هاورێیانی ئازیز
پاش سڵاوی هاورێیانەم بۆ خۆتان و کۆنگرەکەتان
خۆزگە دەرفەتێک دەبوو بهاتمایە نێو کۆنگرەکەتان و هێندێ قسەم لەسەر وەزعی بزوتنەوەی چەپ و بەتایبەتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەم وڵاتەدا بکردایە وەک مرۆڤێک کەهەموو ژیان و گەنجێتی خۆی بۆ خزمەتی ئەم پرسە تەرخان کردووە. بالوێزی بەریتانی بانگدەکرێت بۆ کۆنگرەی حشع وەکویەکێک لەمیوانەکان، بەڵام پیاوی وەک من قەت بانگ ناکرێت چونکە قسەکانم بە ئارەزووی کاربەدەستەکان نیە.
کۆبونەوەکەتانم بەهەلزانی کەئەم نامە ئەلکترۆنیەتان ئاراستە بکەم
هەمووان دەزانن کە لەحەفتاکانی سەدەی پێشوودا حشع تووشی چ کارەساتێکی گەورە بوو، چەندین کادیری باشی لە ژیر ئەشکەنجەی ڕژیمی سەدامدا یان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان شەهید کران، لەساڵانی ئەو بەرەکلکایەتیەدا کە هاورێ عەزیز محەمەد سەپاندی بەسەر حشعدا گوایە سەدام دەبێتە کاسترۆی عێراق و ئەم وڵاتە بەرەو سۆشیالیزم دەبات ! سەدامیش بۆیەک مەبەست بەرەی لەگەڵ حشع بەستبوو – بۆ لەناوبردنی حشع !.
هەموان دەزانن کە لەتێشکانی بزوتنەوەی چەکداری کوردا، پاش ڕێکەوتنامەی 1975ی جەزائیر، لیژنەی حشع لەهەرێمی کوردستان. بە شیکردنەوەی سیاسی وەزعی نوێ گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە سەدام، پاش تێشکانی بزاڤی چەکداری کورد، هێرشدەکاتە سەر حشع وە پێویستە حشعیش خۆئامادەکات و بەرگری لەمافی ڕەوای میلەتی کورد بکات بە هێزێکی چەکدار. لەبەر ئەوە پێویستە ئەو چەکانەی لای حیزبە بیپارێزرێت و مەکتەبی سیاسی پارە بۆ هەرێم بنێرێ چەکی دیکەشی بکرێت. کەئەو کۆنوسەش گەیشتە بەغداد مەکتەبی سیاسی ڕەفزی کردوو بریاریدا یەکێک بنێرێت بۆ (غسل دەماغی) ئەندامانی لیژنەی هەرێم. هەموو کەسیش دەزانێت سکرتێر و مەکتەبی سیاسی هەڵەبوون بەیەک وشەش هاورێ عەزیز ڕەخنەی لە خۆی نەگرت.
هەمووان دەزانن کە حشع برینە سەختەکانی خۆی سارێژ نەکردبوو لە 1983 دا کاتێ کەهەر هاورێ عەزیز سکرتێربوو، کە هاورێ کەریم ئەحمەد جێگری سکرتێر بوو لە کوردستان و ئەو هێزە چەکدارەی کەبەخەبات و قوربانی زۆر ڕێخراوی هەرێم لەماوەی چوارساڵدا توانیبویان دروستی بکەن، ڕاکێشرایە نێو شەڕی نەگریسی براکوژی نێوان پارتی و یەکێتی، شەرێ کەنەبەرژەوەندی گەلی تێدابوو نەبەرژەوەندی ئەو دووحیزبە کوردیەش، بەلکو تەنها بەرژەوەندی سەدامی فاشستی تێدابوو. ئەنجامەکەشی بۆ ئێمە کارەسات و تێشکانێکی تازەی گەورە بوو لەماوەی سکرتێری هاورێ عەزیزدا. جارێکی تریش حشع گەرایەوە سەر سفر. تائەم چرکەیەش شوعیەکانی کوردستان و هەموو عێراق باجی ئەو هەڵە گەورانەی سکرتێر و سەرکردایەتی دەدەن و ئەوانەش کەئەو هەڵانەیان کرد وەک و بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و تائیستەش کۆسپێکی گەورەن لە ڕێگەی بوژاندنەوەی حیزب و چەپایەتیدا.
هاورێیانی ئازیز لاوە بەشدارەکانی کۆنگرە ئێوە بەتەمای چین لەو هاورێ سواوانە کەحیزبیان توشی ئەو هەموو دەردو هەڵەکوشندەیە کردو تا ئیستەش سورن لەسەر ئەوە کە خۆیان یان ئەوانەی پەروەردەیان کردوون دەبێ حیزب بەرێوە ببەن و هێڵی سیاسی بۆ بکێشن ؟ با هاورێ عزیز بڵی : پاش 40 سال لە بەرەکلکایەتیەکەی لەگەڵ سەدام دانی بەوەدا نا کە ئەو بەرەیە هەڵەبووە و خەتای ئەویش بووە، کە گوێی لەو کەسانە نەگرت نارازی بوون و هەرئەوکاتە وتیان هەڵەیە، زۆر داوایان کرد لە کاتیخۆیدا بە شێوەیەکی ئوسوڵی هەڵبسەنگیندرێ و لێپرسینەوەی لەسەر بکرێت ؟
ئەمرۆ بۆ بووژاندنەوەی حشکع بۆتە ئەرکێکی ئالۆز و سەخت بەهۆی ئەو هەڵە کوشندانەی پێشوەوە. مەرجی یەکەم بۆ بوژاندنەوە ئەوەیە کەسەرجەم ئەو هاورێ کۆنە بەرپرسانە لە هەڵەکان و ئەوانەش بەشێوەی خۆیان پەروەردەیان کردوون برۆنەوە ماڵی خۆیان و وازلە گەنجەکان بێنن. دەبێت خوێنی تازە بکرێتە حیزب. دەبێ لاوەکان پشت بە خۆیان ببەستن و سەربەخۆیی سیاسی خۆیان و حیزبەکەیان بپارێزن. ئەگەر هێندێ کەسی بەکەلکیش لەنێوان کۆنەکاندا هەبێ دەکرێ وەکو ڕاوێژکار کەڵکیان لێببینرێ.
سەرکەوتن بۆ لاوانی کۆمۆنیست و هەموو چەپخوازان
هاورێتان
بەهادین نوری
30-10-2016