(5/3/2023) سی و دوو ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی گەلەکەمان دژی زوڵم و ستەمی دیکتاتۆریی ڕژێمی بەعسدا تێپەڕ دەبێت.
لە دەروازەی ڕاپەڕینەوە بۆ وێستگەکانی زەماوەندی #سلێمانی# و ڕوخانی قەڵای ستەم لە #هەولێر#ی دێرین و ڕاماڵینی سوپای بەعس لە دهۆکی دەلال تا تاجی ڕاپەڕینەکان لە نەورۆزی ڕزگاریی کەرکووکدا، دەیان شار و شارۆچکەی کوردستان بە خوێنی دەیان شەهید و ڕەنجی دەیان هەزار ڕاپەڕیوی میللەتەکەمان ئازادکران.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشانازییەکی زۆرەوە 32 ساڵە خاوەندارێتی ڕێبەرایەتیکردنی ڕاپەڕین و پارێزگاریکردن لە پەیام و ئامانجە پیرۆزەکانی دەکات. بە هاوکاری هێز و لایەنە نیشتمانپەروەرەکان لە هەموو کایەکاندا خەباتی بێوچان دەکات بۆ گەشەپێدانی دەستکەوتەکانی ئازادی و دیموکراسی و حوکمڕانییەکی ڕاست و درووست، بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزەش قوربانی داوە و ئامادەی قوربانیدانی زیاتریشە.
ئەمڕۆ (32) ساڵە نەوەکانی ڕاپەڕین لە سایەی کوردستانی ئازاد دا پێدەگەن و بەگیانی پەیامی ڕاپەڕین دژی ستەم و دیکتاتۆری چاویان لە ئاییندەی گەش و ئاسۆیەکی شایانتری ژیان و گوزەرانە. ساڵ لە دوای ساڵ نەوەیەکی تازە دێنە کۆڕی ژیانی سیاسی و گشتییەوە و ڕوانینی نوێیان بۆ کوردستان و بۆ ڕاستکردنەوەی ئەزموونی حوکمڕانی وڵاتەکەمان هەیە و هەقیشیانە بە نەفەسی ڕەخنەگرانە و بە پەرۆشی پەیامی جارانی ڕاپەڕینەوە ویست و ئیرادەی تازە لە خۆیان نیشان بدەن. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەگیانی هەمیشە زیندووی ڕاپەڕین و بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی 32 ساڵەی ئازادی و دیموکراسی ڕووی لە هەموو هێزە سیاسییەکانی وڵاتە بۆ ئاشتییەکی سەربەرزانە و دادپەروەرانە، ڕووی لە کچان و کوڕانی کوردەوارییە تا پێکەوە خاوەندارێتی لە پەیامی هەمیشە نوێبوونەوەی ڕاپەڕین بکەن و پێکەوە بەخەباتی دیموکراتی و مەدەنی و هەڵبژاردن ویستی جیاکاری و مەیلی پاشەکشێ لە ئازادی و دیموکراسیی بەرپەرچ بدەینەوە.
کە ئەمە داخوازی ڕەوای کوردەواری سەدەی بیست و یەکە و پابەندبوون و ڕێزگرتنیشە لە خەباتی دەیان ساڵەی گەلەکەمان و شەهیدە سەربەرزەکانی کاروانی دوورودرێژی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی.
پیرۆز بێت یادی ڕاپەڕین و نەمری بۆ شەهیدە سەربەرزەکانی، پیرۆز بێت لە کچان و کوڕانی کوردستانی ئەمڕۆ کە خەباتی دیموکراسی و مەدەنیان بۆ ژیانێکی شایستە و هیوابەخش جوانترین دیاری بەهارییە.[1]
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
5/3/2023