ڕێبەری سیادەت
بڕوانە کاروباری خوداوەندی ئینس و جان
قودرەتنوێنی بەرز و نەوی، عەرز و ئاسمان
چی کرد قەزا کە ئێمە سەراسیمە بووین هەموو
بۆ ئەم دڵە پەرۆشە هەموو بووینە شەمعدان
باکەی خەزان درەخت و گوڵی داڕنی هەموو
سەد باغەوان بە پووڵێ، نەما شۆقی گوڵستان
دار و چنار و عەڕعەڕ و کاجیش کز و کوڵۆڵ
سەرویش وەلەرزە کەوت و لە خاکی چەمەن چەمان
یانی خەزانی هەردوو گوڵ و دڵ دەگەڵ یەکە
بۆتە ڕەقیبی بولبول و کەوتوونە سەر فوغان
ئاﮪ و فوغان و ناڵەیە، هاوارە، نەوحەیە
شینە، گرینە، سۆز و گودازە لە چیمەنان
ئەو زیبی گوڵستانی ئیرەم بۆچی ڕۆیوە؟
ئەو ڕێبەری سەیادەتە بۆچی بووە نیهان؟
مزگەوت و حەوش و مەدرەسە چۆڵ بوو، نەما کەسی
بێ شەوق و زەوق و زەمزەمەیە ئێستە حوجرەکان
دەوری فەقێ بە ناڵەیە، دەرسی بە شیوەنە
ئەمڕۆ مەلاش بە لارەملی بۆی دەکا بەیان
«کامیل» فیراقی مامتە تۆی کردە کۆی زوخاڵ!
«الله معک» وەدووی کەوە، بمرە بە ئێش و ژان
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]