ناونیشانی بابەت: بۆچی پیاز دەتخاتە گریان؟
ئامادەکردن: #ڤینوار زاهیر#
بۆچی پیاز دەتخاتە گریان (بە ئینگلیزی: Why do onions make you cry، بە عەرەبی: لماذا نبکی عندما نقطع البصل) . پیاز یەکێکە لەو سەوزە واتانەی بۆ درووستکردنی زۆربەی خواردنەکان بەکاردێت، سەرەڕای ئەوەی بەکاڵیش خواستێکی زۆری لەسەرە. بەڵام زۆربەی جار قاشکردن و جنینی پیاز دەبێتە هۆی درووستبوونی فرمێسک و هاتنە خوارەوەی ئاو بە چاو و لووتدا. ئەو فرمێسکەی لە کاتی جنینی پیازدا درووست دەبێت هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنی هەست و سۆزی کەسەکەوە نییە، بەڵکوو لە ئەنجامی بەرکەوتن بە ماددەیەکی دەرەکی درووست دەبێت، کە ئەویش پیازە. دەکرێت لە کاتی قاشکردنی پیازدا ئەو پرسیارەت بۆ درووستبووبێت کە بۆچی پیاز دەتخاتە گریان، بەڵام لە کاتی قاشکردنی سەوزە یان میوەیەکی تردا ئەم کردارە ڕوونادات. بێگومان ئەمە هۆکارێکی تایبەتی لە پشتەوەیە و بێ هۆکار ڕوونادات. هەروەها بەجێبەجێکردنی چەند هەنگاوێک دەتوانیت کۆنتڕۆڵی ئەم حاڵەتە بکەیت.
$بۆچی پیاز دەتخاتە گریان؟$
پیاز یەکێکە لەو سەوزەواتانەی لەژێر زەویدا گەورە دەبێت. کەواتە دەکرێت ئەم پیازە لەلایەن زیندەوەرەی وەک مشک و چەند جۆرێکی ترەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر درووست بکرێت. بە شێوەیەکی سرووشتی بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕوودانی ئەمە بکرێت، پیاز لە میکانیزمی بەرگری پێکهاتووە، کە لە کاتی گەورەبوون و گەشەکردندا لە زیان گەیاندنی لەلایەن زیندەوەرە جۆراوجۆر و برسییەکانی زەوی دەیپارێزێت. کاتێک بە هەر هۆکارێک پیاز توێکڵەکەی تێکدەشکێنرێت یان قاشدەکرێت، لە ئەنجامدا ئەنزیم و ترشی سولفێنیک (sulfuric acid) دەڕژێنێت. ئەم پێکهاتانە تێکەڵ بە یەکتری دەبن و پرۆپانێسیەڵ ئۆکساید (Propanethial S-oxide) بەرهەم دەهێنرێت، کە گازێکی ناڕەحەتکەرە. کاتێک ئەم جۆرە گازە بەر چاو دەکەوێت، دەبێتە هۆی چالاکبوونی فرمێسکە ڕژێن و فرمێسک درووست دەبێت. دواتر دووبارە، کاتێک ئەم گازە بەر گلێنەی چاو دەکەوێت دەگۆڕێتەوە بۆ ترشی سولفانیک. بەڵام چاوەکانیش هەر وەک پیاز، میکانیزمی پارێزەری تێدایە، کاتێک دەمارەکانی چاو دەزانن کە ماددەیەکی دەرەکی هەیە، ڕاستە و خۆ فرمێسکە ڕژێن چالاک دەبێت و بۆ پاککردنەوەی چاو فرمێسک بەرهەم دەهێنرێت. هەندێک کەس بەڕێژەیەکی زۆرتر فرمێسک بە چاوەکانیاندا دێتە خوارەوە بە بەراورد بە هەندێکی تر، ئەمە دەکرێت پەیوەندی بەوە هەبێت کە کەسەکە هەستیاری بە پیاز هەیە. بێجگە لە ئاو هاتنە خوارەوە بە چاو و لووتدا، دەکرێت کەسەکە زۆر دەست بە چاوەکانیدا بهێنێت و هەوڵی خوراندنیان بدات.
