وەرزی هەڵگرتنەوەی بەرهەمی #هەنگوین# لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام مێشەوانان لەگەڵ کردنەوەی سەری پورەهەنگەکان دڵخۆش نین، چونکە بەرهەمی ئەمساڵیان کەمە و ناگاتە نیوەی ڕێژەی ساڵی ڕابردوویان.
بەیان محەممەد، مێشەوانە و دەڵێ بەرهەمی ئەمساڵمان کەمە، کەشوهەوا ڕێگری لە هەنگاکان کردووە لەوەی هەنگوینی زۆر بەرهەمبهێنن، بۆیە بەرهەممان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەڕێژەی 60% دابەزیوە.
ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان 450 هەزار پورهەنگ لەلایەن 17 هەزار کەسەوە پەروەردە دەکران، بەڵام ئەمساڵ نزیکەی 21 هەزار هاونیشتمانی سەرقاڵی پەروەردەکردنی زیاتر لە 700 هەزار پورهەنگ بوون، هەرچەندە ئەمساڵ لەڕووی زاوزێوە، مێشهەنگەکان زۆر زیادیان کردووە، بەڵام شانە هەنگوینەکان، بەشی خۆراکی هەنگەکانیش هەنگوینیان تێدا نییە.
بڕیار محەممەد، میشەوانە و دەڵێ ساڵی ڕابردوو هەر سندووقێکی هەنگ، نزیکەی 25 کیلۆ هەنگوینی تێدا بوو، بەڵام ئەمساڵ هیچ سندووقێک 10 کیلۆ هەنگوینی تێدا نییە.
کۆی بەرهەمی ساڵی ڕابردووی هەنگوینی باشووری کوردستان 900 تۆن بوو، ئەمساڵ کەمتر لە 400 تۆنە، پارساڵ هەنگوینی خۆماڵی بە هەردوو جۆری شانە و شیلە، زیاتر لە سێ هەزار تۆنی هەناردەی دەرەوە کراوە، کەچی بۆ ئەمساڵ بەشی پێداویستی ناوخۆش ناکات.
هەردوو ڕووەکی گوێنی و تێسوو خۆراکی سەرەکیی مێشهەنگن، بەڵام ئەمساڵ هەم کەم و هەم گەشەیان نەبووە. عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان دەڵێ لە کۆتایی وەرزی بەهاردا بارانی بەخووڕ هات، هەروەها خۆڵباران و نالەباریی کەشوهەواش ڕێگربوون لەوەی ڕووەک و گوڵەکان شیلەیان هەبێت و، هەنگ بتوانێ کاری زۆر بکات و هەنگوین دروست بکات.
لە بازاڕەکاندا چەند جۆرێک هەنگوین دەفرۆشرێن، بەرهەمی بیانی هەرزانترینیانە و کیلۆی بە شەش هەزار دینارە، لەبارەی هەنگوینی خۆماڵیشەوە یاسین ئەحمەد، فرۆشیاری هەنگوین دەڵێ چوار، پێنج جۆر هەنگوینی خۆماڵیمان هەن، نرخەکانیان لە 30 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، ئەمجۆرە هی سندووقە، لەهەمانکاتدا هی خەڵێف بە 45 هەزار دینارە، هەنگوینیشمان هەیە کە هی شاخە و نرخەکەی دەگاتە 120 هەزار دینار.
ناوچە گەشتیارییەکان بۆ ئەمساڵ بازاڕێکی باشن بۆ خەڵکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کە هەنگوینی شاخیان لێ دەستدەکەوێت، چونکە کەمی بەرهەمی ئەمساڵ بەشی هەناردەکردن ناکات. [1]