دیمانەساز: کرێکار ڕووستایى
دیمانەیەک لەگەڵ #مەلا ئەحمەدی قامیشی# لەبارەی: ئیسلام و دیموکراسی خاڵی هاوبە ش و جیاوازی نێوانیان
دیموکراسیەت ئیسلام قبووڵ ناکات و حەڵاڵ و حەرام نییە لە سیستەمى دیموکراسیەت!
بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
مامۆستا مەلا ئەحمەدى قامیشى کێیە؟
ناوى تەواو: مامۆستا ئەحمەدی قامیشی، وتاربێژی مزگەوتی گەورەی هەواری شار لە سلێمانی.
ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف.
ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی.
ئاستی خوێندن: بەکالۆرێوس کۆلێژی شەریعەی بەغدا (1989) ، نووسەر لە بواری فکری ئیسلامی کە (16) پەڕتووکی چاپکراوه.
کرێکار ڕووستایی: دیموکراسیەت چییە و ئامانج و مەبەستى سەرەکى چییە لە کۆمەڵگەدا؟
مامۆستا ئەحمەدى قامیشى: دیموکراسی بیردۆزە و ئەزموونێکی مرۆڤە لە بواری فەرمانڕەواییدا و لایەنی چاک و خراپیشی هەیە، کە بەمانای حوکمی گەل دێت.
بەداخەوە ئێستا وەک دروشمێک بەکاردەهێنرێت بۆ خزمەتی زلهێزەکان و دۆستەکانیان! کاتێ دیموکراسییان قبووڵە کە خۆیان سەرکەون! وەک لە جەزائیر و میسر.... بینرا.
کرێکار ڕووستایی: سیستەمى دیموکراسى ئیسلام قبووڵ دەکات، ئایا ئیسلامیش دیموکراسیەتى قبووڵە وەک سیستەمێک کاربکات لە کۆمەڵگەدا؟
مامۆستا ئەحمەدى قامیشى: دیموکراسی لەناو ئیسلامدا جێگەی دەبێتەوە بەڵام ئیسلام لەناو دیموکراسی جێگەی نابێتەوە، چونکە ئیسلام گەورەترە و تەواوە لەلایەن خواوە دانراوە، وەک چۆن دۆلکەیەک لەناو پەرداخداجێگەی ناێتەوە، واقیعیش ئەم ڕۆژگارە سەلماندی کە دیموکراسی هەمووشتێکی قبووڵە، جگە لەو ئیسلامەی کە خوادەیەوێت، نەک ئەو ئیسلامەی کە خۆت دەتەوێ.
کرێکار ڕووستایی: خاڵە هاوبەش و جیاوازیەکانى نێوان دیموکراسى و ئیسلام چین؟
مامۆستا ئەحمەدى قامیشى: سەبارەت بە خاڵە هاوبەشەکان، دیارە بە هەر کەس بڵێی دیموکراسیم قبووڵ نییە، دەڵێ کەواتە دیکتاتۆریت قبووڵە، نا بەڵکوو شەریعەتی خوام قبووڵە وەک سیستم، چونکە هەموو ئەو شتە جوانانەی کە لە دیموکراسیدا هەیە لە ئیسلامدا زیاتر و چاکتر تیایەتی، لەسەروەری یاسا و ماف و ئازادییەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دیارە سەرچاوەی حوکم لە ئیسلامدا لای خوایە، بەڵام لە دیموکراسیدا لای مرۆڤە. بۆیە هەرشتێ لای مرۆڤەکانەوە بێت، بێ کەموکوورتیی نابێت، تەنیا ئەوەی لای خواوەبێت تەواوە.
کرێکار ڕووستایی: لایەنە خراپەکانى دیموکراسییەت چین کە دژى ئایینى پیرۆز ی ئیسلام بێت؟
مامۆستا ئەحمەدى قامیشى: لایەنەخراپەکان لە دیموکراسیدا، حساب بۆ ئەو دینە ناکرێت کە خوا ناردوویەتی، خوا و پێغەمبەر و قیامەت لەبەرچاو ناگیرێت، ئیسلام سەرجەم خاڵە بەهێز و ئیجابییەکانی دیموکراسی گرتووەتە نێوخۆی، بەشێوەی چاکتر و تەواوتر دوور لە کەموکوورتیی.
بنەما سەرەکییەکانی سیستمی ئیسلام ئەمانەن:
1- حکومڕانی باڵا تەنیا هی خوایە
2- سەروەریی بۆ شەریعەتی خوایە
3- دەسەڵات هی خەڵکه
4- پرسکردن و ڕاوێژ بنەمای بەڕێوەبردنی کارەکانییەتی
5- گوێڕایەڵی تەنیا لە سنووری شەرعدایە
6- هەموولایەک بەرپرسیارن لە فەرمان بەچاکە و ڕێگری لەخراپه
کرێکار ڕووستایی: زۆر سوپاس مامۆستای بەڕێز و خۆشەویست، ماندوو نەبیت و خوا جەزاى خێرتان بداتەوه. مامۆستا ئەحمەدى قامیشى: زۆر سوپاس بۆ تۆش من لە خزمەتتاندام. [1]