$باوکم، ئەستێرەی ژیانم$
#عیماد ئەحمەد#
#22-12-2020#
چەند قوورسە بە سۆزی جاران و بە عەقڵی ئێستا بیرەوەریی منداڵی بنووسیتەوە و رووداوەکان شەنوکەو بکەی، چونکە ئاسان نییە ڕێگە لەوە بگریت سۆز و خەیاڵ بەسەر گێڕانەوەکەتدا زاڵ نەبن، بەتایبەتی بۆ من کە هێشتا تارمایی ئەو قۆناخە بەخۆشی و ناخۆشییەکانیەوە بەسەرمەوەیە و بڕواش ناکەم بەئاسانی لێم ببێتەوە.
هەندێ ڕووداو هەرچەندە گرنگ بن دەکرێ بیربچنەوە، یان لە پەراوێزی گێڕانەوە و یادەوەرییەکان جێگە بگرن، بەڵام لەلای من قۆناخی منداڵی و #خانەقین# بەتێپەڕبوونی زەمەن هەر ناچنە پەراوێز، بگرە زۆرجار دەبنە ئێستا. یەکێک لەو کارەکتەرانەی تێکەڵ بە ژیانی من باوکمە، ئەو کەسەی تەنیا (15) ساڵێک سێبەر و سایەمان بوو، دواتر لە سارایەکی بێ ڕەحمی ژیان جێی هێشتین و دایکمی بۆ ئێمە کردە چەتر و سێبەر و دایک و باوک و هەموو کەس، بۆیە هەمیشە دەڵێم دایکم کۆکەرەوەی هەموو سۆماکان بوو لەیەک سۆمادا!
کات: کۆتایی پەنجاکانە و سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووە
شوێن: خانەقین و گەڕەکی جەلەوەیە
باوک: (ئەحمەد سەیفوور ئەمین خوداداد زەهاوی) لە دایکبووی ساڵی (1910) لە گەڕەکی (حەمیدیە) ی شاری خانەقین، لە ئەسڵدا خەڵکی زەهاوی ناوچەی ڕێژاو و سوننە مەزهەب بوو، تاوەکووپۆلی چواری سەرەتایی خوێندبوو.
دایک: (گەوهەر عەلی ئەکبەر قاسم) لەدایکبووی ساڵی (1937) لە گەڕەکی (جەلەوە) ی شاری خانەقین، لە ئەسڵدا کەڵهوڕی، شیعە مەزهەب و نەخوێندەوار بوو.
دایکم و باوکم لە ساڵی (1951) هاوسەرگیرییان کردووە. ئەحمەد سەیفووری باوکم پێشتر دوو ژنی دیکەی هێناوە بە ناوی (زەکیە حەیدەری) ، کوڕێک و دوو کچی لێی هەبووە و (جەواهیر عەلی) کە تەنیا کچێکی هەبووە.
سەرەتا دایکم لە حەمیدیەی خانەقین قەفەزی بووکێنی لە ژوورێکی لاچەپ بۆ ئامادە دەکرێت لە ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ جەواهیردا دەژین، بەڵام دایکم ماوەیەکی کەم لەوێ دەمێنێتەوەو لە دواییدا لەگەڵ باوکم بۆ هێلانەی جەلەوە دەفڕن و سەرەنجام بووە هێلانەی ئێمەمانانیش.
سەرەتا لەجەلەوە لە ماڵی خاڵو فەتحوڵڵا کرێچی دەبن و هەوارێک پێکەوە دەنێن، هەر لەوێ من دوای نۆبەرەکەیان (سوعاد) ی خوشکم لە هەمان خانوو لە ساڵی (1955) لەدایک بووم، مانگ و ڕۆژی لە دایکبوونم نادیارە، بەڵام دایکم دەیگێڕایەوە لەو ڕۆژەدا لافاو هەستابوو، خۆریش بۆ ناو هێلانەی خۆی فڕی بوو، ئەوکاتە مژدەی لەدایکبوون دەگاتە باوکم و ئەویش دیارییەکی باش بە مژدەڕەس دەدات.
ئەحمەد سەیفوور خوشکێکی گەورەتر لەخۆی بە ناوی (جەمیلە) و برایەکی بچووکتر بە ناوی (محەمەد) هەبووە، لە سەرەتادا هەردوو برا خەریکی بەقاڵی دەبن و لەگەڵ خاڵو (حەمید) و خاڵو (نەجیم عەرەب) و خاڵو (سەعدوڵڵا) شەریک دەبن، دوایی جیادەبنەوەو هەریەکەو دووکانی خۆی دەبێت، سەرەڕای بەروبوومی خۆماڵی زستانان خورمای (جەلە) و سێو و پرتەقاڵ و مۆزیان لە بەغداوە دەهێنا، هاوینانیش شووتی و کاڵەکی موسڵ-یان دەهێنا، دووکانی باوکم لە تەنیشت دەرگای خانی (فایق ئەفەندی) و نزیکی چایخانەکەی (بەخشی) بوو.
