=KTML_Bold=دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
ئەمەریکا لە #04-07-1776# سەربەخۆیی ڕاگەیاند و حوکمی شانشینی بەریتانیای ڕەتکردەوە، لە ماوەی تەمەنی 244 ساڵدا، 45 سەرۆکی هەڵبژاردووە، 19 سەرۆک لە پارتی کۆمارییەکان بوون، 15 سەرۆکیش لە دیموکراتەکان، 11 سەرۆکیش بێلایەن.
دەستووری ئەمەریکا لە ماددەی دووەم (بەندی یەکەم) ئاماژە بە ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات بۆ ماوەی چوار ساڵ، هەروەها سێ مەرج دەستنیشان دەکات بۆ هەر کەسێک کە خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا، ئەوانیش بریتین لە:
1-لەدایک بووی ئەمەریکا بێت.
2-تەمەنی لە 35 کەمتر نەبێت.
3-چواردە ساڵ لە ئەمریکا ژیا بێت.
دوای پەسەندکردنی دەستووری ئەمەریکا لە ساڵی (1789) جۆرج واشنتن وەک یەکەم سەرۆکی بێلایەن هەڵبژێردرا (ئەو کاتە هێشتا پارتی دیموکرات و کۆماریەکان دانەمەزرا بوون).
هەر بە گوێرەی ئەم دەستوورەش بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی #03-11-2020# هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا و (435) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەروەها (1 لەسەر 3ی) ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران هەڵبژێردرێن.
ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا لە بەردەم کۆمەڵێک دەرفەت و هەڕەشەدایە بۆ بە دەستهێنانەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، لەم وتارەدا بە کوورتی تیشک دەخەینە سەر دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم ترەمپ.
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End=
A-=KTML_Bold=دەرفەتەکانی بەردەم ترەمپ لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمەریکادا:=KTML_End=
1-لاوازی (جۆزیف بایدن -جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا -باراک ئۆباما 2008 -2016) کە بەربژێری دیموکراتەکانە و ڕکابەری ترەمپە لە ململانێی بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی.
2-یەکگرتوویی پارتی کۆمارییەکان و پەرتەوازەیی دیموکراتەکان، ئەویش بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوەی لایەنگرانی (بێرنی ساندەرز) هەر ئەوانیش هۆکارێک بوون بۆ بردنەوەی ترەمپ لە خولی یەکەم، لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا هەندێک ئاماژە هەن وای بۆ دەچن کە بەشێکی زۆری لایەنگرانی (بێرنی ساندەرز) دەنگ نادەن بە جۆ بایدن بەڵکوو دەنگ دەدەن بە دۆناڵد ترەمپ.
3-شکستهێنانی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران لە پرسی لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ، کە لە بەرژەوەندی ترەمپ شکایەوە، چونکە دیموکراتەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن بۆ بانگهێشتکردنی گەواهیدەرەکان و لێسەندنەوەی متمانە لە ترەمپ، کۆی گشتی پڕۆسەکەش بە شکستێکی گەورە بۆ دیموکراتەکان و سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ترەمپ هەژمارکرا.
4-دۆخی ئابووری ئەمەریکا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ و پێش هاتنی پەتای کۆڕۆنا (Covid 19) بووژانەوەیەکی بێ وێنەی بە خۆوە بینی بوو، کە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا ڕەوشی ئابووری ئاوەها گەشاوەی بە خۆیەوە نەبینی بوو، بە جۆرێک ڕێژەی بێکاری کەمبوبووەوە بۆ 3% هەروەها ترەمپ بە کەمکردنەوەی باج توانیبووی چەندان کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمەریکا لە دەرەوە بهێنێتەوە ناو ئەمەریکا لەم چوارچێوەیەشدا توانیبووی زیاتر لە پێنج ملیۆن هەلی کاری بۆ ئەمریکییەکان بڕەخسێنێت.
5-ئەگەرچی زۆربەی میدیا زەبەلاحەکانی ئەمەریکا وەک (CNN و واشنتن پۆست و نیورک تایمز....هتد) دژی ترەمپ کار دەکەن، بەڵام تڕمپ زۆر لێزانانە توانیویەتی ئەم دژایەتییەی میدیا زەبەلاحەکانی ئەمەریکا بۆ بەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە.
