بابەت: یاداشت
نووسین: #شێرکۆ عادل دەباغ#
$ئاهەنگى شەوی سەری ساڵی: 01-01-1988$
دوو ڕۆژ پێش سەری ساڵى 1988 ، بەیانیەکەی زوو ئاگاداریان کردین کە خۆمان ئامادەکەین و بەڕێکەوین ، زستانێکی زۆر سارد و سەخت بوو شاخەکانی پشتی ژوورەکانمان هەمووی بەفربوو ، ئێمە هەموو باريکەلە و مل باریک و پشت کۆم دوو دوو بەڕێکەوتین بەناو پڕوشەی بەفر و کزەبای ساردی ئەو بەیانیەی کە سەرما دەموو چاومانی ئەبڕی وەک گوێزانی (مارکەی تیمساحی) بەر قەیسەری نەقیب کە بە منداڵی جوتیم لێ ئەفرۆش بە پانزەفلس
هەموو شۆڕبوینەوە بۆ ناو دۆڵی#قەرەداغ# و ڕووەو پشتى شاخەکەی (گوندی #سێوسینان# ) بەڕێکەوتين و لەوێشەوە شۆڕبووینەوە بەروە ( دۆڵی #شیوی قازی# ) و بەبێ وەستان سەرکەوتین بەسەر ( شاخی بەرانان ) کە گەیشتینە سەرشاخ هەموو ( دەشتی شارەزور) مان لەبەردەستابوو تەنیا ڕێگاکان ڕەش بوون هەموو دەشتی شارەزوور سپی سپی ببووەوە لە بەفرا.
لە سەر شاخ ئاگاداریان کردینەوە کە پێڵاوەکانمان باش بەستین تا لەناو قوڕو لیتاوی بەفرا نەچەقین، خۆشبەختانە ( (کاکە هەردیم کە پارەی بۆ هێنابووم پێشتر ) ) تازە جوتێک پێڵاوی (لاستیقی بن سپی) نەرمم پێ کڕی بوو، بە (دینار و حەفتاوپێنچ فلس) بوو ، هەرچەنە گرانتر بوو لە پێڵاوە لاستیقە کۆنەدڕاوەکانم بەڵام زۆر باشتربوو بەپەت و پارچە پەڕۆ پێڵاوەکانمان تووند بەست و لەشاخەکەوە شۆڕبوینە خوارەوە بەرەو (دەشتی شارەزور و ڕووە و چەمی #تانجەرۆ# ) بە نێوو پڕوشەی بەفرا ڕێمان دەکرد ، کە گەیشتینە سەر (ئاوەکەی تانجەرۆ) دنیابووبوو بە شەو ، لێرە و لەوێ چەندین پێشمەرگەى تریش وەک ئێمە هەموو تۆپەڵ تۆپەڵ کۆبوینەوە، کە ژماردیانین ( 183 پێشمەرگە) بوين، پێیان ڕاگەیاندین ئەچین بۆ گرتنی مەعسکەرێکی مغاوير لەوبەر جادەکەوە و بەیانیەکەشی تا ئیوارە ڕیگای (#سلێمانی# - #عەربەت# - #باریکە# ) دەگرین و بۆ سبەی شەو ئەگەڕێینەوە! لە پاش وەرگرتنی نهێنی شەو خۆمان ئامادەکرد بۆ پەڕينەوە، بەڵام ئاوی تانجەرۆ زۆر هەستابوو بەهۆی بەفربارینەوە! ، چەند پێشمەرگەیەک ئاوبردنی و کارمان ڕوی لەسەختی کرد! زۆر هەوڵماندا نەمان توانی ئاوەکەببڕین! تا درەنگانی شەو هەوڵ درا و هیچ نەمان توانی و بێسوود بوو! بۆیە بڕیار درا پاشەکشەبکەین و ببین بە دوو بەشەوە بەشێک: بگەڕێنەوە بۆ بناری شاخەکەو بەشێکمان: دیسانەوە بچینە ناوئۆردووگەی (مووچەمەعی باریکە) و هەر چالاکیەک هەبێت ئەنجامى بدەین! ، من بەر ئەمەی دووەم کەوتم، کە چووینە ناو: (ئۆردوگەی مووچەمەعی باریکەوە) دنیا خەریک بوو ڕۆشن دەبویەوە!، لە کۆڵانەکانى ئۆردوگاکەدا بڵاوبووينەوە مەلا بانگى دا ، خەڵکی هەموو لە ماڵەکانەوە لە ناو پەنجەرە و بەرهەیوان و حەوشەوە سەیریان دەکردین !بەڵام فریای هیچ نەدەکەوتین بۆیە بڕیاردرا لەوێش پاشەکشەبکەین و بگەڕێینەوە ! لەمەشدا دیسانەوە فەشەلمان هێنا! کاتێ لە پشتی (ئۆردوگەی مووچەمەعی باریکە) وە دەرچوین دنیا تەواو ڕۆشن ببوەوە و ئێمەش پاش دوو محاوەلە و هەوڵی فاشیلانە ملی ڕێگای بناری شاخەکەمان گرتەبەر بەناو بەفرا و بەئاشکرا بەلای ڕەبایەی جاشەکانا ئەرۆیشتین و ئەوانيش زەق زەق سەیریان دەکردین، سەرماو هیلاکی و برسێتی تەواو پەکی خستبووین ! بەڵام من هەر بيرم لەلاى (شێلم و نۆکاوى کوڵاوی) سەر عەرەبانەکانى شاربوو کە لەڕێگا بۆ (شەهيد حەمەى حزبم) باس دەکرد ئەى وت: ئاخر چۆن شێلم و نۆکاو لەسەر عەرەبانە ئەفرۆشرێ و ئەخورێ؟! ئەو نەگبەتە هێشتا شارى نەديبوو گەنجێکى تازەپێگەيشتووبوو زۆر ئازا و چالاکبوو!.