باوکم پیاوێکی سپی، باڵا مامناوەند و تۆکمە و تێکسمڕاو بوو، سەر و سمێڵ ماش و برنجی، ناوشان پان، چاو ڕەشی تا ڕادەیەک قووڵ، برۆ ئەستوور، ، سمێڵ هێتلەری، قژزبر و پێشی سەر ڕووتاوە، دەست و پەنچە ئەستوور و خرپن بوو. ئەوکات دانی کەم لە دەمدا مابوو، هەمیشە کەواو چاکەت یان دشداشەی لەبەردەکرد، کڵاشی (هەرسینی) ئێرانی لەپێ دەکرد، جامانەی دەبەست و قایشی پان و ئەستووری لە ناوقەدی خۆی قایم دەکرد.
مەلەوانێکی باش و ناودار بوو، کە خەڵک لە ئەڵوەن بەتایبەتی لە (باوەگەزی) دەخنکان ئەو هەوڵی دەرهێنانی دەدان، توانای ڕاکردن و پشووی هەناسە لە بن ئاوی زۆر بوو، دەیتوانی تاوەکووماوەیەکی زۆر لەژێر ئاودا بمێنێتەوە، جاروبار دەهۆڵ و زوڕنای ئامادە دەبوو بۆ (چەمەری) لێدان.
باوکم هەر لە منداڵییەوە فێری مەلەوانیی کردم، لە هاوینان منی دەخستە سەر شان و لە قەراخی ڕووباری ئەڵوەن مەلەوانی پێدەکردم، تاوەکووئێستاش هەست بە نەرمی و بۆنی تووکی سەر شانی دەکەم، ئەو بۆنە لە مێشکم ئۆغر ناکات. لە ساڵی 1962 ئەوکات تەنیا تەمەنم 7 ساڵان بوو، چووین بۆ کەربەلا و نەجەف، لە پردی ئەعزەمیە کە ئەودیوی پردەکە کازمیە بوو، لەناو ئاوی دیجلە مەلەم کرد، دایکم و خوشکەکانی دەترسان، بەڵام باوکم ڕێگەی دام و وتی مەترسن ناخنکێ.
باوکم پیاوێکی سەخی تەبیعەت و دڵ و دەروون فراوان و دەستبڵاو بوو، تاوەکووحەدی ئیسراف، درێخی لە ماڵ و منداڵی نەدەکرد و چی دەستکەوت و نسیب بووایە سەرفی دەکرد بەبێ ئەوەی بیر لە داهاتوو بکاتەوە، فەلسەفەی ژیانی ئەوەبوو: (ئەمڕۆ بژی، خوا کەریمە بۆ سبەینێ) جگەرەکێش بوو، ڕۆژانە دوو پاکەت جگەرەی لۆکسی دەکێشا.
باوکم پیاوێکی کراوە و دڵپاک بوو، جاروبار هەموومانی بە دایک و باوەژن و خوشک و براوە دەبرد بۆ سینەما، حەزی لە خواردن و دەعوەت و سەیران بوو، تەنانەت کەسوکار و دراوسێکانیشی بێبەش نەدەکرد، بۆیە ئەحمەد سەیفوور بە قسەخۆش و ڕەفیق دۆست و جێی متمانەی خزمان دەناسرایەوە.
لە ساڵی (1961) خوشکە گەورەکەمان (مەکییە) خۆی سووتاند، وابزانم یەکەم ڕووداوی خۆکوشتن بوو لە خانەقین، کارەساتەکە بەهۆی دەمەقاڵی بوو لەگەڵ دایکی لەبارەی منداڵەکانی (دوو کوڕ و کچێک) ی هەبوو، ئیتر دوای ئەو کارەساتە باوکم لە شادی و خۆشی بێبەش و هەمیشە چاو بە فرمێسک بوو، وای لێهات بە بینینی کچێکی هاوتەمەن و هاوشێوەی کچە لە ژیان یاخیبووەکەی فرمێسک سەر ڕوومەتەکانی تەڕدەکرد، دوای جوانەمەرگبوونی کچەکەی، مەولوودێکی گەورەی بە قورئانخوێندن و زیکری دەروێشان لە گەڕەکی (تێلخانە) سازکرد.
