#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
تەماشاکانم پڕپڕن لە دواڕۆژ و
لە ڕۆزانا و لە مانگەشەو!
هەوا سەوزە. ئەو شاخانە بەرزتر و
ئاوێنەی شیعر جوانتر و بێگەردتر و لەشی منیش
بووە بە دەشتی ئاواز و هاژەی بەستە!
شنەبایەک هاوڕێمە و سەرنجەکانم پەروانە و
ئەچمە دەرێ. ئەم کۆڵانە کۆڵانەکەی ئەوسا نییە و
کۆڵانێکە بۆ پیاسەکانی شمشاڵ و
بۆ ماچەکانی قەڵەم و
بۆ جێژوانی قەسیدە!
نازانم بۆ؟!
بەڵام ئەو وەختەی کە شیعرێ
بۆ یەکەم جار باوەش ئەکات
بە ئاوازێکی تازەدا و
گۆنەی تەڕی هەڵئەمژێ
من ڕۆزانام دێتەوە بیر؟!
نازانم بۆ؟!
بەڵام ئەو وەختەی فڕینی
جووتە مەلێ
بۆ یەکەم جار لە ئاسۆیەکی تازەدا
مل هەڵئەسوون لە داوێنی پەڵەهەورێ
من خۆم و ڕۆزانا و عەشقی
هەردووکمانم دێتەوە بیر؟!
من نازانم؟!
لە شەوی یانزەهەمیشدا خەوم لێنەکەوت، تا ئەم
پەخشانە، بۆ خۆشەویستیی ڕۆزانا، لە باوەشما
نەڕسکاو
باوەشی پیا نەکردم!
تۆ ئەزانی خۆشەویستیت، لەم مەملەکەتی پەرچووەدا
بە دەستە ئەفسووناویەکانی، جێگۆڕکێ بە کات و
شوێنم ئەکات و لەناو یەکتریدا ئەیانتوێنێتەوە و
سەرلەنوێ جەستەی من تێک ئەداتەوە و ئینجا ئەیخوڵقێنێتەوە.
ساڵم ئەباتەوە دواوە و گەڵای وەریوم هەڵئەگرێتەوە و
ئەیباتەوە سەرچڵ و سەرلەنوێ ئەویش سەوز
ئەبێتەوە و نەرم نەرم جارێکی دی ئەشنێتەوە.
تۆ ئەزانی لەم فڕینە تازەیەدا، ئەوەندە
بەرزەفڕم،
ئەوەندە بەرزبوومەتەوە، خەریکم دەنووک بدەم
لە شووشەی پرشنگی ژوورەکەی خودا!
تۆ ئەزانی لەم زمانی خۆشەویستیەدا.
لەم فەرهەنگە زیوینەدا. نە وشەی ڕقی تیایەو
نە ئاوابوون و نە ماندووبوون و نە
وەرین و نە کوژانەوە و نە پیربوون.
تۆ ئەزانی خۆشەویستیت... ئەڵێی تەوژمی بە
لرفەلرف و
کەف چڕێنی ڕووباری نوورێکە کە لە دڵی خواوە، لە
چاوەکانی
خواوە، سەرچاوە ئەگرێ و لەو گەلیی نەهێنی و
وزەی غەیبانەوە دێت و بە دەم هاژەهاژێکی
بەزایەڵەوە
سەربەرەو خوار ئەبیتەوەو ئینجا بە لووزەو
ئەڕژێتە ناو
دڵ و چاوی منەوەو منیش ئەوسا چیم بوێ ئەبم
بەوە؟!
درەخت، باڵندە، پرشنگ، باران، کلووی
بەفر یان دەنکە تەرزە؟! چۆنم بوێ ئەبم بەوە. بە
پەپوولە، پەلکە گیا، شەونم، گەڵا، یان بە گۆرانی و بە
مۆسیقا و بە قەسیدە؟! چۆنم بوێ ئەبم بەوە؟! ئەو بەیانییە
بووبووم
بە هەنگەزەردەیەکی شپرزە و، بەنێو شەبەنگەکانی
هەتاو و سێبەر و سنگ و بەرۆکی
تەلان و باخەکاندا، ئەگەڕام بۆ ئەوەی خۆشترین
بۆن کۆکەمەوە و
لە دواییدا بیانکەمە ناو شووشەی ڕەنگینی
شیعرێکەوەو شیعرەکەیش
بدەم بەو کچە! ئەو ئێوارەیەیش بووبووم بە
نەورەس زەنگۆڵ
زەنگۆڵ ئاوی زیوینم لێ ئەچۆڕایەوە و باڵەکانم
زەردەی بە ورشە و
پرشەی ئێوارانیان تێدا ئەدرەوشایەوە و دەنگیشم
ئەو ژێی وردە شەپۆلانەی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو بۆ ئاسمان
کە پێڵووی عاشقان
ئاوازژەنی بوون!
تۆ ئەزانی خۆشەویستیت! بوونێکی نوێ و مانایەکی
نوێ و ڕەنگێکی نوێی بە خۆم و هەموو شتەکان بەخشیوە! نە
ڕۆژەکان.
ڕۆژە، مڕو مۆچەکانی دوێنێن و نە شەوانیش شەوە
نائومێد و
کۆماوە و دەست لەسەر ئەژنۆکانی دوێنێن! من ئیستە
(زمان)
لە دەفتەرما تەیرێکی ماڵییە و هەنگاوەکانم
چۆنیان بوێ ڕێ و
بان و شەقام بەو جۆرە لەگەڵ خۆیاندا ئەبەن و
چاوەکانم چۆنیان
بوێ بەو جۆرە ڕەنگەکان ڕام ئەکەن و دەستەکانیشم
چۆنیان بوێ
هەر بەو جۆرە تیشکەکانی ئایندە ئەگرن! تۆ
ئەزانی خۆشەویستیت!
پەنجەرەیەکە لە پەنجەرەکانی تەماشای خوا و
بەسەر دارستانی شیعری مندا ئەڕوانێ!
تۆ ئەزانی ئەم پەخشانەم بەچی و چۆن نووسیوە؟
بە قەڵەمی تیرێژێکی سەری یەزدان. با خەیاڵم
بووە و
ساماڵ کاغەز و، ئەستێرە شووشە مەرەکەبم و،
پەڵەهەورێ مێزەکەم و، گویگریشم دڵۆپەکانی باران!
تۆ ئەزانی؟!
#شێرکۆ بێکەس# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=