$ئایا جۆری پیازەکە جیاوازی هەیە؟$
چەندین جۆری جیاواز لە پیاز هەیە، هەندێکیان کەسەکە کەمتر چاوی فرمێسکی پێدا دێتە خوارەوە، واتە هەندێکیان کاریگەرییان لەسەر کەسەکە کەمترە بە بەرواورد بە هەندێکی تریان. ئەو پیازانەی پێکهاتەی سولفەری زۆرە و بڕێکی زۆر لە فرمێسک درووست دەکەن بریتیین لە پیازی زەرد و سوور و سپی. بەڵام ئەو جۆرانەی شیرینن وەک هەندێک لە پیازە سەوزەکان، پێکهاتەی سولفەریان کەمترە و لە ئەنجامدا فرمێسکێکی زۆر بەرهەم ناهێنن.
$ئەگەر لە کاتی قاشکردنی پیازدا چاومان ئاوی پیادا هاتە خوارەوە چی بکەین؟$
لەگەڵ ئەوەی پیاز وا دەکات چاوەکانت پڕ ببن لە فرمێسک و ئاویان پێدا بێتە خوارەوە، بەڵام هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیانی کەسەکە نییە. سەرەڕای ئەوەی مەترسی نییە، بەڵام لەوانەیە هێشتا بتەوێت خۆت لەو فرمێسکانە بەدوور بگریت، یان دەکرێت بە دوای ئەو ڕێگایانەدا بگەڕێیت کە دوای تووشبوون بە حاڵەتەکە دەتوانی جێبەجێیان بکەیت. چەند ڕێگایەک هەیە دەتوانی بۆ کەمکردنەوەی فرمێسک لە کاتی پاککردنی پیازدا ئەنجامیان بدەیت، وەکوو:
مەودایەک لەنێوان دەست و چاوتدا دابنێ، تاکوو زۆر بەسەختی ئاو بە چاوەکانتدا نەیەتە خوارەوە.
بە ئاوێکی خاوێن و سارد چاوەکانت بشۆ.
بۆ کەمکردنەوەی خورانەکەی، شتێکی سارد یان پارچە خەیارێکی سارد لەسەر چاوەکانت دابنێ.
دەتوانیت جێڵی ئەلۆڤێرا یان ئاو بە لۆکە بە چاوەکانتدا بهێنیت.
چۆن لە کاتی قاشکردنی پیازدا لە گریان دووربکەومەوە؟
سەرەتا پێویستە ئەوە بزانیت، ئەو ماوەیەی پیازەکە دەهێڵیتەوە کاریگەریی لەسەر درووستبوونی فرمێسکەکە دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر پیازەکە نوێ بێت کەمتر دەبێتە هۆی درووستبوونی گریان بە بەراورد بەو پیازانەی بۆ ماوەیەکی زۆرە لە ماڵەوە هەڵتگرتووە و نەت خواردووە. دەتوانیت بەم ڕێگایانە خۆت لە گریان لە کاتی پاککردنی پیازدا بپارێزیت:
$بەشێوەیەکی درووست پیازەکە قاش بکە$
ئەگەر بەشێوەیەکی درووست پیازەکە پاک بکەیت، ئەوا دەکرێت کەمتر بتگریەنێت. هەندێک شێف پێشنیار دەکەن، پیازەکە بۆ ڕووەکەی دوور لە خۆت قاش بکەیت، بەم شێوەیە پرشەکەی ڕاستە و خۆ بەر چاوەکانت ناکەوێت. هەوڵبدە لە ڕەگەکەیەوە قاشی نەکەیت، لەبەرئەوەی ئەم بەشەی پیاز زۆرترین پێکهاتەی سولفێریکی تێدایە، کە هۆکاری سەرەکی درووستبوونی گریانەکەیە. بەکارهێنانی چەقۆیەکی تیژ دەکرێت یارمەتیدەرێکی تر بێت، هەتا چەقۆکە تیژتر بێت، کەمتر تێکدەشکێت، کەواتە کەمتر هەستیاری بۆ چاوەکان درووست دەکات.
$ئاو بەکاربهێنە$
بۆ ئەوەی لەو فرمێسکانەی بەهۆی پاککردنی پیاز درووست دەبێت دووربکەویتەوە، پێویستە پێکهاتەی سولفێریک لەناو خودی پیازەکەدا لەناو بەریت. بۆ ئەوەی ئەم کردارە ئەنجام بدەیت، 30 خولەک پێش قاشکردنی لەناو ئاوێکی سەهۆڵاودا پیازەکە نقووم بکە.
$لە پرشەی پیازەکە خۆت بپارێزە$
هەوڵبدە لەو کاتەی پیازەکە پاک دەکەیت، ئەو پەنجەرەی لێت نزیکە بیکەیتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی هەوا بدەیت و کەمتر فرمێسک بە چاوەکانتدا بێتە خوارەوە. [1]