ڕووداوێکی سەیر لە ژیانی منداڵیی مندا هەیە، کە ئێستاش بیرمە، جاران هەندێ (بەربەر) بە جانتای دەستییەوە لە کۆڵان و گەڕەکەکاندا دەگەڕان بۆ سەر و ڕیش تاشین و سوننەتکردنی منداڵان.
لە هاوینی ساڵی (1960) بەبێ ئاگاداریی باوکم، محەمەد دەلاک، زڕباوکی محەمەد دلگ (دوون کیشۆت) ی خانەقینم بانگکرد بۆ ماڵەوە بە زۆری زۆرداری خۆم، دایکم ناچارکرد ڕازی بێت بە سووننەتکردنم، بەبێ ئەوەی بگریم یان هاوار بکەم، (محەمەد دەلاک) کارەکەی ئەنجام دا، ئەمەش بووە داستان و وێردی سەر زمانی منداڵانی گەڕەک، کە چەند ئازا و نەترس و گیان قایم بووم!
دوایی کە باوکم زانیبووی کیسەیەک چوکلێتی هێنا و هەڵیڕشت بە سەرمدا و دایکیشم هەلهەلەی لێدەدا، منیش وەکوو پاڵەوانی تازە لە شەڕێکی سەرکەوتوو گەڕاوەتەوە و لەسەر دۆشەکی پاشایی پاڵکەوتبووم.
بە منداڵی بەهۆی هاروهاجیم و عەجوولیم سەرئێشەی زۆرم درووستدەکرد بۆ دایکم و باوکم و نەنکم (هاجەر) قیبلەنومای ماڵ و (تاتشەری) گەڕەک بوو، هەرچەندە ئەو هاروهاجییەم ببووە مایەی سەرئێشە بۆ ئەوانی دیکە، بەڵام جاروبار خۆشم باجەکەیم دەدا. جارێکیان لەسەر پردی ئاسنی نێوان هەردوو بەری ڕووباری ئەڵوەن لەگەڵ کوڕێکی ئەوبەری ئەڵوەن بەناوی (سەفا) بەشەڕ هاتم، دوای زۆرانبازییەکی زۆر ئەو دەرەقەتی من هات و لەسەر پردەکەوە هەڵیدامە خوارەوە و کەوتمە کەناری ئاوەکە، سەروگوێلاکم شکا و جەستەشم زۆر ئەزیەتی پێگەیشت، چەند ڕۆژێک لەسەر جێ کەوتم، بەڵام دواتر باوکم لێیان خۆشبوو.
هەر لە درێژەی سەرکێشییەکانی منداڵیم لە نزیک ماڵی نەنکم، خاڵۆ (عەبدە) ی تەنوورچی کە تەنووری گڵی درووستدەکرد، چەند هەفتەیەکی دەخایاند تاوەکووتەنوورێکی تەواودەکرد، منیش کەی لە ماڵەوە داواکارییەکم بۆ جێبەجێنەکرایە، ڕامدەکرد و تەنوورێکی خاڵۆ عەبدەم دەشکاند، ئەو قوڕبەسەرەش هاواری دەکرد و دەیگوت: هاجەر وەرە ئەم بەڵایەم لە کۆڵ بکەرەوە ماڵی وێرانکردم، ئێوارەکەشی کە باوکم دەهاتەوە و خەبەری بەفیڕۆدانی ڕەنجی خاڵۆ عەبدەی دەبیست بە قایشە ئەستوورەکەی قایشبارانێکی نەرمی دەکردم.
ئەو ماوەیەی کە باسی دەکەم لە چوار خانووی جیاواز (نزڵ) کرێچی بووین، دوایین خانووی کرێچیمان خانووی (مووسا دێو) بوو کە خاڵی دایکم بوو، لە ژوورێکی درێژی بێ پەنجەرە و بەر هەیوانێکی بچووکدا بووین، لەوسەری ژورەکەش دۆڵابێکی دوڵدوڵی هەبوو و چەند پێخەفێکی لەسەر دانرابوو، ڕاخەرێک و چوارپایەکی ئاسن کە چواردەوری بە پەردەکووللە گیرابوو، وێنەیەکی ئیمامی عەلی و ئیبراهیمی برا گەورەکەمان بە دیواری ژوورەکەدا هەڵواسرابوو، بۆ ڕووناکیش فانۆسێک و چرایەکی لاڵەمان هەبوو، چونکە وەک باسم کرد باوکم هیچ بایەخی بە ناوماڵ نەدەدا، هەموو خەمی خواردن و سەیران و دەعوەت بوو.
