$یەکێتیبوون لە تێڕوانینی منەوە$
#قوباد تاڵەبانی#
#01-06-2020#
ساڵانە لە یادی دامەزراندنی یەکێتی هەموومان میدیا پڕ دەکەین لە درووشم و بیرەوەری مێژوویی. ئەمساڵ من بیرم لەوەکردەوە بەشێوازێکیتر لەو یادە بدوێم و هەوڵبدەم لەدیدی خۆمەوە پێناسەیەک بۆ یەکێتی بوون بکەم.
لای من یەکێتی بوون زۆر بەسادەیی بوێرییە بەرانبەر تەحەددا جۆراوجۆرەکان. حیزبێک بۆ بەرهەڵستیکردنی دڕندەترین ڕژێم درووست بووبێت، دواتریش بەشێک بووبێت لە هۆکارەکانی ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە، هەر ئەوەمان فێر دەکات کە یەکێتی بوون مانای بوێری و بەرەنگاربوونەوەی تەحەدداکانە.
ئەگەر یەکێتی بیت، ئەوا یەکێتی حیزبی بەرپرسیاریەتییە، بۆیە دەبێت قۆڵی لێ هەڵماڵیت و شانی بدەیتە بەر و بە کردار ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی و تەحەدداکان ببیتەوە. کورد وتەنی: بە ڕیش نییە بە ئیشە!.
یەکێتی بوون خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بێ جیاوازی. ئەم حیزبە تەنیا بۆ خۆی دانەمەزرا، بۆ ئەوە نەهاتە مەیدان سەرکردە و ئەندامەکانی دەوڵەمەند بکات، موڵکی تەنیا شارێک یان عشیرەتێک یان بنەماڵەیەک نەبوو و نابێت، بەڵکوو خزمەتکاری هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستانە. ئەم حیزبە لەپێناو ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەنووس وعەدالەتی کۆمەڵایەتی درووست بوو.
بۆیە ئێستا پێویستمان بە هەڵسەنگاندنە؛ کام لەو ئامانجە سەرەکییانە هاتوونەتەدی تا ئێمە بچینە سەر ئامانجیتر و کاری بۆ بکەین؟ ئەگەر ڕێژەیەک دیاری بکەین بۆ هەریەک لەو ئامانجانە، ھەر یەکەیان چەندیان دەدەینێ؟ تا چەند ڕازین لەو ئازادیەی لە کوردستان هەیە؟ تا چەند پێمانوایە کوردستان بەرەو دیموکراسی ڕۆیشتووە؟ چەندمان ماوە تاوەکوو بڵێین ئێمە حیزبێکی دیموکراسین لەناو هەرێمێکی دیموکراسی و وڵاتێکی دیموکراسیداین؟ پێوەرەکان چین کە بەراوردیان دەکەین بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی دیموکراسی ، چ لە ناو حیزب و چ لە ناو حکومەت؟ تا چەند پارێزەری مافی مرۆڤ بووین؟
پێموانییە تەنیا لەبەر ئەوەی کۆنگرەمان گرێدا و هەڵبژاردن دەکەین بووبین بە دیموکراتی، یان باوەڕمان بە دیموکراسی هەبێت، چونکە زۆرجار هێزە نادیموکراتییەکانیش هەڵبژاردن دەکەن و کۆنگرەش دەبەستن.
کەواتە یەکێتی بوون، بۆ من باوەڕهێنان و کارکردنیشە بەو ئامانج و پرەنسیپانەی کە لەپێناویدا درووست بووە، نەک تەنیا قسە کردن، یان بۆڵەبۆلکردن و تانەلێدان. یەکێتی بوون کارکردنە لەپێناوی ئەو بەهاو باوەڕانە و گونجاندنی ژیانی خۆمانە لەو چوارچێوەیەدا. ناکرێت بڵێیت دیموکراسی و ئازادیم دەوێت بۆ وڵات، بەس لە ناو ماڵی خۆت، یان لە ناو حیزب، یان لە شوێنی کار و دەوامەکەت ستەمکار و دیکتاتۆر بیت.