=KTML_Bold=B-دەرفەتەکانی بەردەم ترەمپ لەسەر ئاستی دەرەوەی ئەمەریکا:=KTML_End=
1-لە سایەی سەرۆکایەتی ترەمپدا پێگە و ڕۆڵی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهان بەهێزتر بووە و پێگە و ڕۆڵی نەیار و دوژمنانی ئەمەریکاش لاوازتر بووە، واتە ترەمپ توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش هەیبەت بۆ ئەمەریکا بگێڕێتەوە و درووشمی سەرەکی (خولی یەکەمی) هەڵبژاردنەکانی جێبەجێ بکات کە دەیوت:
(Make America Great Again یان America First)
بۆ نموونە: ترەمپ توانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵوەشێنێتەوە و سزای ئابووری بخاتەوە سەر (ئێران) و لاواز و گۆشەگیری بکات، هەروەها ترەمپ توانی دوژمنە سەرسەختەکانی ئەمەریکا بکوژێت وەک (ئەبوبەکر بەغدای لە سووریا و قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس لە ئێراق و قاسم ئەلریمی لە یەمەن).
لە ئێستادا ئەمەریکا زیاتر لە 160 هەزار سەربازی لە 150 وڵاتدا بەسەر 865 بنکەدا دابەشکردووە، کە لە 80 وڵاتدا دژایەتی تیرۆر دەکەن.
2-ناچارکردنی ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ پابەندبوون بە پێدانی ئابوونەی ساڵانە کە بریتییە لە 2%ی کۆی داهاتی وڵاتەکانیان.
3-دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵێک ڕێککەوتنی بازرگانی بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی ئەمەریکادا بێت وەک ڕێکەوتنە بازرگانییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەریەک لە چین و کەنەدا و مەکسیک و... هتد.
4-پشتگیریکردنی ترەمپ لە (بۆریس جۆنسن) بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکییەتی ئەوروپا کە بە برێگزێت (Brexit) ناسراوە، ترەمپ هەر لە سەرەتاوە هانی بەریتانییەکانیدا کە بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دەنگ بدەن.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End=
=KTML_Bold=A-هەڕەشەکانی بەردەم ترەمپ لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمەریکا:=KTML_End=
1-بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا:
ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاریگەرییەکی تەواوی کردووەتە سەر هەموو سێکتەر و کایەکانی ژیانی هاووڵاتییانی ئەمەریکا، لەنێویشیاندا سێکتەر و کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و تەندرووستی و پەروەردەیی و گواستنەوە و تەکنەلۆژیا و....هتد، بە جۆرێک کە زۆربەی بابەتەکانی تر پەراوێز خراون و فۆکەسی هەموو چاوەکان خراوەتە سەر چۆنییەتی خۆپارێزی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کاریگەرییەکە بە جۆرێکە کە دەکرێت زەمەن دابەش بکرێت بەسەر زەمەنی پێش کۆڕۆنا و زەمەنی دوای کۆرۆنا هەروەها ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە پەتای کۆڕۆنا بە کاریگەرترین پەتای سەدەی 21 بناسێنرێت.
هاتنی ئەم پەتایە لە کاتێکدا بوو کە خەڵکی ئەمەریکا سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ (هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی)، کەچی ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆی گەیاندە هەر 50 ویلایەتەکە و ڕێڕەوی گرنگی پێدانی خەڵک و حکومەتی ئەمەریکای گۆڕی لە گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکانەوە بۆ گرنگیدان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
کاریگەریی نێگەتیڤی کۆڕۆنا بەسەر ئابووری ئەمەریکا بە جۆرێکە کە خەریکە سێکتەری ئابووری ئەمەریکا ئیفلیج دەکات چونکە ێژەی بێکاری لە ئەمەریکادا بەرزکردووەتەوە بۆ 2 واتە لە ئێستادا زیاتر لە 60 ملیۆن هاووڵاتی ئەمەریکی بێکار بوونە، ئەمەش قەیرانێکی ئابووری درووستکردووە کە لە مێژووی ئەمەریکادا بە سەختترین قەیران هەژمار دەکرێت، چونکە ئەم قەیرانە زۆر سەختترە لە قەیرانە ئابووریەکانی ساڵانی 1910 و 1930 و 1970 و 2008 و چاوەڕواندەکرێت لێکەوتەکانی تاکوو ساڵی 2022 بەردەوام بن.