یەکەم قۆناخی خوێندنم لە قوتابخانەی (النهضە) بوو، تەنانەت بێ دەفتەرنفووس وەرگیرام، لێرەش هەر هاروهاج، بەڵام زیرەک بووم، بەهۆی زیرەکیمەوە زۆرجار دەبوومە چاودێری پۆلەکەش. خوێندن و تەمەنی منداڵیی ئەوکاتم لەسایەی ئەو ژیانە سادەیەی ئەو سەردەمە بە ئاسایی دەڕۆیشت تاوەکوولە ئێوارەی ڕۆژێکی پاییزی ساڵی (1966) تووشی نەگبەتییەکی گەورە هاتم، بیرمە هەموومان لە حەوشەی بەردەم هەیوانەکە لەسەر حەسیر و (مەندەر) کە دۆشەکەڵەیەک بوو، بە قوماشی کۆن لە ماڵان درووستدەکرا دانیشتبووین، باوکم خەریکی ڕیشتاشین بوو و دایکیشم بەدیار پەرەمێزێکی زەردباوی دووکەڵاوی خەریکی لێنانی قوبڵی بوو، لەگەڵ تەواوبوونی ڕیشتاشینەکەی، باوکم بەدەم کۆکەیەکی قووڵ و بەرزەوە بەلاداکەوت و دایکیشم قیژاندی و هاواری کرد، دراوسێکان هاتن و بە شڵەژاوییەوە خەریکی باوکی لە پەلوپۆکەوتووم بوون.
دوای نزیکەی (54) ساڵ قەت ئەو دیمەنانەم لەبیر ناچن، چۆن باوکم بەم شپرزەییە دەیڕوانییە هەمووان و کە گەیشتە سەر من چاوەکانی قەتیس مان، لەو چرکەیەدا گۆمێکی قووڵی بێ ئەمان سۆمای چاوی باوکمی قوتدایەوە، تێنەگەیشتم باوکم داوای نەجاتدان و فریادڕەسی لێدەکردم یان ئەمانەتی بەخێوکردنی دایکمی خستە ئەستۆم! منیش وەکوو شێت هاوارم دەکرد، دوایی ڕامکرد بۆ لای مامم لە گەڕەکی حەمیدیە بۆ ئاگادارکردنەوەی، لە گەڕانەوەمدا خواخوام بوو لە دەوری ماڵمان قەرەباڵخی درووست نەبووبێت، بەڵام دیاربوو کارلەکار ترازابوو، لە دوورەوە قەرەباڵخ و شین و شەپۆڕەکەم بینی و بە هاوار و گریانەوە خۆم کرد بە حەوشەدا و بەدەنگی هەیواشێرە و باوکەڕۆ و لاوانەوەی دایکم وەکوو دێوانەیەک نوقمی دونیای بێهۆشی بووم!
هەر ئەو شەوە دوای کفن و دفن بەدوای تەرمی باوکی ئازیزی لەدەستچووم و داهاتووی نادیارە وە بەرەو گۆڕستان بەڕێکەوتم، دەستێکم بە دەستی مامۆستا موحسینی خاڵمەوە بوو بە دەستەکەی دیکەش لە سەری خۆم دەدا و باوکەڕۆم دەکرد، لە گۆڕستانی ئیمام عەباس، بە دەنگی کل نفس ذائقة الموت و منها خلقناکم وفيها نعيدکم ومنها نخرجکم تارة اخرى هەریەکەو مشتێک خۆڵی بەسەر ئەلحەدی قەبرەکەی دەکرد، لەگەڵ هەر مشتێکی ئەوان ، مشتێکی ئاگر بەسەر سینەی منیشدا دەڕژا.
بەمەش لە ژیانی منداڵیمدا وێڵ و سەرگەردان و بێناز کەوتم، چونکە ئەوانەی وەکوو من بە تەمەنێکی ناسکی مێردمنداڵییەوە بێ باوک دەکەون، ئەوان لەئێش و ئازاری ئەو کارەساتە تێدەگەن، ئیتر ئەو بیرەوەرییانە بوونەتە تارمایی و لێم نابنەوە، بەڵام سەرەڕای نەهامەتی و دەردەسەری ئەوکاتانە، ڕەنگە فێری ئەوەیان کردبم کە قایمترو بەهێزتر و خۆڕاگرتر لە بەردەم ڕەشەبای ژیان و ئازارەکانی بووەستم و لە هەویری نەهامەتی نانی خۆڕاگری و کامەرانی و مانەوە درووستبکەین. [1]