یەکێتی بوون، بۆ من هونەری بەڕێوەبردنیشە. ڕاستە یەکێتی لەپێناو ئازادی بۆ ئێراق و و دیموکراسی بۆ کوردستان درووست بووە. بەڵام لە ساڵی 1992 بەدواوە لە لووتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بووە تا ئێستا. کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕێ لە یەکێتی دەکەن ژیان و گوزەرانیان بۆ چاک بکەین، نەک وەک ئەوان گلەیی و ڕەخنە بگرین. ئۆرگانەکانی حیزب، کادرەکانی حیزب، نێردەکانی حیزب بۆ ناو حکومەت، بەربژێرەکانی حیزب بۆ پەڕڵەمان، دەبێت بە شێوەیەکی کرداری، ڕۆژانە ، بە ڕۆحیەتی دەوڵەتداری و بەرپرسیارێتی کار بکەن ، نەک تەنیا درووشمبازی.
دەبێت بەشی خۆمان ئەرکی ڕاستکردنەوەی باری لاری سیاسەتکردن و حوکمڕانی لە کوردستان و ئێراق لەسەرشان ھەڵبگرین، ئەمەش بە درێژکردنی پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتری و شکاندنی یەکتری لە ڕێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیا یان دژایەتی ناو ئۆرگانەکانی حیزب نایەتە دی، بەڵکوو بەوە دێتەدی یەکێتی هەست بەو بەرپرسیاریەتییە بکات کە حەز بکەین یان نا تازە لەسەر شانمانە و بەشێکی کاریگەربین لەبەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان. ئەم ئامانجەش بەوە دێتەدی کاریگەرییمان هەبێت لەسەر ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەمان بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئاشتیخواز و خاوەن ڕاوبۆچوونی خۆی کە تەندرووست و کاریگەر بێت.
یەکێتی هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووە کە دەبێت، یان دەتوانێت بە تاقی تەنھا ئەم هەموو بەرپرسیاریەتییە بگرێتە ئەستۆی خۆی. بۆ سەرکەوتن لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی و پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر یەکێتی لە ڕابردوو لە ئێستا و ئاییندەش پێویستی بە هەماهەنگی و هەندێکجار هاوپەیمانێتی هەبووە و دەبێت، چ هی نێوخۆیی و چ هی نێودەوڵەتیش. ئەمەش ئەوەمان لێ دەخوازێت ژیرانە و وەک مام گوتەنی؛ ئاگایەکمان لە پانایی بێت، پشت بەستوو بە هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە لەبارەی هێزی خۆت و یار و نەیارەکان بڕیاری درووست بدەین.
هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین ژاوەژاوی سۆشیال میدیا زاڵ ببێت بەسەر ئارامی لە بیرکردنەوەمان و لە لۆژیکی بڕیارەکانمان. تەلارێک بە چەندین مانگ، هەندێکجار چەندین ساڵ درووست دەکرێت، بەڵام بە ڕۆژێک دەڕوخێنرێت. یەکێتی 46 ساڵە پەیوەندی سیاسی خۆی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی بە هێز دەکات، ئێستا چۆن دەتوانین کاربکەین بۆ زیاتر بەهێزکردنیان؟ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ #بزووتنەوەی گۆڕان# و لێکتێگەشتنمان لەگەڵ ھەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی تر هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێویست بوو لەم میانەدا پێویستمان بەزیادکردنی ئەم جۆرە هەنگاوانە هەیە. لەمەش گرنگتر بۆ گەیشتنمان بە کەناری ئارامی، دەبێت زیاتر کاربکەین بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و میدیایی لە کوردستان.
ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی یەکێتیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبن، بەڵام پێویست دەکات گرنگییەکی زیاتر بدەین بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکانی بەشەکانی تری ئێراقیش. لە ساڵانی ڕابردوو وەبەرهێنانێکی زۆر کرابوو لەو پەیوەندییانە کە ئەگەر بە بەردەوامی پەرەیان پێ نەدرێن، ئەوا کاڵ و سارد دەبنەوە و هەوڵەکان بەفیڕۆ دەچن.
سەرەنجام هەڤاڵان، با هەمیشە ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە یەکێتی بوون ئیمتیاز نییە، ئەرک و بەرپرسیاریەتییە. ئەرک و بەرپرسیارێتیش پێویستی بە هەنگاوی کردەییە، نەک تەنیا تیۆر و پەیامی میدیایی.
بەداخەوە حەزم دەکرد ئەم یادە لە کوردستان بکەمەوە، بەڵام کاتێک ئەمە دەنووسم بە ئەرکی خۆم هەستاووم و لە بەغدام بۆ بەردەوام بوونی گفتوگۆکانمان و مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
دروود بۆ گیانی پاکی مام و شەھیدانی گەلەکەمان.
پیرۆز بێت یادی دامەزراندی یەکێتیمان.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن. [1]