ئێوارەی پێشوو تر سەرو قوتوە گۆشتی سەرەگایان دابوینێ بۆیە من و ( هاوکاری جەلال ئەبوو شوارب- Hawkar Karim ) پێکەوە بڕیارمان دابوو هەرکامێکمان کوژراین ئەوەی ترمان هەردوو قوتووە گۆشتەکە بخوات !بەڵام کەسمان نەکوژراو قوتووە گۆشتەکەشمان بۆ نەبوو! چونکە چووینە ماڵێکی گوندی بنار شاخەکە و بە ژنی ماڵەکەمان وت بەشکم بۆمان سوورکاتەوە، کاتێ ژنە بۆی هێناین تەنیا دوو کەوچک بوو لە قاپێکی فافۆنی ڕەش هەڵگەڕاوا، وتم: پورێ ئەوە دووقوتووە گۆشتەکە هەموویەتی ؟ وتی: ئەرەوەڵا منداڵەکانیش تۆزیکیان لێخوارد ! بە برادەرەکەمم وت: جا توخوا ئەمە ماڵە يان ڕەوزەيە ؟ نزیکەی 25 منداڵی تیابوو حەوشەکەیان!
بەسکی برسێتی هاتینە دەرەوە و بە سواری تراکتۆرێکی شکاوەوە کەوتینەوەڕێ بۆ دۆڵی #قەرەداغ# لە پاش ئەو هەموو سەرما و برسێتی و دوو جار فەشەل گەڕاینەوە بو دۆڵی قەرەدغ تا گەیشتینە سەر چەمەکەیی ( گوندی #چەمی سمۆر# ) بوو بە 12:00 شەوی 01-01-1988 تەواو پەکمان کەوتبوو تراکتۆرەکەمان شکاو نەشمان ئەتوانی لە ئاوی بەفراوی چەمەکە بپەڕینەوە و گوندەکەش مزگەوتی تیا نەبوو خۆشمان نەمان ئەویست بەو نیوەشەوە ساردە خەڵکی گوندەکە خەبەرکەینەوە! ، بۆیە چوینە سەرقەبرانەکە و هەریەکە و لەپاڵ کێلێکدا خۆی گرمۆڵەکرد ، دنیا هەمووی بەفری سپی بوو ئاسمان زۆر شین و جوان بوو ئەستێرەکان ئەدرەوشانەوە ، گەڕام بەناو قەبرەکاندا تا قەبرێکی چۆڵم بینییەوە و ڕاستەوخۆ خۆمم شۆڕکردەوە و چومە ناوی زۆر قوڵبوو دوومەتر زیاتر بوو!؟ ناوەکەی وشک و پڕ گیاووشکە بوو بەڵام زۆر گەرم و خۆشبوو ! بێ لەوەی ڕەشەبا و سەرما نەيئەگرتەوە زۆر کپیشبوو تەنیا شینایی ئاسمان و ئەستێرەکانم لێوە دیاربوو ، ڕادوێیەکی پچوکم پێبوو بەحاڵ پیلەکانی نووزەی تیامابوو کە دام گیرساند ئیزگەی کوردی بوو بەرنامەکەی (کاک جەمال) بوو ( گۆرانی داواکراو) خەڵکی بە بۆنەی سەری ساڵەوە گۆرانیان پێشکەش بە یەکتری ئەکرد! ( عەبدولجەبار ناوێک گۆرانی #تەحسین تەها# ی پێشکەشەکرد بە #قەدەم خێر# و هەر هەشت منداڵەکەی !؟) ، کە پاتریەکە کوژایەوە تفەنگەکەم خستە باوەشمەوە و سەرم خستە سەر ئەنیشکی قۆڵم و پێش ئەوەی بخەوم بیرم لە برادەرەکانم ئەکردەوە کە لە زیندانی دایرەی #ئەمنی سلێمانی# ئەوان لەسەر کاشی ڕەق ئەخەون ! لەژێر تەعزيبدا ( گەنجە زوهدی Ganj Zuhdiو بورهان قەرەداغی Burhan Qaradaxiو ڕێبوار ئەمین Rebwar Amin و Hiwa Ahmedو بەکرمستەفا Bakr Mustafaو Hersh Fawzi و ……زۆر جاریش پێش خەوتن بیرم لە قسەکانی دایکم ئەکردەوە کەلێم ئەپرسی بە منداڵی خۆشترین خەو چییە؟! ئەى وت: ($خۆشترین خەو ئەو خەوەیە کە بەبێخەم سەربخیتە سەر سەرین$)
بەڵام بەڕاستی و دوور لە موبالەغە و درۆ ، خەوێکی زۆر خۆش و گەرم وبێدەنگ و کپ بوو، قەت نەم دەزانی ناوقەبر ئەوەندە خۆش و گەرم و بێدەنگە کە خەبەرم بۆوە هەستمەکردچەند ڕۆژێکە نووستوم و پشوم یاوە!
هەردوو پێم لە چەپ و ڕاستی قەبرەکە گیر کرد و هاتمە دەرێ لەو کاتەدا پێشمەرگەیەک بینیمی وای دەزانی مردوم و زینووبومەتەوە زۆر تاسا و تێک چوو داماوە، تا گەیشتینەوە ژوورەکانی بارەگاکەمان لە بناری شاخەکانی قۆپیەکەی #دەربەند گاور# ڕۆژ بووەوە و دنیا ڕۆشنبۆوە و لەوێش شوێنی نووستمان بۆ نەمابووە و لەسەر تەنوورەکە کەروێشکە خەوێکمان کرد و پێمان نایە ساڵی نوێی 1988. [1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 1,264 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!