داوای قەرەبووووی دارایی بکەنەوە. لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری ئەو موڵکانە بۆ نزیکەی 100 ساڵە لەلایەن کەسانی دیکەوە داگیرکراون، ئەوا شتێکی پتر لۆژیکیە کە میراتگرانی ئەو کەسانە قەرەبوووو بکرێنەوە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبری گەڕاندنەوەی ئەو موڵکانە.
ئەوەی پێوەندی بە حاڵەتی جوولەکەکانەوە هەبێت، ئەوا ئەوان لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیەوە قەرەبوووو کرانەوە، کە لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دارایی بۆ دابین کرا. لەوەش زیاتر، جوولەکەکان دەوڵەتی ئیسرائیلیان دامەزراند، کە بەردەوام و لە چەندین سەرچاوەوە قەرەبوووو وەردەگرێت.
20 ساڵ پێش ئێستا گەشتێکم بۆ هەرێمی باکووری کوردستان کرد و شایەتحاڵی کاولکردنی تەواوی گوندەکان بووم. بەڵام ئەوەی پێوەندی بە کوردەکانەوە هەبێت، ئەوا من زانیاریم لەسەر هیچ تۆمارێک نییە کە ئەو موڵک و ماڵانەی کوردی تێدا تۆمار کرابێت کە زەوت کران یان تێکشکێنران. لەبەر ئەوە بە ملیۆنەها کورد لە باکووری کوردستان دەژیین، ئەوا بەلای منەوە مەسەلەکە پتر پەیوەستە بە مافە مەدەنیەکانەوە نەک بە قەرەبووووکردنەوە. پێویستە چیتر تورکیا وەک هاووڵاتی پلە دوو مامەڵە لەگەڵ کوردەکاندا نەکات، دەبێت ڕێگایان پێ بدات زمانی خۆیان بەکار بهێنن، قوتابخانە و ڕێکخراوی خۆیان هەبێت، پەیڕەوی هەر ئایینێک بکەن کە بە پەسەندی دەزانن، لەنێویاندا عەلەڤی یان عەلەوی، بە چەشنی ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا دەیبینین.
هۆکاری ئەوەی نەتەوەیەک کە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بۆتەوە و دەیەوێت ئەم کارەساتە بە ژینۆساید بناسرێت، ئەوەیە کە یاسای نێودەوڵەتی، هەروەک لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی جینۆسایدا دەرکەوت کە لە ساڵی 1948دا دەستی پێکرد، ماف بەو خەڵکانە دەدات کە داوای چارەسەر یان قەرەبووووی ئەو کوشتن و کاولکاریە بکەنەوە کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە. بە داخەوە، ڕێککەوتنەکە بەسەر ڕووداوەکانی پێش خۆیدا جێبەجێ نابێت، واتە بەسەر ئەو حاڵەتانەدا جێبەجێ نابێت کە لە پێش ساڵی 1948دا ڕوویان داوە. کەواتە ئە خەڵکانەی لە پێش ڕێککەوتنەکەوە دوچاری ژینۆساید بوونەوە، وەک گەلانی ئەرمەن و کوردەکانی تورکیا، دەبێت لە بەشەکانی دیکەی یاسای نێودەوڵەتی بڕوانن بۆ بەدەستهێنانی قەرەبووووکردنەوە، حاڵی حازر چەندین پارێزەر مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەکەن.
