ناونیشانی بابەت: پلانی پێش دووگیان بوون و بەکارهێنانی ترشی فۆلیکی (Folic Acid)
ئامادەکردن و نووسین: د. #هودا ئەحمەد ڕەشید#
=KTML_Bold=ترشی فۆلیکی چییە؟=KTML_End=
ترشی فۆلیکی کە لەناو خانماندا بە (حەبی فۆلیک ئەسید) ناسراوە، یەکێکە لە ڤیتامینەکانی گرووپی بی ناسراو بە بی نۆیەم، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دابەشبوونی خێرای خانەکانی کۆرپەلە بە شێوەیەکی تەندرووست لە سەرەتاکانی دووگیانیدا، بەمەش مەترسی شێواوییەکانی دڕکەپەتک و مێشک و لێو و مەڵاشووی کۆرپەلە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
زیاد لەوەش ترشی فۆلیکی بە مادەیەکی وزەبەخش دادەنرێت لە کاتی هەستکردن بەلاوازی و لەش داهێزرانی خانمی دووگیان و بەشدارە لە درووستکردنی خانەکانی خوێن و بە پێی چەند سەرچاوەیەکی زانستی ڕێگری دەکات لە ئەگەری منداڵبوونی پێشوەختەو لەبارچوون و گەشەی لاوازی کۆرپەلە.
=KTML_Bold=چ کاتێک گونجاوە بۆ دەستپێکردنی ترشی فۆلیکی؟=KTML_End=
بۆ ڕێگریکردن لە مەترسی شێواوییە ئاماژەپێکراوەکانی کۆرپەلە باشتر وایە کە خانمی دووگیان سێ مانگ پێش وادەی دووگیانبوون دەست بە وەرگرتنی ماددەکە بکات و بەردەوام بێت تا کۆتایی سێ مانگی یەکەمی دووگیانی.
=KTML_Bold=ئایا بەکارهێنانی بەردەوامی ترشی فۆلیکی لەکاتی دووگیانیدا و پاش سێ مانگی یەکەمی دووگیانی هیچ زیانێکی هەیە؟=KTML_End=
نەخێر هیچ زیانێکی نییەو بە پێچەوانەوە سوودی دەبێت و وزەبەخشە بۆ دایکەکە و بەشدارە لە درووستکردنی خوێن و گەشەی منداڵ و درووستبوونی شیر لە دوای لەدایکبوون.
=KTML_Bold=بڕی پێویستی پێشنیارکراوی ڕۆژانە چەندە؟=KTML_End=
بە پشت بەستن بە داتاکانی کۆلێجی شاهانەی بەریتانی بڕی پێشنیارکراو دابەش دەکرێت بەسەر دووکۆمەڵەدا:
- ئەو خانمانەی کە لە مەترسی کەمدان بڕی 400 مایکرۆگرامییان (1ملگرام دەکاتە1000 مایکرۆگرام) بۆ هەر ڕۆژیک پێویستە.
- ئەو خانمانەی کە لەمەترسییەکی زیاتری شێواییە ئاماژەپێکراوەکانن پێویستییان بە بڕێکی زیاتر هەیە کە دەکاتە 5 میلیگرام و ئەم خانمانەی لای خوارەوە دەگرێتەوە:
1. تەمەنی سەروو 35 ساڵ.
2. خانمێک کە پێشینەی شێواوییە ئاماژەپێکراوەکانی کۆرپەلەی هەبووبێت.
3. قەڵەوی.
4. بوونی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک و دوو لە خانماندا
5. وەرگرتنی ئەو چارەسەرە دەرمانییانەی کە کاریگەریی خەستی ترشی فۆلیکی لە جەستەدا کەم دەکەنەوە ، بۆ نموونە دەرمانی گەشکەو دەرمانە کیمیاییەکان وهتد…
=KTML_Bold=بەدەر لە شێوازی دەرمانی ئەو خۆراکانە چین کە دەوڵەمەندن بە ترشی فۆلیکی؟=KTML_End=
- پاقلەمەنییەکانی وەکوو نیسک و فاسۆلیاو نۆک.
- دانەوێڵەکانی وەکوو بستەو بایەم و گوڵەبەڕۆژە.
- سەوزەکانی وەکوو سڵق و سپێناخ.
- میوەو ئاوی میوەی سرووشتی. [1]