بەرز و نەوی
ئەوینم خۆش دەوێ چونکی بەهۆی تۆ هاتە ئامێزم
وەکوو تاقانە کۆرپەی خۆشەویست باشی دەپارێزم
ئەوە ڕۆژ و شەوی تەنیایی هاواڵی دڵی زارم
بە یادی تۆ، ئەوە مایەی ژیان و تینم و هێزم
هەموو گۆشت و ڕەگ و پێستم ئەوین شێلای بە مل یەکدا
هەویری خۆتم و بمشێلە شل شل، گەرچی بێ پێزم
خەیاڵی خاوە گەر من زولفی شێت و پێتی تۆ بێنم
بڵێم ڕامی دەکەم بۆ گەردنم، نایێتە پارێزم
«ئیمامی» خۆ لە ڕیزی دڵبەران باڵای بە باڵا گرت
بەڵام بەرز و نەوی کەوتووین و هەرگیز نایەتە ڕێزم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]