ئاشکرایە ئەو خەڵکانەی ڕووبەڕووی حاڵەتی ژینۆساید بوونەوە و ئێستا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن لە بار و پێگەیەکی باشتردان لەو خەڵکانەی نەبوونەتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ. ئەمەش لاوازی سیستمی دەوڵەتی ئەم سەردەم و ڕۆژگارەیە کە ئیعتیرافێکی یاسایی بەو کەسانە ناکات کە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نین. کەواتە زۆربەی لایەنەکانی یاسای نێودەوڵەتی پشت بە دەوڵەت دەبەستێت وەک داواکار نەک بە خەڵکە بێ دەوڵەتەکان، بە چاپۆشین لەوەی- ئەو خەڵکانە- چەندە خاکیان کۆنترۆڵ کردووە. خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا. و چەندین دەوڵەتی ئەوروپی ئەم تاوانە بە ژینۆساید دادەنێن، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ کارێکی ئەنجام نەداوە. بە داخەوە، ئیتر ئەمەیە پیادەکردنی سیاسەتی هێزە. بەهێزەکان پارێزگارییان هەیە، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی خۆیان هەیە، لە کاتێکدا لاوازەکان، گرنگ نییە ژمارەیان چەند بێت، پارێزگاریەکی کەم یان هیچ پارێزگاریەکیان لێناکرێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە.
بە بۆچوونی من، کورد و هەرێمی کوردستانی ئێراق ترسێکی کەم یان هیچ ترسێکیان نییە، لەبەر ئەوەی ئەوان بە باشی ڕێکخراون هەروەها ئەوان هێزی سەربازییان هەیە بۆ ئەوەی بیانپارێزێت. بە دڵنیاییەوە، ڕەنگە لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی دیکە بارودۆخەکە بگۆڕێت، بۆی هەیە لە بارودۆخێکی جیاوازتردا مەترسی درووست بێت و سەرهەڵبدات، بەڵام من گومانم هەیە لە ڕوودانی ئەمە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا کوردەکان شتێکی زۆر فێربوون، درکیان بەو ڕاستیە کرد کە ئاساییشی ئەوان لە ژمارە و لە یەکڕیزی ئەواندایە.
ئەوەی من لێی دەترسم، ئەو بارودۆخەیە کە لە تورکیادا هەیە کە بە هیچ شێوەیەک پێشبینی ناکرێت. چونکە لە ساتەوەختێکدا وا دەردەکەوێت کە حکومەتی تورکیا ئامادەبێت بۆ ئەوەی دان بە دانیشتووانی کورددا بنێت و ئاشتەواییان لەگەڵدا بکات، بەڵام لە ساتەوەختێکی دیکەدا پێدەچێت کە هەڵوێستێکی سەرسەخت بگرێتەبەر لە دژی دانپێدانان بە ناسنامە و مافە مەدەنیەکانی کورددا. سەرکردایەتی ئێستای کورد لە ئێراقدا بە ڕوونی لە سنوورەکانی هێز لە جیهانی ئەم ڕۆژگارەدا تێدەگەن. ئەگەر سەربەخۆیی ڕابگەیەنن، ئەوا ڕەنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تۆمەتباریان بکەن کە هەڵدەستن بە تێکدانی سیستمی نێودەوڵەتی و درووستکردنی کێشە و ئاژاوە. ئەوە ڕوونە کە تورکیا نایەوێت کوردستانێکی سەربەخۆ ببینێت، هەروەها ئێرانیەکانیش ئەم دەرئەنجامەیان ناوێت، کەواتە دەبێت سەرکردایەتی کورد ئارام بگرێت و هەستیار بێت لە ئاست ئەو ئەگەرانەی دێنە ئاراوە. بۆ نموونە، ئەوە زۆر ژیرانەیە کەسەرکردەکانی کورد دەڵێن «ئێمە لە ئێراق جیانابینەوە، ئێراق لە ئێمە جیادەبێتەوە».
ئەگەر بارودۆخە سەربازیەکە لە ئێراقدا پتر بەرەو ئاڵۆز بوون بچێت، ئەوا ڕەنگە سەرکردە کوردەکان کاتێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵام دەبێت وریا بن و وا دەربکەوێت کە ئەوە ئەوان نین ئێراق پارچەپارچە دەکەن، بەڵکوو ئێراق خۆی پارچەپارچە بووە و ئەوانیش هیچ بەدیلێکیان نییە جگە لەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن وەک گەلێکی سەربەخۆ، ئارامگرتن لە کاتی خۆیدا زۆر گرنگە لە پێوەندیە نێودەوڵەتییەکاندا.[1]