لە ئێستادا (دۆناڵد ترەمپ) لەژێر تاقیکردنەوەیەکی قوورسی ڤایرۆسی کۆڕۆنادایە، ئەگەر ترەمپ توانی بەسەر کۆڕۆنادا سەربکەوێت، ئەوا دەتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی نۆڤەمبەریشدا سەربکەوێت، واتە سەرکەوتنی ترەمپ بەسەر کۆڕۆنادا یەکسانە بە سەرکەوتنی ترەمپ بەسەر جۆ بایدن، چونکە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ڕێگا لەم ڤایرۆسە نەگیرێت ئەوا مەترسی هەیە 160 تاکوو 201 ملیۆن هاووڵاتی ئەمەریکی تووشی کۆڕۆنا بن واتە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئەمەریکا، بۆیە سەرکەوتنی ترەمپ بەسەر کۆڕۆنادا واتە دەستەبەرکردنی خولی دووەمی کورسی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
2-سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی فراوان دژ بە جیاکاری ڕەگەزی و ڕەیسیزم، لە ئێستادا ئەم خۆپیشاندانانە زۆر ویلایەتی ئەمەریکای گرتووەتەوە، بە واشنتنی پایتەختیشەوە، ئەمەش دوای کوژرانی ھاووڵاتییەکی ڕەشپێستی ئەمریکی بە ناوی (جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ) لە شاری مینیاپۆلسی ویلایەتی مینیسۆتا کە بەهۆی مامەڵەی نامرۆڤانەی پۆلیسی ئەمەریکا گیانی لەدەست دا.
ئەگەر ترەمپ نەتوانێت ئەم خۆپیشاندانانە هێور بکاتەوە و کۆنتڕۆڵیان بکات، ئەوا دەبنە مەترسی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمەریکا.
=KTML_Bold=B-هەڕەشەکانی بەردەم ترەمپ لەسەر ئاستی دەرەوی ئەمەریکا:=KTML_End=
1-قووڵبوونەوەی کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی نەیاری وەک (چین، ئێران، ڕووسیا، کۆریای باکوور، ڤەنزویلا).
2-ناتەبایی لەگەڵ وڵاتانی یار و هاوپەیمانی وەک (یەکییەتی ئەوروپا).
3-پشتگوێخستنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و هاتنە دەرەوە لە ڕێکەوتننامە جیهانییەکان و بڕینی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ هەندێک ڕێکخراوەی وەک ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی (WHO) و هاتنەدەرەوە لە ڕێکەوتنی پاریس بۆ ژینگە....هتد، ئەم هەنگاوانە هۆکاری هەڕەشەن بۆ سەر ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکاتەتیدا، چونکە سەرهەڵدانی ململانێی بەرادەوام و کردنەوەی ئەم هەموو بەرەیە لە بەرانبەر وڵاتانی یار و نەیار لەیەک کاتدا، هەڕەشە درووست دەکەن لەسەر داهاتووی هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەم.
لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێ کە دۆناڵد ترەمپی بزنسمان، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا بەبێ هەبوونی پاشخان و باکگراوندێکی سیاسی توانی بە شێوازێکی (تازە و ناوازە) لە ڕێگای بەکارهێنانی (تویتەر) سیاسەتێکی ڕوون و ڕاشکاو پەیڕەو بکات لە پێناو بەهێزکردنەوەی پێگەی ئەمەریکا، لە کاتێکدا کە هەندێک بۆچوون پێیان وابوو لە سەردەمی (باراک ئۆباما) پێگەی ئەمەریکا لاواز بوو، هەروەها ترەمپ توانی زۆربەی بەڵێنەکانی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 جێبەجێ بکات، بۆیە پێم وایە وێڕای بوونی هەڕەشەکان، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ (ترەمپ) دەرفەتی دەبێت دووبارە کورسی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەدەست بهێنێتەوە. [1]